جەژنی خاوەنکار بە شکۆوە بەرزڕاگیرا

هاوشێوەی ساڵانی رابردوو جەژنی خاوەنکار، کە یەک لە جەژنە پیرۆزەکانی یارسانەکانە، لە پارێزگای کرماشان بەڕێوەچوو.

دوای سێ رۆژ رۆژوو، لە کۆتا هەفتەی مانگی خەزەڵوەردا شوێنکەوتووانی ئایینی یاری یاخود یارسان جەژنی خاوەنکاریان بەرزڕاگرت.

لە مەراسیمەکانی ئەم جەژنەدا وێڕای تەمبوور ژەنین و سرودە ئایینییەکان، خێراتی وەک کەڵەشێر، هەنار و کولێرە دابەشدەکرێت.

لە پەرستگە و جەمخانەکانی ئایینی یاری بە تایبەتی لە داڵاهوی کرماشان، مەراسیمەکە بەشێوەیەکی شکۆدار بەرێوەچوو.

بەپێی کتێبی سەرنجام کە کتێبی پیرۆزی یارسانەکانە، سوڵتان سەحاق دوای ئەوەی لە دەست براکان و ئەندامانی خێزانەکەی دووردەکەوێتەوە لە ناو ئەشکەوتێکدا بە ناوی مەرنو لەگەڵ هاوەڵانی پەنادەگرێت و دوای سێ رۆژ برسێتی رەزبار دایکی سوڵتان بە گۆشتی کەڵەشێر و برنجەوە پێشوازییان لێدەکات. لەو کاتەوە جەژنی خاوەنکار بە قوربانیکردنی کەڵەشێرێک و سێ کیلۆ برنج دەستپێدەکات.

سەرجەم شوێنکەووتوانی ئایینی یاری لەسەریانە کە لەو سێ رۆژەدا بەرۆژووبن و لە رۆژی چوارەمدا جەژن پیرۆز بکەن و ئەو جەژنە بۆ چەند رۆژێک لە پەرستگە جیاجیاکان و مەزارگەی پیرەکانی ئەو ئایینە بەردەوام دەبێت.

ئایینی یاری یەک لە ئایینە دێرینەکانی کوردستانە و شوێنکەوتوانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی بە پارێزگاکای کرماشان دەژین و بەشێک لە شوێنکەوتووانی ئەو ئایینە کە لە باشووری کوردستان بە کاکەیی ناسراوە، نیشتەجێی پارێزگاکانی هەڵەبجە، دیالە، کەرکوک و موسڵن.