زوبەیر ئایدار ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) یەکێک لەو دەیانە کەسایەتییە، کە لە بەلجیکا لە چوارچێوەى لێکۆڵینەوەکەى ساڵی ٢٠٠٦ دا دادگایى کرا. ئایدار باسی لەبارەى پرۆسەى دادگایکردنەکە و دۆزەکە و ئەنجامە سیاسی و حقوقییەکانى بڕیارەکان لەبارەى پەکەکەوە کرد.
تاوان نییە، خۆیان لە خۆیانەوە دروستیان کردووە
ئایدار لەسەر چۆنیەتیى و ئارگۆمێنت و بەڵگەکانى دۆزی بەلجیکا وتى "ئەو دۆزە لە چوارچێوەى لێکۆڵینەوەکەى ساڵی ٢٠٠٦دا دەستیپێکرد. ئۆپەراسیۆن لە ساڵی ٢٠١٠ دەستیپێکرد و داواکاری گشتى لە ساڵی ٢٠١٥ ئیدعانامەکەى ئامادە کرد. لەو کاتەوە ئێمە لە دادگا رووبەڕووی داواکارى گشتى و پارێزەرانى دەوڵەتى تورک دەبینەوە.
ساڵی ٢٠١٦ داانیشتنى دادگا دەستیپێکرد. لە یاسا و حقوقی بەلجیکادا ئەوەیە هەیە؛ کاتێک ئیدعانامەیەک دەنێردرێت بۆ دادگا، سەرەتا داواکاری گشتى، پارێزەران و دادوەرەکان پێکەوە کۆدەبنەوە و باس لە قبوڵکردن، یان قبوڵنەکردنى ئیدعانامەکە دەکەن. دۆزەکەى ئێمەش بەو شێوەیە و لەو ئاستەدا بوو. لە دانیشتنەکانى دادگادا قسەى ئێمە ئەوە بوو، لە بەلجیکا هیچ تاوانێک ئەنجام نەدراوە. ئەو تاوانانە کە باسیان لێوە دەکرێت لە خۆیانەوە دروستیان کردوون. هەروەها کار و جموجوڵەکانمان کار و جموجوڵی تیرۆریستى نیین. ئەوەشمان وت کە نابێت ئێمە بەپێى 'ئەندامبوون و بەڕێوەبردنى رێکخستنێکى بیانى' دادگایى بکرێین. لە کوردستان شەڕ هەیە و ئێوە ناتوانن ئەوە شەڕە بە تیرۆر پێناسە بکەن. بەرگرییەکانمان لەو چوارچێوەیەدا بوو.
رۆژی ٣ی تشرینى دووەمی ٢٠١٦ / ١٣ی گەڵاڕێزان بڕیاری سەرەتایى دادگا ئاشکرا کرا. لەو کاتەدا دادگایکردنەکە لەلایەن دادوەرێکەوە بەڕێوەدەچوو. دادگاکە دادگایى بەرایى بوو. دادگاکە بڕیاری دا 'پەکەکە رێکخستنێکى تیرۆر نییە. ئەم کەسانە تاوانیان ئەنجام نەداوە و من ناتوانم دادگاییان بکەم'. داواکارى گشتى و دەوڵەتى تورک ناڕەزایەتییان نیشان دا و دۆزەکە رۆیشتە بەر دەستى دادگایەکى باڵاتر.
ساڵی ٢٠١٧ دانیشتنەکانى ئەو دادگایە دەستیپێکرد. دەستەیەکى بەرفراوان، کە لە ٣ دادوەر پێکهاتبوون دادگاکەیان بەڕێوەدەبرد. ئەوانیش بڕیارەکەى دادگاى بەراییان پەسەند کرد و لە ١٤ی ئەیلولی ٢٠١٧ / ٢٣ی خەرمانان دا دووەم بڕیارى بەرفراوان لەبارەى دۆزەکەوە درا. داواکارى گشتی و دەوڵەتى تورک جارێکیتر تانەیان لە بڕیارکە دایەوە و دۆزەکە بۆ پێداچوونەوە برایە دادگاى باڵا. دادگاى باڵاش لە بابەتى ئوسوڵی دا بڕیاری دا. دادگاى باڵا داوایکرد داواکارى گشتى لێکۆڵینەوە لە ئارگۆمێنت و بەڵگەکان بکات. دۆزەکە بەو شێوەیە تێکچوو.
