چواری نیسان، تەنیا رۆژێكی سیمبۆلیك نییە. چواری نیسان لەدایكبوونێكی نوێیە. مێژوویەكی نوێ و تێكۆشانی ئازادی مرۆڤی ئازادە. شوناسێك بۆ پێناسەكردنی كۆمەڵگە و تاكە. رۆژی ئافراندن و خولقاندنی هزر و فەلسەفەی ئازادی و رۆژێكی پیرۆزە لەمێژووی گەلی كورد دا. رۆژی شێوە و فۆرمگرتنی تاكی ئازادە. رۆژی لەدایكبوونی رێبەر ئاپۆ و گەلی كورد و مرۆڤایەتیە. رۆژی هەستانەوە و وەستانەوەیە لەبەرامبەر بەسیاسەتی داپلۆساندن و چەوساندنەوە و توانەوە و قڕكردن و لەناوبردنی گەلی كوردە.
چواری نیسان، رۆژی زاینی گەردوونە. رۆژی هەناسە بەبەركردنی ئاو و خاك و هەوا و ئاگرە. رۆژی سەركەوتنی رووناكی بەسەر تاریكی و شەوەزەنگە. رۆژی بەرخۆدان و خۆڕاگری و رازاندنەوەی چیا و دەشت و هەوار و نسارە. چواری نیسان، رۆژی چوارشەممە سورێ و هەڵاڵە و گوڵاڵە سوورە و مرۆڤە خوێن شیرین و هەست بزوێنەكانە.
چواری نیسان؛ رۆژی هەتاو و دایكە ئافتاوە. رۆژی مەلەك خاتوون و ژنی خوداوەندە. رۆژی هەڵكردنی بای سەبا و شەماڵە. چواری نیسان؛ ئاسمان و زەوی و بەڕ و بەحری خوڵقێندراوە. رۆژی منداڵە چاوگەش و قژكاڵەكانی شنگال و دەنگەدەنگی قاسپەی كەو و شنەبای بەهارە.
چواری نیسان، رۆژی لەدایكبوونی مرۆڤە خاسەكانە. رۆژی كرانەوەیە بەڕووی جیهان و حیساب خواستنە لە پیاو گركن و دەسەڵاتدارەكان. رۆژی عیسای لەخاچ دراو و دامەزراندنی پەژاك و بونیادنانی ژیانێكی ئەستاتیكانە و بەئەخلاقە.
چواری نیسان؛ رۆژی لەدایكبوونەوەی پرۆمیتۆسی هاودەم و بانگەوازی ئاشتی و ئارامی و سەرفرازی گەلانە. رۆژی لەدایكبوونی رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالانە. رۆژی هەڵوەشاندنەوەی كۆشك و تەلار و شورای مۆدێرنیتەی سەرمایەی فینانسی سیستەمی سەرمایەداری دزكۆكەیە. رۆژی هەڵهاتنی رۆژی رۆژهەڵات و فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادییە. نیسان؛ مانگی زاوزێ خوداوەندی سروشت و تەقەدۆسی عەشتار و ستێرك و ئاناهیتا و كیبەلە و لاشكیبایە.
چواری نیسان رۆژی پەیمان و بەڵێن و سۆز و هەستە. رۆژی رابوون و زیندووبوونەوەیە. رۆژی ئاوەدانی گوند و سروشت و بەخۆداچوونەوە و ژیاندنەوەیە. رۆژی حەقیقەت و ئازادیی و ئازاییە. رۆژی قارەمانیەتیە و كۆتایی هێنانە بەزوڵم و ستەم و ژێردەستەیی و نامۆبوون. رۆژی وەستانەوەیە بەڕووی ستەمكاری و چەقبەستووی و دانپێدانانی راستی و جوامێرییە.
رۆژی داد و دادگەرییە. رۆژی رووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ راستینە مێژوویی و ژیانیەكاندا. رۆژی بەرپرسیارێتی دیرۆكی و راپەڕاندنی ئەركە هەنووكەییەكانە. رۆژی بوون و لەقاودانی دوژمنە. چواری نیسان رۆژی گەڕانەوەی نرخ و بەهای مرۆڤ و رۆژی رەنج و هەرەوەزی و پێكەوەیی و بەرەكەت و پیرۆزییە. رۆژی هەڵمەت و زیندبوونەوەی ویژدان و زیهن و گەلێكە.
