بۆچی ئازادی ئۆجالان ئازادی گەلانە؟

رەنگە بەلای زۆر کەسەوە جێگەی پرسیار بێت، بۆچی چەقی هەوڵ و تێکۆشانەکانی بزوتنەوەی ئازادیی کورد بە دەوری ئازادی جەستەیی رێبەر ئۆجالاندا چڕ بووەتەوە، بەرپرسێکی پێشووی سی پی تی لە قسەکانیدا بەشێک لە نهێنی ئەو بابەتە ئاشکرا دەکات.

ماوەی چارەکە سەدەیەکە لەپاڵ داواکارییەکانی دیکەی، ئازادی جەستەیی رێبەر ئۆجالان بووەتە دروشم و بەشی سەرەکی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد. لە هەموو بۆنەکاندا بەتایبەتی ساڵیادی پیلانگێڕی نێونەتوەیی ١٥ی شوبات جەخت لەو خواستە دەکرێتەوە.

لە دوای چالاکیەکانی ٢٥ ساڵەی پیلانگێڕی دژی رێبەر ئۆجلان کە لە رێپێوانی مەزنی کۆڵندا گەیشتە لوتکە و سەدان هەزار کەس بە یەک دەنگ هاواریان بۆ ئازادی ئۆجالان و چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد کرد، دیسان هەندێک کورد و رەنگە کەسانی بیانیش پرسیارێکیان لەلا دروستبوو، بۆچی ئۆجالان؟ بۆچی داواکاری بۆ ئازادی ئەو بووەتە خواستی سەرەکی بزوتنەوەیەکی رزگاریخوازی گەلێک.

هەندێک بەمەبەست و هەندێکیش بێ مەبەست ئەمە بە 'کورتکردنەوەی داواکارییەکانی گەلێک لە ئازادی کەسێک' یاخود 'دانانی تاکێک لە سەرووی گەلێک'، یان 'قوربانیکردنی خواستی گەلێک لەپێناو کەسێک' ناودێر دەکەن.

بەراوردکارییەکی چەواشاکارانە

هەندێک لەوەش واوەتر دەچن و ئەوە بە 'تاکپەرستی، هاوشێوەی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان' ناویدەبەن. لەمەیانەوە ئەگەر دەستپێبکەین، چواندن و بانگەشەیەکی بۆش و بێ بنەمایە و چەواشەکارییەکی روونە. چونکە هەر لە بانگەشەکەی خۆیاندا ئامرازی رەتکردنەوەی بوونی هەیە، کاتێک باس لە دەسەڵات و رژێمەکان دەکەن.

راستە لە رژێمە تۆتالیتەر و دیکتاتۆرەکان، بە زەبری زێڕ و زۆر، ئایینی پەرستنی سەرکردە برەوی پێدەدرێت، خەڵک نەک لەبەر خۆشی خۆی، بەڵکوو بە زۆر ناچار دەکرێت سەرکردەی دەسەڵات و رژێمەکە بپەرستێت، بە باڵایدا هەڵبڵێت. بەڵام ئەمە بۆ سەرکردەیەک کە نەک لە دەسەڵاتدا نییە، بگرە چارەکە سەدەیەکیشە لە زیندانە و سێ ساڵیش دەبێت کەس ئاگای لێی نییە، ناتوانێت راست بێت و بەسەریدا گشتاندنی بۆ بکرێت، چونکە لە بنەڕەتدا لە زیندانەوە نە دەتوانێت بە پارە خەڵک بە خۆیەوە ببەستێتەوە، نە بە چاوسورکردنەوە و ترساندن دەتوانێت وایانلێبکات کوڕنوشی بۆ ببەن و خۆشەویستی خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت.

پەرۆشی گەلێک بۆ رێبەرەکەیان و ئەوەی بە بێ ئەو ناتوانن بژین، بۆ راستی ئەو رێبەرە دەگەڕێتەوە، ئەو کەسێک نییە بۆخۆی ژیابێت، لەپێناو خۆیدا تێکۆشابێت و بەهۆی کەیسی کەسییەوە کەوتبێتە زیندانێکی تاکەکەسی.

پیلانگێڕی نێونەتەوەیی پەردەی دووەمی لۆزان بوو

لە بنەڕەتدا پیلانگێڕی و رفاندنی رێبەر ئۆجالان لەلایەن هەمان ئەو هێزانەوەبوو کە بەر لە ٧٥ ساڵ لە لۆزاندا کوردستانیان پارچەکردبوو، ئێستا و دوای ١٠٠ ساڵ لە لۆزان هەمان ئەو هێزانە چاویان بە سەر تاوان و پێشلکارییە زەقەکانی داگیرکەران لە کوردستان نوقاندووە و بەشێکیش لە تاوانە و کارەساتانە، ئەمە جیالەوەی هەر ئەوانە لە رێگەی بەڕێوەبردنی سیستمی گۆشەگیری ئیمراڵی درێژە بە سیاسەتی ١٠٠ ساڵەی قڕکردنی گەلی کورد دەدەن.