ساڵی ٢٠١٨ سەرلەنوێ دانیشتنەکانى دادگا دەستیان پێکردەوە. یەکەم دانیشتن لە ئەیلولی ٢٠١٨ دا بوو. دوا دانیشتن لە ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ٢٧ی بەفرانبار بەڕێوەچوو. دادگاکە رایگەیاند، بڕیارەکەى لە مانگی ئادار دا ئاشکرا دەکات و دۆسییەکەی داخست. رۆژی ٨ی ئاداری ٢٠١٩ / ١٧ی رەشەمە بڕیارەکەى دادگا ئاشکرا کرا. لە دوا بڕیاردا باشتر و بەرفراوانتر و بە تۆکمەیى و بە ناوەرۆکێکى رێکوپێکەوە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن بۆ بابەتەکە کرا. لە ٥٠ لاپەڕەى بڕیارەکەى دادگادا رایگەیاندرا، رووداوى شەڕە و ئەوە بە تیرۆر پێناسە ناکرێت و ئەو کەسانەى دادگایى دەکرێن هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە".
لە ٣ ساڵ دا ٥ بڕیار دەرکران
ئایدار وتیشی، لە ماوەى ٣ ساڵ دا لە برۆکسل و لەلایەن دەستە جیاجیاکانى دادگاکان و دادوەرەکانەوە ٥ بڕیار دەرکراون و ئەوەشی وت "لە دۆزەکەى ئێمەدا هەم وەک شەخس و هەم وک رێکخراو ٣٧ کەس بووین. دواى ئەوەى هەڤاڵمان فیدان دۆغان (رۆژبین) لە پاریس تیرۆر کرا، ٣٦ کەس لە دۆزەکەدا مانەوە. دۆزێکى تر لە دژی فەیسەڵ چۆلاک کوردێکى دانیشتوی بەلجیکا بوو. ئەو تۆمەتانەى کە خرابوونە پاڵ فەیسەڵ چۆلاک بریتی بوون لەوە؛ هەندێک پێداویستى و کەلوپەلی تەکنیکیى لە بەلجیکا کڕیوە و ناردویەتى بۆ باشووری کوردستان. لەو چوارچێوەیەدا بە تۆمەتى 'هاوکاریکردنى رێکخستنى تیرۆر' تاوانبارکرابوو. ئیدعای ئەوەیان دەکرد، کە دەکرێت ئەو کەلوپەلانە لە گۆڕەپانى شەڕدا بەکار بهێنرێن. ئەو کەسەیان بۆ ماوەیەک زیندانیکرد. بۆ دۆزەکەى ئەویش ٢ جار بڕیار دەرکرا. لە یەکەم بڕیاردا دادوەرەکە لەبارەى پەکەکەوە رایگەیاند 'پەکەکە رێکخستنى تیرۆر نییە و نابێت ئێمە دادگایى بکەین'. تانە لە بڕیارە درا و لە ئەنجامدا دادگایەکى باڵاتر بڕیارێکى هاوشێوەى بڕیارى یەکەمی دەرکرد. یانى لە ماوەى ٣ ساڵ دا بە وتنى ئەوەى، کە 'پەکەکە رێکخستنی تیرۆر نییە' ٥ بڕیار لەلایەن دادگا جیاجیاکان و دەستە دادوەرییە جیاجیاکانەوە دەرکراوە".
'چاوڕەین بڕیارە دەرکراوەکان پەسەند بکرێن'
ئایدار رایگەیاند، دەوڵەتى تورک و داواکاری گشتى جارێکیتر ناڕەزایەتییان نیشاندا و داواى پێداچوونەوەیان بە بڕیارەکەدا کردەوە و راشیگەیاند "ئەو ئیدعایە هێشتا بە دەستمان نەگەیشتووە. ئێمە وەڵامیان دەدەینەوە و سەرلەنوێ دەچێتەوە بەردەستى دادگاى باڵا. ئێمە چاوەڕێین، کە بڕیارەکانى پێشووی دادگاى باڵا جارێکیتر پەسەند بکرێنەوە".
هەلومەرجى دەرکردنى بڕیارەکان
زوبەیر ئایدار باسی لە هۆکار و هەلومەرجی بڕیارەکانى دادگا کرد و وتى "هەموو دونیا دەزانێت گەلەکەمان، بزووتنەوەکەمان لە دژی داعش چ فیداکارییەکیان کرد و چەند باجیان دا، بەڵام ئەو وڵاتانە هێشتا ناوی ئێمە و داعش-یان لە یەک لیست دا هێشتووەتەوە.