چواری نیسان؛ رۆژی شۆڕش و سەرهەڵدانە. رۆژی مێژووی بەرجەستەترین و پێشەنگانی كۆمەڵگە و هونەرمەندانی كێبڕكێكاری نێو گۆڕەپانی ژین و ژیانن. رۆژی وەفا و پاكترین مرۆڤی دوێنێ و ئەمڕۆنە. رۆژی سەرداری سەربداران و خوڕەمدینان و بابەكیان و حەسەنیان، بالولیانە. رۆژی رێ نیشاندەر و رێزانانە. چواری نیسان، رۆژی ئاپریلە و ئاودان و ژیانە لەئامێزی سروشتدا.
"4"ی نیسان، لەدایکبوونی رێبەر ئاپۆیە
لە 4ی نیسانی 1949دا تەنیا رێبەرێك لەدایك نەبوو؛ بەڵكو لەهەمانكاتدا رێزان و رێنیشاندەری تێكۆشانی گەلێكی تینووی رزگاری لەدایك بوو. فەلسەفەی تێكۆشان و ژیانی ئازاد چەكەرەی سەند و بەگەورەبوونی رێبەر ئاپۆ لەقۆناخی منداڵی و منداڵكاری و گەنجی دا بەوردی ناكۆكیە كۆمەڵایەتیەكان چاودێری و شیكار دەكات و لەبەرامبەر بەداب و نەریتی پاشڤەڕۆیانەی كۆمەڵگە دەبێتە خاوەن هەڵوێست و كرداری پراكتیكی. لەژیانی كۆمەڵایەتیدا هەست بەئێش و ئازارەكانی گەل و تاك دەكات. وەك نموونە لەبەرامبەر بەدابڕان و سنورداركردنی پەیوەندیە عەشیرەیەكان، زەواجی ناوەختی كچان"تەمەن بچووك"، ئاسیمیلاسیۆن و تواندنەوەی زمانی دایك لەلایەن دەوڵەتە داگیركەرەكانی سەر كوردستان"لەباكوری كوردستان دەوڵەتی توركی داگیركەر"، چالاكی توڵەسەندنەوە، پەیوەندی نێوان ژن و پیاو"ژێردەستەبوون و سەردەستی" و ...هتد دەوەستێتەوە و ژیانێكی وەها بەژیان دانانێت و رەتی دەكاتەوە و هاوشێوەی پەیامبەرانی چاخی ناوین دەست بەگەڕێكی دوور و درێژ دەكات. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات كە رێبەر ئاپۆ هەر لەسەرەتای منداڵییەوە، نیشانەكانی رێبەرایەتی كردنی تێدا بەرجەستە و دیار بووە و دەركەوتووە. رێبەر ئاپۆ لەمانیفێستۆكانی خۆیدا ئاماژە بەو قۆناخە دەكات و ئەوە وەك زاینی دووەم بەناو دەكات.
رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان"رێبەر ئاپۆ" لەو گەڕە دوور و درێژەیدا درك بەداگیركەریەكی قووڵ و درێژخایەن لەسەر گەلەكەی دەكات. بە "كوردستان داگیركراوە" روو لەتێكۆشانی رزگاری نەتەوەیی، دیموكراتیك و چینایەتی دەكات و لەگەڵ گەنجانی گەلانی تر لە لاز و چەركەس و ئاشوری و عەرەب و تورك و كورد دەچێتە ناو گەنجانی دەڤ یول لەئەستەمبۆڵ جێگا دەگرێت و لەناڕەزایەتیەكدا دژ بەتیرۆركردن و شەهیدخستنی هەڤاڵان دەنگیز گەزمیش و ماهیرچایان لەگەڵ چەند گەنجێكی تر دەستگیر و ماوەی حەوت مانگ لەزیندانی دەوڵەتی تورك بەند دەكرێت. بەڵام دوای دەركەوتنی لەزیندان بەشێوەیەكی بەهێزتر و تۆكمەتر لەناو گەنجانی چەپی توركیا جێ دەگرێت. بەهۆی نزیكبوونەوەی چەپی تورك سەبارەت بەپرسی نەتەوەیی، رێبەر ئاپۆ بڕیار دەدات لەنێو رێكخستنی گەنجانی چەپدا گەنجانی كورد بەرێكخستن و كۆبكاتەوە، ئەو خەباتەی دەگاتە ئاستێك كە گروپێكی حەوت كەسی پێكەوە دەنێت و دەست بەخەباتی پڕوپاگەندەیی خۆیان دەكەن. لەنێو ئەو گروپە حەوت كەسییەدا، ژمارەیەك هەڤاڵی تر لەگەلانی تریشدا جێ دەگرن؛ چونكە ئەو گەنجانەی لەو گروپەدا خۆیان دەبیننەوە، پێیان وایە بەڕزگاری گەلی تورك، رزگاری گەلی كورد پێكنایەت، بەڵام بەپێچەوانەوە بەڕزگاری گەلی كورد، گەلی تورك و گەلانی تریش لەنێو سنوری دەوڵەت و رژێمی توركیادا ئازاد دەبن. ئەو هەڤاڵانە بەباوەڕیەكی قووڵ نیشانەكانی رێبەرایەتی لەكەسایەتی رێبەر ئاپۆدا دەبینن و بەهەموو شێوەیەك ئامادەی گیانبازی و چالاكی و بەڕێكخستن كردنی گەل دەبن و بەشێوەیەكی زانستیانە و بابەتیانە و بەوردبینی هزری، سیاسی، فكری، فەلسەفی دەست بەتێكۆشانی رزگاری نەتەوەیی، چینی و رەگەزی دەكەن. ئەم هەنگاوە دەبێت بەقەڵەمبازێك لەهێڵی تێكۆشانی ئازادیخوازی و رزگاری نەتەوەیی گەلی كورد بەپێشەنگایەتی رێبەر ئاپۆ.
رێبەر ئاپۆ هەر لەقۆناخی منداڵیدا دژ بەچەمكی پەیوەندی سنورداری عەشیرەتگەرایی، بنەماڵەیی و رەگەزگەرایی كۆمەڵگەی باو دەوەستێتەوە و هەر لەو كاتەشدا دەرك بەداگیركەری كلتوری دەوڵەتی تورك لەبەرامبەر بەگەلەكەی دەكات. بۆیەش لەتێكۆشانی رزگاری نەتەوەیی دا، خەباتی چینایەتی و رەگەزی و پێكەوەژیانی گەلان و دیموكراسی دەكاتە بنەما و رێچكە و پێوان و پرەنسیپی تێكۆشان.
رێبەر ئاپۆ لەسەر ئەو رێڕەوە دەست بەتیكۆشان دەكات و تا دامەزراندنی پەكەكە و هێزی رزگاری كوردستان"ئارگەكە" و بەرەی رزگاری گەلی كوردستان"ئەرنەكە" و دەركەوتنی لەتوركیا و باكوری كوردستان بۆ رۆژئاوای كوردستان و لەوێوە بۆ فەلەستین و دۆڵی بیقاع و دامەزراندنی مەكتەبی پەروەردەی كادیران"شەهید معسوم كۆركماز" و ئاگربەستی تاكلایەنەی ساڵی ١٩٩٣ و پیلانگێڕی نۆی ئۆكتوبەری ١٩٩٨ و رفاندنی لە پانزدەی شوباتی ١٩٩٩ وەك زاینی دووەمی خۆی بەناو دەكات.
