جۆلانی لە تاوانباری جەنگەوە بۆ سەرۆکی سووریا

جۆلانی کە سەرەتا هەوڵی دەدا خۆی بشارێتەوە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات لە پێش کامێراکان دەرکەوت، پێڵاو و جلوبەرگە سەربازییەکەی لابرد و جلو بەرگی ئاسایی پۆشی. پێشتر یاسای شەریعەت لەو شوێنانەی لە ژێر دەسەڵاتی هەتەشە و جۆڵانی دا بوو جێبەجێ دەکرا.

محمەد جۆلانی

ئەو هێز و لایەنانەی بەدواداچوون بۆ دۆخەکە دەکەن، پرسیاری، چۆن شتی وا ڕوودەدات؟ چۆن سەرۆکی ڕێکخراوێکی تیرورستی کە لە "لیستی تیرۆر"ی ئەمەریکادایە و بۆ سەری ١٠ ملیۆن دۆلار خەڵات دیاری کراوە، ئێستا چاوپێکەوتن لەگەڵ بەناوبانگترین کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی جیهان دەکات وئەمڕۆ وای لێهاتووە کە نوێنەری هەموو وڵاتانی جیهان سەردانی دەکەن؟

ئەبو محەمەد جۆلانی، یان ئەحمەد حسێن شەرع، سەرکردەی هەتەشە کە دیمەشقی پێ بەخشرا، لە لیستی تاوانبارانی دەوڵەتی ئەمریکادایە.

ئەو سەرکردەی هێرشەکەی ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ـەیە، جارێکی تر هەتەشە لە کەناڵی CNN دەرکەوت. ناوی هەتەشە لەو کاتەدا ئەلنوسرە بوو. کەواتە ئەم کەسە تەمەن ٤٢ ساڵە کە خۆی بە سەرۆکی سوریا ڕاگەیاند و بوەتە ناوەندی سەرەنج بۆ هەموو جیهان، کێیە و چی دەوێت؟

زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە ڕیزەکانی قاعیدە و نوسرە و داعش و هەتەشە ئەرکی جۆراوجۆری هەبووە و لە بەرەکانی شەڕدا بەشداری کردووە. ئەوەی کە ڕۆژێک لە سێبەرەکاندا خۆی دەشاردەوە، ئێستا لە هەموو شوێنێک بە بێ خەم دەردەکەوێت. لەسەرووی ئەوەشەوە هەرجار بە وێنەیەکەوە خۆی نیشان دەدات. شێوازی گۆڕینی ئەو تەنها بە وێنە نییە، بەڵکو پەیامێکە بۆ ڕای گشتی جیهان دەدات. بەڵام پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە: ئایا گۆڕینی جل و بەرگێک بەسە بۆ ئەوەی جیهادییەکی پێشوو ببێتە سەرکردەیەکی ناوخۆیی؟

جۆلانی تەمەن ٤٢ ساڵ لە ڕیازی سعودیە لەدایک بووە، لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەندی ناوچەی جۆلانی سووریایە و لەوێ گەورە بووە. تەمەنی منداڵی لە شاری مزە بەسەر بردووە، کە گەڕەکێکی دەوڵەمەند نشینی دیمەشقە. دوای هێرشەکانی ١١ی ئەیلولی ٢٠٠١، جۆلانی دەبێتە لایەنگری ئایدۆلۆژیای جیهادی. لە تەمەنی گەنجیدا پەیوەندی بە قاعیدە کردووە و لە ساڵی ٢٠٠٣ چووەتە عێراق و لەوێ بەشداربووە لە ئەنجامدان و هەماهەنگی چەندین هێرشی تیرۆرستی لەناو ڕیزەکانی قاعیدەدا. لە ئەنجامی ئەو تەقینەوە و هەوڵە تیرۆریانەی کردوویەتی و فەرمانی داوە، بەسەدان هاوڵاتی مەدەنی بە شێوەیەکی دڕندانە کوژراون. جۆلانی چەند جارێک لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەستبەسەر کراوە، دوایین جار لە ساڵی ٢٠٠٥ لە موسڵ دەستبەسەر کرا. ٥ ساڵ لە زینداندا دەبێت و دواتر ئازاد دەکرێت.