لیستەکانى یەکێتیى ئەوروپا و ئەمریکا لیستی سیاسین و بڕیارەکان بۆ هەندێک ئامانجی خۆیان دەرکراوە. ئەوەش ناهەقییەکى گەورەیە، چونکە بڕیارەکە سیاسییە. بێگومان هەلومەرج و دۆخی سیاسی کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانیان دەکات. چۆن کاریگەریی دەبێت؟ ماوەیەکى درێژە کەسانێک و هەندێک لایەن لە دەرەوەى بزووتنەوەکەى ئێمە باسیان لە بزووتنەوەکەمان دەکرد، یانى بەشێوەیەک لە شێوەکان رێگا نەدەدرا خۆمان باس لە خۆمان و بزووتنەوەکەمان بکەین. ئێمەش توانای پڕوپاگەندەمان بە ئەندازەى دەوڵەتى تورک نییە و دەرفەت و توانای دیپلۆماسیى ئێمەش ئەوەندە زۆر نییە. لەبەر ئەوانەش تۆڕێکى بەرفراوانى میدیاکان هەموو کات ئێمەیان بە خراپە پیشان دەدا.
تێکۆشانی ئێمە لە دژی دەوڵەتى تورک بە مانای تێکۆشانە لە دژی وڵاتێکى ئەندامى ناتۆ، وڵاتێکى ئەندامى ئەنجوومەنى ئەوروپا و وڵاتێک کە بۆ ئەندامبوون لە یەکێتیى ئەوروپا دانوستان ئەنجام دەدات. تورکیا دۆستى ئەو وڵاتانەیە. لەبەر ئەوەش تێکۆشانی ئێمە نەچووە دڵی ئەو وڵاتانەوە و بە دڵیان نەبوو. لەو هەلومەرجەدا ئەو لیستە ئامادە کرا. بزووتنەوەکەیان بەشێوەیەکى خراپ ناساند.
دوای ئەوەى بزووتنەوەکەمان بەهێز بوو ئاست و گۆڕەپانى نێونەتەوەیی زیاتر بە رووماندا کرایەوە. دەرفەتی دیپلۆماسی و قسەکردن لەسەرخۆمان و خۆمان ناساندن زیاتر بوو.
هەروەها رووداوەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بە تایبەتى بەهاری عەرەبی و رووداوەکانى دواى بەهاری عەرەبى کە لە ناوچەکەدا روویاندا. رووداوەکانى سوریا و عێراق و بەهێزبوونەوەى هێزە سەلەفییەکانى وەک داعش و بەرەی نوسرە و پشتیوانیکردنى تورکیا لەو گروپانە و تێکۆشانی ئێمە لە دژی ئەو هێزانە، کە بە باجدانێکى زۆر و گیانبازییەکى زۆر ئەنجامدرا و دەنگدانەوەى تێکۆشانی کوردان لە راى گشتى و دونیادا، وەک رووداوەکەى کۆبانێ، تێکشکاندنى داعش لەسەر دەستى کورد و ئاشکرابوونی رووی راستەقینەوەى ئەردۆغان، سیاسەتەکانى تورکیا کە لەگەڵ بەرژەوەندیى دونیای رۆژئاوادا یەکناگرێتەوە، پەیوەندی لەگەڵ رووسیا و پشتگیریى ئەردۆغان لە گروپە ئیسلامییەکان و ژمارەیەکى زۆر پرۆژەى تری ئەردۆغان بوونە هۆی ئەوەى کە گۆڕەپانى نێونەتەوەیى زیاتر بە رووماندا بکرێتەوە.
ئەوانەش رێگایان بە رووی ئەوەدا کردووە، کە بوترێت کوردیش قسە و خەونی هەیە و ئێمەش گوێیان لێدەگرین. پێشتر بەهۆی بڕیارە پێشوەختەکانەوە گوێ لە ئێمە نەدەگیرا. دواى ئەوەى گوێیان لێگرتین، مافداربوونى ئێمەش ئاشکرا بوو. لە هەموو شوێنێکى دونیا و کاتێک گوێمان لێدەگرن و بەبێ بڕیاری پێشوەختە لێمان نزیک دەبنەوە، ئەوەیان بۆ دەردەکەوێت کە ئێمە مافدارین. ئێمە ئێستا لەو قۆناغە و لەو پرۆسەیەداین. ئەو پرۆسە مافدارانەیەى ئێمە هەم کاریگەریى لەسەر راى گشتى بۆ دۆخێکى نوێ دروستکردووە و هەم کاریگەریى لە دادگا و حکومەتەکان کردووە. لەبەر ئەوە هەلومەرج و کارەکانى ئیمە وایکرد، کە ئەنجامى ئەرێنى و باش بەدەستبهێنرێت. ئێستاش ئەوە باشتر بەڕێوەدەچێت و ئەنجامى باشتری دەبێت. دونیا ئیتر راستیى کوردان زۆر باشتر و ئاسانتر تێدەگات و دەیبینێت و ئەوەش گرنگە".
