گەلی کورد چوون گەلێکی خاوەن چاندێکی دەوڵەمەندە، کەم ڕووداو هەیە، نەتوانرێت بخرێتە ناو پەند (ئیدیۆم)مێکی زمانەوانییەوە. جا ئەم پەندەی سەرەوە ڕێک نمایندەی دۆخی شکستخواردووی سوپای تورکی داگیرکەرە لە بەرامبەر بەرخۆدانی شکۆداری گەریلاکانی ئازادی کوردستان. هێزەکانی گەریلا لەسەر بنەمای 'ڕەخنەدان' لەهەر ڕەهەندێکی شەڕکردنەوە، سات تا دەگات بە ڕۆژ، هەنگاو تا دەگاتە قۆناغ، هەمیشە لە خۆ پێشخستندا بووە لە تاکتیک و تەکنیکی جەنگدا، تا ئەوەی لە ئێستا دەیبینین، سوپایەکی زەبەلاح بەڵام بێ ئیرادەی وەک سوپایی تورکی داگیرکەر، کە لە بنەمادا نوێنەرایەتی هێزەکانی ناتۆ دەکات، ساڵانێکە لە جەنگێکی شکسخواردودایە بەرامبەر هێزەکانی گەریلای ئازادیی کوردستان.
با بگەڕێینەوە بۆ ئەو مانایەی کە لە پەندەکەدایە; ڕژێم لە دوای ڕژێم، دەسەڵاتداری بە دوای دەسەڵاتدارییدا بە درێژایی تەمەنی دەوڵەتی کۆماری تورک، هەردەم گوێمان لە 'ئەم هاوینە کۆتا هاوینی پەکەکە'یە دەبێت، هەر بە هەمان زمانی ئێستای دەسەڵاتداری ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپە کە دەڵێن 'ئەمساڵ قفڵەکە دادەخەین' کە مەبەست بە کۆتایی هێنانە بە تەڤگەری ئازادی کوردستان، کە لە خەونی بەدینەهاتووی دەسەڵاتی تورکەوە گۆڕاوە بۆ مۆتەکەی دەسەڵاتداری تورک.
ڕژێمی ئاکەپە-مەهەپە شەڕی تایبەت دەکات، گەریلاش بە خستنەڕووی ژمارە وەڵامدەداتەوە
بۆ گەیشتن بە ئامانجە مێژینەکەی، کە کرۆکی خەونی دەوڵەتی تورکە، هەموو ڕێ و ڕێبازێکی گرتووەتە بەر; لە شار بە زیندانیکردنی پێشەنگانی کورد و ئازادیخوازانی دیکەی ناو تورکیا، لە چیاش بە بەردەوامیدان بە ئۆپراسیۆنە داگیرکارییەکانی، کە بە بەرچاوی جیهانەوە چەکی قەدەغەکراو و هەر جۆرە گازێکی کیمیاوی بەکاردەهێنێت، بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک بڵێت بوەستە ئەمە 'تاوانی جەنگە'. ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتری دەکات، هەر خودی بەرفراوانکردنی ئۆپراسیۆنە داگیرکارییەکان بە مانای دەست نەگەیشتنە بە ئامانجەکانی و قوڵتربوونەوەی شکستەکانی. لێرە و لەوێ ژمارەی سزاداراوانی سەربازانی سوپای تورکی داگیرکەرمان بەرچاو دەکەوێت کە لە چاپەمەنییەکاندا بڵاو دەکرێنەوە. ئەم ژمارانە چیمان پێدەڵێن، ژمارە خۆی بەڵگەیە لەسەر شکستی سوپای تورک، لەبەرامبەر ئەم ڕاستیانەدا سوپای تورک بۆ گەوجاندنی ڕای گشتی هەمان ئەو دیمەنانە لە چاپەمەنییەکانیدا دادەنێتەوە کە لە ڕێگەیی چاپەمەنی ئازاد و کەسانی مەدەنی بڵاو دەکرێنەوە، کۆتا جار ڕۆژنامەنوسێک ئاماژەی بەوەدا; دەوڵەتی تورک دیمەنی ئەو کاولکاری و سوتاندنانە کە بەهۆی بۆردوومانەکانی فڕۆکەی جەنگی تورکەوە کەوتووەتەوە، لە میدیاکاندا وا بڵاو دەکاتەوە کە گوایە هەموو ئەمانە بەدەستی گەریلا سوتێنراون! بۆیە سوپای تورک بۆ دەربازبوون لەو شکستانە ناچارە وەک کاری هەمیشەیی خۆی بە شەڕی تایبەت ڕاستییەکان بشوێنێت.
ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار
لە جەنگدا یەک یاسا هەیە; یا سەرکەوتن یا شکست، سەلمێنەری ئەم دوو دۆخەش دەرنجامەکانی جەنگە. وێڕای شاردنەوەی زیانە زۆر و زەبەندەکەی، سوپای تورک هەموو هاوینێک بۆ ئەنجامدان و دەستپێکردنەوەی ئامانجی داگیرکارییەکانی بە پلانی نوێ و لە پاڵیدا فەرماندەی پلە بەرز و باڵای نوێ دادەنێت، ئەمەش دوایی ئەوە دێت کە فەرماندەی پێشوو لە ئەرکەکەی دورخراوەتەوە.
تاکە ڕێگەیەک بۆ دەرچوون و شاردنەوەی شکست لە سوپادا هەر خودی دوورخستنەوەی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە.
"بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانی لە دەستداوە"
ئەمە دوایین درۆی شەڕی تایبەتی سوپایی تورکی داگیرکەرە، دوایی ئەوەی ناچارکرا دان بە کوژرانی فەرماندەیەکی باڵایدا بە ناوی عەبدوڵا جەم دەمیرکاندا بنێت، کە لە لایەن گەریلاکانی ئازادی کوردستانەوە لە هەرێمی زاپدا بە سزا گەیاندرا. ئەم چالاکییەی گەریلا دەتوانین لە دوو ڕەهەندەوە لێکدانەوەی بۆ بکەین لەو ڕەهەندەی کە بە دڵنیاییەوە فەرماندە خانەنشین و دوورخراوەکانی سوپای تورک بە خۆیان دەڵێن خۆزگەمان بە دۆخی خۆمان لە پایی شکستەکانمانەوە ئێستا زیندووین، ئەمەش هاو-مانایی پەندە کوردییەکە 'ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بەپار'ە. وە لەو ڕەهەندەی کە سوپای دەوڵەتی تورک بەشێوەیەک لە شکستی خۆیدا تلاوەتەوە کە چیتر درۆکانی شەڕی تایبەت و چەواشەکاریش ناتوانێ پەردە پۆشی شکستەکانی بکات.
ئاسمانی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لە هەر وەرزێکدا بێت هەر بۆ گەریلایە
سوپای فاشیستی تورک، ساڵانێکە لافی ئەوە لێدەدەن ئەم وەرزی هاوینە هێزی گەریلا لە ناو دەبەن. هێندە ئەم درۆ خەیاڵ پڵاوییەیان کردووە ئیدی بۆ هەموو گەلان ڕوون بووەتەوە ڕەگ و ڕیشەی هێزی گەریلا کە خۆی لەسەر بڕواداری تێکۆشانی هێزی ئاپۆیی بونیاتناوە، لە مێژووی ڕزگاری و شکۆدا ڕەگی داکوتاوە و ئیرادەی خۆی لە خوێنی شەهیدانەوە وەردەگرێت بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە و بە ئامانجی ڕزگاری کوردستانیش دەگات، لەبن هاتن و کۆتایی هێنانی نیە. بۆیە هەموو چەکی دەستی سوپای تورکی شکستخواردوو هیچ نیە جگە لە درۆ و چەواشەکاری شەڕی تایبەت.
چالاکیەکانی گەریلا سەنگی مەحەکە
گەر لە هێرشە داگیرکارییەکانی ٢٠٢١ەوە بڕوانین کە دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە هەم بە ئامانجی زیندووکردنەوەی خەونی لەبارچووی میساقی میللی و هەمیش بۆ شاردنەوەی ڕووڕەشی دەسەڵاتدارییان لە ناوخۆی تورکیا بە ئامانجی برەودان بە نەژادپەرستی تورک دەستیان پێکردووە، دەبینین لەماوەی ئەم سێ ساڵە و بەتایبەت لە زستانی ساڵی پارەوە چ گورز و زیان و شکستێکییان لە چالاکییەکانی گەریلاوە خواردووە. هێزەکانی گەریلا دەستێکییان بە چەک و دەستێکییان بە کامێراکانیانەوە سات بە ساتی هێرشی دلێرانەیان بە دەنگی هەلهەهەلەیی سەرکەوتنەکانی گەریلاوە تۆمار دەکەن.
دەربڕینی "ئێرە خاکی گەریلا و گۆڕستانی سەربازی تورکە" بووە بە مانیفێستۆیی سەرکەوتنەکانی گەریلا; تەرمی سەربازی سوپای تورک، بە گڕیی سوتاندی حەشارگەکانیان دەردەکەوێ، ناسنامەی بە جێماوی کوژراوانی سوپای تورک بەسەر چەکی بەجێماوی دوایی هەڵهاتنیانەوەیە. هەموو ئەمانەش وەک زنجیرە فیلمێک ڕۆژ بە رۆژی زستانی ساردی گەریلایی گەرم دەکردەوە و دەشبووە مزگێنی بۆ گەلی وڵاتپارێزی کورد.
وا وەرزی هاوین هات و داگیرکاری نوێیان دەستپێکردووە بە تایبەت لە ٣ی تەمموزەوە لە زەمین و ئاسمانەوە هێرش هەیە، دەبینین و وەک هەمیشە ئاشکرا بووە کە سوپای تورک لە زەمیندا لەناو لیتاوی شکستی خۆیدا گیربووە، هەموو شانازییان هەبوونی هێزی فرۆکەی جەنگی و درۆنی شەڕکەرە. هێزی گەریلا لە بەهاردا بە یەک مزگێنی خستنە خوارەوەی زیاتر لە ١٥ فرۆکەیی بێ فرۆکەوانی جەنگی سوپایی تورکی ڕاگەیاند، ئەمەش بووە بە شۆکێک بۆ سوپای تورک و تێکشکاندنی شانازییەکەیان. سوپایی تورک زۆر باش لەوە تێگەشتووە ئیدی لەشکرکێشی زەمینی بۆسەر چیا ئازادەکانی کوردستان مەحاڵە و شایەن بە تێکشکانیانە، بۆیە بۆ ئەم داگیرکارییە نوێیەی پشت بە هەلیکۆپتەر دەبەستێت بۆ گواستنەوەی هێزەکانیان بۆ دابەزاندن و جێگیرکردنیان لە خاڵە مەبەستەکانی خۆیاندا، لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا سێ هەلیکۆپتەری جۆری سکۆرسکی سوپای تورک لە لایەن هێزەکانی گەریلاوە خرانە خوارەوە، هاوکات ڕۆژانە ئەو هەلیکۆپتەرانە بەر گورزی گەریلا دەکەون. مەبەستم لێرەدا ئەوەیە; گەریلا بە بوونی هێز و شێوازی سەربازی مۆدێرنەوە هەم ئاسمان و هەم زەمینی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیایی بەدەستەوەیە.