کاتێک لە ساڵی ٢٠١١ شەڕ و ململانێکان لە سوریا دەستیپێکرد، لەلایەن ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی داعشەوە ڕەوانەی سوریا کرا و لەوێ بەرەی نوسرەی دامەزراند. ئەمریکا جەبهەی نوسرەی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند و ١٠ملیۆن دۆلار خەڵاتی بۆ سەری جۆلانی دەست نیشانکرد. ئەلنوسرە کە لە سەرەتادا وەک لقی قاعیدەی سوریا چالاکی دەکرد، لە ژێر سەرکردایەتیی جۆلانیدا بە خێرایی بوو بە هێز. لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا زیاتر لە ٥٠٠ هێرشی تەقینەوەی ئەنجامدا و ترسێکیی توندوتیژی دروستکرد.

پەیوەندی نێوان جۆلانی و بەغدادی سەرکردەی داعش لە ساڵی ٢٠١٣ تێک دەچێت. بنەمای ئەم ناکۆکیەش ئەوە بوو کە داعش داوای جیهادی دەکرد، لە کاتێکدا ئەلنوسرە ستراتیژی بەس لەسەر سوریا پەیڕەو دەکرد. جۆلانی لە داعش جیا بووەوە و بەیعەتی لە گەڵ قاعیدە ڕاگەیاند و بەرەیەکی سەربەخۆی نوسرەی لە سوریا بنیات نا.

یەکەم چاوپێکەوتنی لە ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ کەناڵی جەزیرە کە لە قەتەرە ئەنجامدا. لە چاوپێکەوتنەکەدا دەموچاوی بە باڵاپۆشی داپۆشیبو و پشتی لە کامێرا کردبوو و باسی لەوە کرد کە پێویستە سوریا بەپێی یاسای شەریعەت بەڕێوەبچێت. ناوبراو ڕایگەیاند کە عەلەوی، شیعە، دروزی و مەسیحییەکان هیچ شوێنێکیان لە سوریادا نییە.

لە ساڵی ٢٠١٦ جۆلانی ڕایگەیاند کە بەرەی نوسرە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەلقاعیدە پچڕاندووە، بەمەش ڕێکخستنەکەی دوبارە بنیات نایەوە.

جولانی بە ڕاگەیاندنی جیابوونەوەی لە قاعیدە و هەڵوەشاندنەوەی بەرەی نوسرە، ڕایگەیاند کە لەمەودوا لەژێر ناوی جەبهەی تەحریر شام (هەتەشە) کە هیچ پەیوەندییەکی بە هیچ ڕێکخراوێکی بیانییەوە نییە، درێژە بە چالاکییەکانیان دەدەن. ئەمە هەنگاوێک بوو لە ستراتیژی جۆڵانی بۆ هەڵهاتن لە تۆمەتەکانی تیرۆری جیهانی. لە ڕواڵەتدا هەتەشە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردایەتی قاعیدە لە ئەفغانستان بە تەواوی پچڕاند و لە پێشینەی کارەکانی ڕووبەڕوو بوونەوەی لە گەڵ ڕژێمی سوریا لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا دەست پێکرد.

لە ساڵی ٢٠٢١ لە یەکەمین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ بی بی سی، کە تیایدا جلوبەرگی ڕەسمی لەبەردا بوو، باسی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد و ڕایگەیاند کە هەتەشە هیچ مەترسی نییە بۆ سەر وڵاتانی ڕۆژئاوا و وتی: "بەڵێ، ئێمە ڕەخنەمان لە سیاسەتەکانی ڕۆژئاوا هەیە، بەڵام ئێمە نامانەوێت لە سوریاوە شەڕ لە دژی ئەمریکا یان ئەوروپا ڕابگەیەنن."

