لە مۆسکۆ 'رۆژی کولتوری کوردی' بەڕێوەچوو

لە ماڵی نەتەوەکانی مۆسکۆ چالاکییەک بە ناوی "رۆژی کولتوری کوردی" سازکرا.

لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا رێکخراوی ژنانی کورد بە ناوی ڤیان لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی "مۆسکۆ ماڵی منە" لە ماڵی نەتەوەکانی مۆسکۆ ئاهەنگێکی بەناوی "رۆژی کولتوری کوردی" سازکرد. لە ئاهەنگەکەدا هەڵپەڕکێ، گۆرانی و دابونەریتی گەلی کورد بە میوانان نیشان درا.

لە مەراسیمەکە سەرۆکی بزوتنەوەی نێونەتەوەیی ژنانی کورد ژولیەت راشۆیانیش لەو ناو ئەو کەسانەدا کە وتەیان پێشکەش کرد.

لە وتارەکاندا باس لە رۆڵی رووسیا لە پاراستنی ناسنامەی ئێتنیکی گەلی کورد کرا و ئەوەش خرایەڕوو کە رووسیا بەردەوام بووەتە بەرگریکاری کولتوری گەلانی بندەست، ئەوەش خرایەڕوو کە سەرۆکی رووسیا ڤلادمیر پوتین زۆر جار پشتیوانی لە گەلی کورد کردووە.

هاوسەرۆکی ئۆتۆنۆمی نەتەوەیی- کولتوری کوردانی رووسیا، لیانا ئیسلامڤۆنا سمۆیانیش لەناو وتەکانیدا سپاسی روسیای کرد کە دەرفەتی بە کوردان داوە تا کولتور و زمانی خۆیان بپارێزن. لیانا ئەوەی خستەڕوو کە کوردان لە رووسیا هەموو مافەکانیان پارێزراوە، وەک بەشێک لە کۆمەڵگەی فرەنەتەوەی رووسیا.

لە بەرنامەی فێستیڤاڵدا هەروەها گروپی گۆڤەندی کوردی "روکەن" و مامۆستای گروپەکە تاتیانا ئۆدێنتیسۆڤا ئامادەبوون و هەڵپەڕکێی فۆلکلۆریان پێشکەش کرد.

لە مەراسیمەکەدا لەلایەن شانۆکاری کورد شالیکۆ بێکەس باس لە مێژووی شانۆی کوردی وبەرەپێشچوونەکانی کرا و ئاماژە بە رۆڵی شانۆ لە پاراستنی میراتی کولتوری گەلی کورد کرا.

هەر لە مەراسیمەکەدا بەڵگەفیلمێک لەسەر مێژووی کورد نمایش کرا، هەروەها چەند هونەرمەندێکیش بە گۆرانی بەشداربوون و مەراسیمەکە بە گێڕانی دیلان وهەڵپەڕکێی کوردی کۆتایی هات.