بۆ یەکەمجار لە ماوەی ٢٦ ساڵدا ڕێبەر ئاپۆ لە دوورگەی ئیمراڵییەوە بە شێوەی دیمەن بانگەوازییەکی مێژوویی بڵاوکردەوە، سەبارەت بەم بانگەوازە مێژووییەی ڕێبەر ئاپۆ لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتەدا لەگەڵ محەمەد نەسڕەدین چاودێری سیاسی و سیاسەتمەداری شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) دوا و باسی لەو بەرپرسیارێتییە کرد کە لەدوای ئەم پەیامە دەکەوێتە سەر سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان، وە ئاماژەی بە کاریگەریی پرۆسەی ئاشتی و پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ بونیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک کرد.
'پەیامەکە وەڵامی پرسیاری ناخی زۆرێک لە تاکی کوردی دایەوە'
لە سەرەتای قسەکانیدا، محەمەد نەسڕەدین چاودێری سیاسی و سیاسەتمەدار ڕایگەیاند کە لەدوای پەیامی ڕێبەر ئاپۆەوە قۆناغێکی نوێ دەست پێدەکات وگۆڕانکاری دروست ئەکات، لەهەمان کاتدا باسی لەوەش کرد کە داهاتووی کورد بەرەو کوێ هەنگاو دەنیت وە ئایا لەم گۆڕانکارییانە ئەرکی سەرشانی تاکی کورد و ئەرکی سەرشانی لایەنە سیاسییەکان چی دەبێت و وتی: "دیارە ئەو پەیامە ڤیدیۆیەی بەڕێز ئۆجەلان قۆناغێکی گرنگە وە هەنگاوێک بووە لە چەند هەنگاویەکی ڕابردوو لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی گرنگی ئاشتی کە هەموو ناوچەکە چاوی لەسەریەتی و بەتایبەتی ئەو پرۆسەی ئاشتییە کە ڕەنگە وەرچەرخانێکی گەورە بێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و بەتایبەتی بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە ئەمە یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانی پرۆسەی ئاشتییە کە بە قۆناغ دەستی پێکردووە، گرنگی ئەم پەیامە ڤیدیۆیەی ئەمڕۆ لەوەدا بووە کە زیاتر ڕوونکردنەوەی پێویست بووە لەوەی کە ئایا تائێستا پرۆسەی ئاشتی چەندە قۆناغی گرنگی بڕیوە و ئەرکی نوێی گەلەکەمان بەگشتی و بەتایبەتی لە باکوری کوردستان چی دەبێت، ئەوەی کە زۆر گرنگ بووە لەم پەیامە وەڵام دانەوەی هەندێ پرسیاری گرنگ بووە لای گەلەکەمان، کە ئەم قۆناغانە بۆچی، وە ئایندەی گەلەکەمان لەم ناوچەیە و لەم ململانیە گەورانەی کە هەیە بەرەو کوێ ئەڕوات، بۆیە پەیامەکەی ئەمڕۆی بەڕێز ئۆجەلان وەڵامی پرسیاری ناخی زۆرێک لە تاکی کوردی تێیدا بووە کە ئێمەی کورد بەرەو کوێ هەنگاو دەنین وە ئایا لەم گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکە ڕوودەدات دەبێت ئەرکی سەرشانی تاکی کورد و ئەرکی سەرشانی لایەنە سیاسییەکان چی دەبێت، وە ئەو لایەنانەی لە داهاتوودا رۆڵیان دەبێت لە سەرکردەکان و حزبە سیاسییەکان کە چۆن بتوانین ئێمەی کورد لەگەڵ ئەم قۆناغە نوێیەی ناوچەکە بگونجێنین.
'ئامانجی سەرەکی ئێمە بووە بە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک'
محەمەد نەسڕەدین لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە ڕێبەر ئاپۆ لەم ڤیدیۆیەدا وەڵامی زۆرێک لەو پرسیارانەی دایەوە کە هەمووان لە مێشکماندا بوون و وتی: "ڕەنگە ئیستا هەر لایەنێک دروشم و ناونیشانێک بۆ ئەم پرۆسەیە دادەنێت، ئەوەی بەلای ئێمەی کورد گرنگە لەم پرۆسەیە بەتەمای چین و ئاواتمان چیە و ناومان چیە؟، بۆیە ئەوەی کە ئێستا ئێمەی کورد بەدوایدا دەگەڕێن بۆتە ئامانجی سەرەکی کە بەدوای کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و مەدەنیدا دەگەڕێین، بۆیە ئەگەر ئەوە سەربگرێت ئەوە دەمانگەیەنێتە ئەو مەبەستەی کە لە پێناوی ڕۆژێ لە ڕۆژان چەکمان هەڵگرتووە، وە ئەمڕۆش کورد بەدوای ڕێگای سیاسەت و ئاشتی و گفتوگۆیە بۆئەوەی بگات بە چارەسەری کێشەکانی، ئەوەی ئەمڕۆ زیاتر پێویست دەکات کە سەرجەم لایەنە سیاسیەکان، کەسایەتییەکان، ڕۆشنبیران لەم پەیامەی بەڕێز ئۆجەلان بکۆڵنەوە، پێم وایە دەگەینە وەڵامی زۆر پرسیار ئەگەر لە داهاتووشدا بەدوایدا بگەڕێن بە ڕێژەیکی زۆر لە وەڵامی پرسیارەکان لەم پەیامە ڤیدۆیە هەبووە، وە ڕەنگە ئەمڕۆش بە تەواوی لە قولایی ئەوە نەگەین کە بۆچی ئێمە ئەم هەنگاوانە دەنێین، پێم وایە بەشێکی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوویانداوە وە خوێندنەوەی بەڕێز ئەوجەلان بۆئەوەی کە ئێستا ئەمە بۆ خۆی دەرفەتێکە لە چوارچێوەی ئەو دەرفەتەی هاتۆتە پێشەوە، بتوانین ئەوەی کە لە سەرەتادا لە پێناویدا چەکمان هەڵگرتووە ئەمڕۆ بتوانین لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەوە بە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی بتوانین ئەو ئاوات و خەونانەمان بهینینەدی."