هەروەها جۆلانی کە پێشتر ئەوەی بە باش دەزانی بە شاراوەیی بمێنێتەوە، وردە وردە لەبەردەم کامێراکاندا دەرکەوت. لە ئاهەنگەکانی دەرچوون، کۆنفرانس و چالاکییەکان لەگەڵ منداڵان دەرکەوت. جلوبەرگی سەربازی دانا و جلوبەرگی ئاسایی لەبەر کرد. بەڵام ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو بە یاسای توندی شەریعەت بەڕێوە دەچوون. ئەو و ئەو گروپەی کە سەرکردایەتی دەکات هەتەشە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی چەندین تاوان دژی مرۆڤایەتی.

لەکۆتاییدا لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، هەتەشە بە سەرۆکایەتیی جۆلانی، بە ڕەزامەندی و پاڵپشتیی هێزە جیهانییەکان، بە تایبەت ئیسرائیل و بەریتانیا، بە خێرایی هەموو ئیدلب، حەڵەب، حما، حومس، دیمەشق، لازقیە و تەرتوس دوای ئەوەی سوپای سووریا کشایەوە دەستی بەسەردا گرت. ئەم پرۆسەیە کە بووە هۆی ڕووخانی ڕژێمی بەعسی سوریا، بووە هۆی ئەوەی جۆلانی لە هەموو کاتێک زیاتر گرنگی پێ بدرێت.

دوای کۆتاییهاتنی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا، جولانی، سەرۆکی ڕێکخراوی توندڕەوی ئیسلامی تەحریر شام (هەتەشە) کە گەیشتبووە دیمەشق، بە سەرۆکی حکومەتی کاتی ناسێندرا. ئەم ڕاگەیاندنە ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی کانوونی دووەم لە کۆنفرانسی "سەرکەوتن" کە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە لە دیمەشق بەڕێوەچوو، ئەنجامدرا.

لایەنەکانی گرێدراوی هەتەشە و هێزەکانی SNA کە لە لایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن بەشدارییان لەو کۆنفرانسەدا نەکرد. ئاشکرا بوو کە زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبوون، پلەداری باڵای ناو ڕیزەکانی قاعیدە، جەبهەی نوسرە، داعش، هەتەشە و SNA بوون کە بەرپرسیارن لە کۆمەڵکوژییە دڕندانەکان کە لە ئەنجامدا  بەهەزاران هاوڵاتی مەدەنی تێدا کۆمەڵکوژ کراون.

هەروەها لەو بەیاننامانەی کە بڵاوکرانەوە، ڕاگەیەندرا کە ئەو ئیدارەیەی کە لە کۆنفرانسەکەدا دیاری کراوە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، نوێنەرانی گەلانی عەرەب، کورد، دروزی، عەلەوی، شیعە، تورکمان و گەلانی دیکەی تێدا بەشدار نەکراون و دەرکەوت لە سووریادا هیچ جێگەیەکیان نییە. لەبەر ئەوە کۆنفرانسە کە لەلایەن هەتەشە و ڕێکخراوی تاوانکاری شەڕ سەر بە تورکیا، SNA ئامادەکاری بۆ کرابوو، بەو هۆیەوە پێشبینی دەکرێت کێشەکانی ئێستا لە سوریا قووڵتر ببنەوە.

ئێستا ئایا جیهان چەکدارێکی جیهادی پێشوو وەک جۆلانی قبوڵ دەکات کە بانگەشەی پێکهێنانی دەوڵەت دەکات؟، ئایا جۆلانی دەتوانێت کۆمەڵگای سوریا ڕێکبخاتەوە کە بەهۆی شەڕی ناوخۆوە پارچە پارچە بووە؟ کات هەموو شتێک ڕوون دەکاتەوە.