رێبەرێک کە ژیان و گەنجی خۆی بۆ گەلەکەی بەخت کردووە و ٢٥ ساڵە لە زیندانە، بێگومان گەلەکەشی پێزانین و ئەمەگداری ئەو قوربانیدانەیە، ئەمە ئەوەندە هاوکێشەیەکی ئاڵۆز نییە، لە بنەڕەتیشدا ئۆجالان نەک وەک کەسێک کەوتووەتە زیندان، نە وەک کەسێک گۆشەگیر کراوە، بۆیە داوای ئازادی ئەویش داوای ئازادی کەسێک نییە، ئەو ئیرادە و نوێنەری گەلێکە، لۆژیکیترین ئەنجامی ئەم هاوکێشەیە بریتیە لەوەی ئازادی ئۆجالان یەکسانە بە ئازادی گەلی کورد.

ئۆجالان کە بە پارادیگمای نوێی و تێزی نەتەوە و کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیک، لە سەر بنەمای ئیکۆلۆژیک و ئازادی ژن بووەتە رێبەری گەلان و ژنان، بە ئازادبوونی مزگێنی جیهانێکی جیاواز، پڕ لە ئاشتی و یەکسانی بە سەرجەم گەلان دەدرێت، بۆیە شان بە شانی گەلی کورد، دۆستانی ئینتر ناسیۆناڵیستیشی هاوار بۆ ئازادبوونی دەکەن.

سەرۆکی پێشووی سی پی تی نهێنیەک ئاشکرا دەکات

بۆ تێگەیشتن لە سەرچاوەی خۆشەویستی گەل و چڕکردنەوەی هەوڵەکانی بزوتنەوەی ئازادی گەلی کورد بە دەوری تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و زانینی هەڵوێستەکانی لە زیندان، جیا لە پارێزنامەکانی کە لەبری ئەوەی داکۆکی بن لە خۆی لە بنچینەدا پارێزنامەی گەلن، وتەی یەکێک لەوانەی لە زیندان چاوی پێیکەوتووە هەموو شتێک روون دەکاتەوە.

مارک نێڤی پارێزەری بەلژیکی و سەرۆکی پێشووی کۆمیتەی رێگری لە ئەشکەنجەی سەر بە یەکێتی ئەوروپا (سی پی تی) کە لەساڵانی ٢٠٠١، ٢٠٠٣ و ٢٠١٠ لە چوارچێوەی شاندی سی پی تی سەردانی ئیمراڵی کردووە، باس لە تایبەتمەندییەکی رێبەر ئۆجالان دەکات، کە جیای دەکاتەوە لە هەموو زیندانیانی سیاسی دیکە کە پێشتر و دواتر سەردانیان کردوون.

نێڤی لە چاوپێکەوتنێکدا کە ماوەیەک بەر لە ئێستا لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات ئەنجامی دابوو دەڵێت، " زۆر شت هەبوون کە دەیویست باسیان بکات، بەڵام ئەو نەک لەبارەی خۆیەوە، بەڵکوو لە بارەی گەلەکەیەوە نیگەران بوو. ئەمە گەورەترین تایبەتمەندی ئەوبوو. واتە ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە ئۆجالان زۆر کەم باسی دۆخی خۆی دەکرد، زیاتر باسی دۆخی گشتی دەکرد. زۆرتر دەیویست باسی دۆخی سیاسی گشتی بکات. چونکە دەیزانی کە زیندانییەکی سیاسیە.

لەسەردانەکانماندا ئەوەی زیاتر کاریگەری لەسەر من دانا ئەوەبوو کە ئۆجالان زۆر باسی لە هەلومەرجی زیندانیبوونی خۆی نەدەکرد. زیاتر باسی لە گەلی کورد و پەکەکە دەکرد. ئەو هەڵوێستەی ئۆجالان زۆر سەرنجڕاکێش بوو، لەبەر ئەوەی زیندانیەکان زیاتر گلەیی و گازندە لە دۆخی سیاسی ناکەن، زیاتر قسە لە سەر دژوارییەکانی خۆیان و ژیانی رۆژانە دەدوێن و باسی ئەو بابەتانە دەکەن. لە دیدارەکانماندا لەگەڵ ئۆجالان دۆخێکی تەواو پێچەوانە هەبوو. ئەو هەڵوێست و مامەڵەیە بۆ ئێمە زۆر گرنگبوو".

کەواتە وەڵامەکە زۆر روون و ئاسانە.. ئەوەی بۆ گەل بژی، گەل بە بێ ئەو ناژی، گەل گۆشەگیری ئەو بە گۆشەگیری خۆی دەزانێت و ئازادی خۆیشی لە ئازادی جەستەیی ئەودا دەبینێت و شکاندنی دیوارەکانی ئیمراڵی بە هەرەسهێنانی لۆزان و هەموو پیلانگێڕییەکان لە دژی خاک و خەڵکی وڵاتەکەی دادەنێت.

هـ . ب