'ئومێدی ئەوەین کە هەموو گەلان بە ئاشتی و دیموکراتی بژێن'
لە درێژەی قسەکانیدا محەمەد نەسڕەدین چاودێری سیاسی و سیاسەتمەدار ئاماژەی بەوەدا کە هیوادارین هەموو گەلانی ناوچەکە بە ئارامی و دیموکراسی بژین، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لەگەل پرۆسەی ئاشتی دۆستی کورد زیادبوونە و وتی: "هەموومان بە ئاواتی و ئومێدی ئەوەین کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کەسایەتیەکان پاڵپشتی ئەم بۆچوون و پەیامەی ناو ڤیدیۆکەی بەڕێز ئۆجەلان بن لەبەرئەوەی وەڵامی پرسیارەکانی هەموومانە و زیاتر بە وردیەوە تەمەشای وەڵامەکان بکەین لەبەرئەوەی بەشێ لە وەڵامەکان وەڵامی ئەو پرسیارانەی کە لە ناخماندا هەبووە لە چوارچێوەی ئەم بارودۆخەی کە ئێستا ناوچەکە پێدا تێدەبڕێت، تێدەگەین بۆچی ئێمەش لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا خۆمان دەگونجێنین وە هەموومان بە ئومێدی ئەوەین کە هەموو گەلانی ناوچەکە بە ئاشتی و دیموکراتی بژێن، ئەم دروشمەش ڕەنگە پاڵپشتی زۆرمان بۆ پەیدا بکات، چونکە لە ڕابردوودا لە خەباتی چەکداری دوژمنی زۆرمان هەبوو بەڵام ئێستا ئەم گۆڕانکارییانەو ئەم دروشمانەش بۆ ئاشتی دۆستی زیاتر و پاڵپشتی زیاترمان بۆ پەیدا دەکات."
'ئەگەر کومەڵگاکەمان ئازاد بێت تاکەکانیش تێیدا ئازاد دەبن'
محەمەد نەسڕەدین چاودێری سیاسی و سیاسەتمەدار لە کۆتایی قسەکانی دا سەرنجی بۆ قسەکانی ڕێبەر ئاپۆ راکێشا کە باسی ئازادی کەسێتی خۆی ناکات بەڵکو باسی ئازادی تاک و کۆمەڵگە دەکات و وتی: "یەکێک لەو وەڵامانەی کە ئایا لەم پرۆسەیە چەندە ڕۆڵی بەڕێز ئۆجەلان گرنگ بووە لەوەی کە گۆڕانکاری لە شێوازی خەبات و خۆئامادەکردن بۆ فۆرمێکی نوێی ژیان لەو وڵاتانەی کە فرە پێکهاتن و کورد بەشێکی کاریگەرە و لەسەر خاکی خۆی کەوتۆتە ناو ئەو وڵاتانە، پێم وایە ئەوەیە ئایا ئێمە هەموو بەدوای ئازادی تاکەکانەوە بین یاخود ئازادی کۆمەڵگە، من پێم وایە وەڵامی ئەو پرسیارە ئازادی تاکەکان بەندە بە ئازادی کۆمەڵگە و بەندە بە ئازادی ئەو شوێنانەی کە کورد لێ دەژێت، بۆیە کاتێک ئۆجەلان باس لە ئازادی خۆشی دەکات باس لە گرنگی ئازادی تاکی ئەم کۆمەڵگەیانە دەکات، بۆیە ئەگەر کومەڵگاکەمان ئازاد بێت تاکەکانیش تێیدا ئازاد دەبن، بابەتی ئازادی بەڕێز ئۆجەلان شەخسی خۆشی پێی وایە هیچ تاکێک هیچ کات ئازاد نابێت ئەگەر کۆمەڵگەکەی ئازاد نەبێت، بۆیە بە بەدەستهێنانی ئازادی کۆمەڵگەکە هەموو تاکەکان تێیدا ئازاد دەبن و بۆیە ئازادی تاک هیچ مانایەکی نابێت لە نەبوونی "غیابی" ئازادی کۆمەڵگەیە."