هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی ڕۆژەڤەکانی هەڵسەنگاند.
باقرخان لە سەرەتای قسەکانیدا دەنیز پۆیرازی بیرهێنایەوە کە ١٧ ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە بینای ڕێکخستنی دەم پارتی ئەزمیر شەهیدکرا.
گەر شەڕەکە زیاتر پەرەبسێنێت، شکستی جیۆپۆلەتیکی گەورە ڕوودەدەن
باقرخان تیشکی خستەسەر شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ڕایگەیاند ڕەنگە چارەنووسی هەرێمەکە بە تەواوەتی بگۆڕێت، گوتی: "ئەگەر ئەم شەڕە زیاتر تەشەنەبکات، ڕەنگە شکستی جیۆپۆلەتیکی گەورە لە هەرێمەکەدا ڕووبدەن. ڕەنگە ئاوارەبوون و مردنی زیاتر بەراورد بەوەی سوریا ڕووبدات. ڕەنگە هەرێمەکە پەلکێش بکات بەرەو پرۆسەی شەڕ و قەیرانێکی درێژخایەن".
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت و بەدوای ڕێگەیەکدا دەگەڕێت
باقرخان ڕایگەیاند ڕۆژهەڵای ناوەڕاست لەبەردەم بوومەلەرزەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی گەورەدایە، ئەم شەڕە بە سوودی هیچ گەلێکی ناوچەکە ناشکێتەوە، گوتی: "وەک دەم پارتی پێمان وایە، ئەم شەڕە کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە. بانگەواز لە هەمووان دەکەین ڕووبکەنە دیالۆگ، لەدەوری مێزی دانوستان کۆببنەوە... ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوشێوەی سەدەیەک یان چەند ساڵی ڕابردوو نییە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت و بەدوای ڕێگەیەکدا دەگەڕێت. بۆیە دەبێت هەمووان باش تێبگەن، ڕێ و ڕێبازەکان بەگوێرەی ئەم ڕێگەیە بئافرێنن. ئەمە تاکە ئەڵتەرناتیڤە بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
تورکیا چۆن لەم تۆفانە ڕزگاری دەبێت؟
باقرخان ڕایگەیاند لەم دۆزی شەڕ و کایۆسەدا، دەبێت تورکیا زیاتر ڕووبکاتە ئاشتی و چارەسەر، گوتی: "بە وانەوەرگرتن لەم شەڕەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دەبێت ئیرادەی چارەسەر و ئاشتی لە تورکیا بەهێزتر بەرەوپێش بچێت".
باقرخان گوتی: " ڕێ و ڕێبازەکە ئاشکرایە؛ بە چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد، تورکیا دەتوانێت لەم تۆفانە ڕزگاری ببێت. تورکیا بە بنیاتنانی کۆمارێکی دیموکراتیک دەتوانێت لەم تۆفانە ڕزگاری ببێت. ئەو دیدگایەی کە بەڕێز ئۆجالان بۆ کۆنگرەی پەکەکە ناردی، دیدگایەکە دەتوانێت سەلامەتی هەموو گەلانی هەرێمەکە بەدی بهێنێت. بەڕێز ئۆجالان دەربارەی شەڕی ئیسرائیل_فەڵەستین، شەڕی مەزهەبی و شەڕی دەوڵەت_نەتەوەکان گوتبووی، دژەژەهری ئەمانە کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکە. ئەم مۆدێلە دەتوانێت ببێتە چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتییانەی کێشە هەمەلایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەم شێوەیە دەتوانرێت ڕێگە لە ئازار و ڕووخان و ئاوارەیی بگیرێت".
نە ڕژێمی ستەمکاری ئێران، نە هێرشەکانی ئیسرائیل
باقرخان ڕایگەیاند چارەسەر بە ڕژێمێکی دیموکراتیک دەبێت کە گەلان بە یەکسانی دەبینێت، دان بە ناسنامە ئایینی و باوەڕییەکاندا بنێت، ئەمە ڕێگەی سێیەمی ئێرانە، گوتی: "نە ڕژێمێکی ستەمکار، نە هێرشەکانی ئیسرائیل. دەبێت ئیسرائیلیش دەست لە تێکدانی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵبگرێت. ئاسایشی ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر وڵاتانی تر نابێت. ئاسایش بە گومبەتی ئاسنین و مووشەکی سەروودەنگی نابێت. ئاسایش و سەلامەتی بە ئاشتی و ئارامی و دیموکراسی دەبێت".