ئەمڕۆ ساڵیادی كۆچی دوایی مامۆستا هێمن موکریانییە

ئەمڕۆ ١٧ی نیسان ساڵیادی كۆچی دوایی مامۆستا هێمن موكریانیە.

مامۆستا هێمن ناسراو بە هێمن موکریانی ناوی تەواوی محەمەد ئەمین شێخولئیسلامی موكرییە و لەنێوان ساڵانی ١٩٢١ تا ١٩٨٦ی زایینی دا ژیاوە.

مامۆستا هێمن موکریانی، هەڵبەستڤان، نوسەر و وەرگێڕێكی بەتوانای گەلەكەمان بووە لە رۆژهەڵاتی كوردستان. مامۆستای نەمر لەگوندی لاچینی سەر بە ناوچەی موکریان لەدایكبووە.

لە ساڵی ١٩٣٨ دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە. لە كاری كشتوكاڵ و بەخێوكردنی مەڕوماڵات دا لێزان بووە. لە بەرئەوە ساڵی ١٩٤١ دەستی داوەتێ و سەركەوتووە. ساڵی ١٩٤٢ كە كۆمەڵەی نهێنی ژێكا بووەتە ئەندام، ناوی نهێنیی (هێمن) و ژمارەی ئەندامیەتی (٥٥) بووە.

مامۆستا هێمن لە ڕۆژگارێك دا لە دایك دەبێت، کە ڕەزاشا جڵەوی حكوومەتی پێیە و لاسایی ئاتاتوركی دەكردەوە. جلوبەرگی كوردەواری بە تەواوی قەدەغە دەكرێت و ئەوەندەی لە دەستی هات، سووكایەتیی بە خەڵك كرد و شەپكە و تەپلەی هێنا نێو بازاڕەوە. هێمن لەو كەش و هەوایەدا گەورە دەبێت.

مامۆستا هێمن لەگەڵ مامۆستا هەژار ئەندامی كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد بوون. مامۆستا هێمن لەكاتی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لەمەهاباد نازناوی "هەڵبەستڤانی نەتەوەیی" وەرگرێت.

لەبەرهەمە بەناو بانگەكانی مامۆستا هێمن موکریانی، تاریك و روون، ناڵە جۆدایی، بارگەی یاران، شاشەرۆك، شازادە و گەدا، قەڵای دمدەم، هەواری خاڵی، چەپكێ گوڵ ـ چەپكێ نێرگز و ... هتد.

٣٦ ساڵ بەسەر كۆچی دوای هەڵبەستڤانی كورد، دەرباز دەبێت، بەڵام هەڵبەستەكانی وەكو رۆحێك هەمیشە لەگەڵ تاكی كورد و كەلتور و ئەدەبی كورددا دەژێت و هەمیشە بەزیندوویی دەمێنێتەوە.

پارچەیەك لەهۆنڕاوەیەكی نەتەوەیی:

كوردم ئەمن

گەرچی تووشی ڕەنجەڕۆیی و حەسرەت و دەردم ئەمن             قەت لە دەست ئەم چەرخە سپڵە نابەزم، مەردم ئەمن

ئاشقی چاوی كەژاڵ و گەردنی پڕ خاڵی نیم                            ئاشقی كێو و تەلان و بەندەن و بەردم ئەمن

گەر لە برسان و لەبەر بێ بەرگی ئیمڕۆ ڕەق هەڵێم                 نۆكەری بێگانە ناكەم تا لە سەر هەردم ئەمن

من لە زنجیر و تەناف و دار و بەند باكم نییە                         لەت لەتم كەن، بمكوژن، هێشتا ئەڵێم كوردم ئەمن

ژ.ت