زاینی سێیەم رێبەر ئاپۆ، بەندكردن و گۆشەگیركردنیەتی لەزیندانی ئیمراڵی و گوڕانكاری لەهێڵی تێكۆشانی رزگاری نەتەوەیی پەكەكە بەناو دەكات. رێبەر ئاپۆ لەماوەی ئەو بیست و پێنج ساڵەی لەزیندانی ئیمراڵی بەندكراوە، بەهەزاران لاپەڕەی نووسیووە. وەك خۆی باسی لێوە دەكات، بیست و چوار كاتژمێری شەو و رۆژ بەشی ناكات بۆ ئەوەی كاروخەباتی ئازادی بەرێوە ببات. بەبێ وچان لەو زەمەنەی لەسیستەمی قڕكردنی ئیمراڵی گۆشەگیركراوە و لەدنیای دەرەوە دابڕێندراوە، لەرووی پارادایمی تێكۆشانی ئازادی گەلی كورد و گەلانی جیهان، هزری نەتەوەی دیموكراتیك، خۆسەری دیموكراتیك و كۆنفدراڵیزمی دیموكراتیك لەچوارچێوەی سیستەمی مۆدێرنیتەی دیموكراتیك و زانستی ژنۆلۆژی پێشخستووە.
رێبەرایەتی لەدایكبوونی خۆی بەشێوەی هزری ـ فەلسەفی دەنرخێنێت و لەنێو دیالەكتیكی كۆمەڵایەتی، چاندی نەتەوەیی، رێكخستنی هەڵدەسەنگێنێت و لەبەرامبەر بەزهنیەتی پیاوی دەسەڵاتدار و زۆردار و فێڵباز و چەمكی زانستی پۆزەتیڤیزمی دەسەڵاتداریەتی، زانستی ژنۆلۆژی لەچوارچێوەی پارادایمی سیاسی ـ ئەخلاقی، ئیكۆلۆژی و لەسەرهێڵی ئازادی ژن فۆرمووڵە دەكات.
رێبەر ئاپۆ لە شیكاریە هزری و فەلسەفی و سیاسی ـ رێكخستنیەكانیدا پێیوایە، ئازادی تاك و بوونی جەستەیی تاك بەندە بەئازادی كۆمەڵایەتیەوە؛ چونكە تاك پێكهاتەیەكی كۆمەڵایەتیە و بەبێ كۆمەڵگە ناتوانێت بژیت. لەلایەكی ترەوە رێبەر ئاپۆ وەك كەسایەتیەكی سۆسیالیست"كۆمەڵایەتی بوون"، لەزاینی سێیەمی خۆیدا و بەو سیستەمی ئەشكەنجە و گۆشەگیریە توندەی لەسەری پەیرەو دەكرێت، تێكۆشانی رەگەزی، نەتەوەیی دیموكراتیك و چینایەتی زۆر قووڵتر و بەرفراوانتر و بەهێزتر بەرێوە برد. بۆیەش هەرچی دەچێت سیاسەتی گۆشەگیری لەنێوگۆشەگیریان زیاتر توندوتۆڵتر كردوە. زیندانی ئیمراڵی ئیدی لەزیندان زیاتر وەرچەرخاوەتە سیستەمی ئەشكەنجە و ڕزاندن و قڕكردن.
ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە رێگە بەپارێزەر و بنەماڵەی رێبەر ئاپۆ نادرێت چاویان پێ بكەوێت و پەیوەندی لەگەڵدا دروست بكەن، تەنانەت رێگە بە كەس و كاری زیندانیانی تریش لەئیمراڵی نادرێت چاویان بەرۆڵەكانیان بكەوێت. لەبەڕێوەبردنی ئەم سیاسەتە دەوڵەتی داگیركەری تورك، سی پی تی سەر بەكۆنسەی یەكێتی ئەوروپا و ناتۆ جێ دەگرن. لەبەرامبەر بەو سیاسەتەش هەڵمەتی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی كورد ئەگەر بەشێوەیەكی چالاكتر و كارامەیانەتر و بەهێزتر بەڕێوە بچێت، دەتوانێت دۆخی رێبەر ئاپۆ و گەلی كورد و تێكۆشانی ئازادی گەلانی هەرێمەكە و جیهانیش بگۆڕێت و دەبێت هەر تاكێكی كورد و دیموكراتیكخواز و نیشتمانپەروەر و مافناس بزانێت كە ئازادی رێبەر ئاپۆ بەواتای ئازادی گەلی كوردە و ئازادی گەلی كورد بەواتای ئازادی گەلانی تر و گەلانی ژێردەستەی جیهانە.
هـ . ب