دۆز لە دژی 'لیستى تیرۆر' کرایەوە
ئایدار لەبارەى ئەو دۆزەى کە لە دژی لیستى 'تیرۆری' یەکێتیى ئەوروپا کراوەتەوە وتى "ساڵی ٢٠١٤ لە لوکسەمبۆرگ لە دژی لیستى تیرۆری یەکێتیى ئەوروپا دۆز کرایەوە. ١٥ی تشرینى دووەەمی ٢٠١٨ / ٢٤ی گەڵاڕێزان بڕیار لەسەر ئەو دۆزە درا. بڕیارەکەى بۆ ئێمە ئەرێنى و باش بوو. لە بڕیارەکەدا بە یەکێتیى ئەوروپا وتراوە 'ئێوە ناتوانن بەو ئارگۆمێنت و بەڵگانە پەکەکە تاوانبار بکەن. ئێوە ناتوانن ئەو لە لیستەکەدا دابنێن. ئەو ئارگۆمێنت و بەڵگانە لاوازن و قبوڵ ناکرێن'. بەوەش لیستەکانى ساڵانى ٢٠١٤ ، ٢٠١٥، ٢٠١٦ و ٢٠١٧ی هەڵوەشاندنەوە، بەڵام یەکێتیى ئەوروپا بەشێوەیەکى ئۆتۆماتیکى و سەرلەنوێ ناوی پەکەکەى خستەوە ناو لیستەکەى. هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە یەکێتیى ئەوروپا داوایکردووە پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێت. رۆژی ٢٥ی کانوونی دووەم تانەکەى خۆی پێشکەشی دادگاى پێداچوونەوە کرد. ئەوان هەندێک پاساویان خستبووەڕوو. پارێزەرەکەى ئێمەش وەڵامى پاساوەکانى دانەوە. لەو نێوانەدا ئەمساڵ سەرلەنوێ ناوەکەى خستەوە ناو لیستەکە. رۆژی ٩ی کانوونی دووەم لیستەکەیان تازەکردەوە. رۆژی ٧ی ئادار لە دژی لیستە نوێکراوەکەوە دۆزێکمان کردەوە. یەکێک لە دۆزەکان لە دادگاى پێداچوونەوەى لوکسەمبۆرگە و یەکێکى تریان لە دادگای بەراییە لە دژی لیستەکە و بەوشێوەیە ٢ دۆز لە دژی لیستەکە کراوەتەوە و دۆزەکە بەردەوامیى هەیە".
'لیستەکە هەڵوەشاوەتەوە'
زوبەیر ئایدار لەبارەى کاریگەریى لیستى 'رێکخستنە تیرۆریستییەکان' لەسەر تێکۆشانی ئازادیى گەلی کورد ئاماژەی بەوەکرد "لیستى تیرۆر نەک تەنها زیانى بۆ بزووتنەوەکە دەبێت، بەڵکو هاوکات زیانێکى زۆر بە جەماوەر و کۆمەڵانى کورد دەگەیەنێت. لە زۆێک لە شوێنە جیاجیاکاندا هەڕەشە لە زۆرێک لە هاووڵاتییانى کورد دەکەن. لەبەر ئەو لیستە دادگایى دەکرێن، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، رێگرییان لێدەکرێت و لە کاروباری ئیداری و بیرۆکراسیدا دەکرێنە ئامانج و گرفت و لەمپەریان بۆ دروست دەکرێت.
لیستى تیرۆر زیان بە ئاشتى دەگەیەنێت. خزمەت بەوە دەکات، کە زوڵمەکانى دەوڵەتى تورک قورستر و زیاتر ببن. دەستى شەڕخوازان بەهێزتر دەکات و دەستى ئاشتیخوازان لاواز دەکات. بۆیە ئێمە لە رووی حقوقی، سیاسی و دیپلۆماتیکەوە لە دژی لیستى تیرۆردەست بە جموجوڵ و هەوڵێکى زۆر گەورە دەکەین. لیستەکە ئێستا بە بڕیارى دادگا پووچ بووەتەوە و هیچ بنەمایەکى نەماوە، بەڵام بەشێوەى فەرمی هێشتا بەردەوامیى هەیە و کاری پێدەکرێت. بەڵام لیستەکە لە دیدی ئێمەوە هەڵوەشاوەتەوە و هیچ مانایەک و هیچ بنەمایەکی نەماوە. لە رووی حقوقییەوە لیستەکە هەڵوەشاوەتەوە. دەبێت ئەوەش بە کردەوە لە کاروبارە جۆراجۆرەکاندا جێبەجێ بکرێت و رەنگ بداتەوە.
***
***
ر.م