دەوڵەتی تورک پیلانگێڕی و تەسفیەیەکی گەورە لەسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێش دەخات. دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا هەمیشە لە ئامانجی ئەواندا بوون. هەرێمە کوردییەکانیان وەک "کۆریدۆری تیرۆر" و کوردەکانیان بە "تیرۆریست" ناودەبرد. لێرەدا بە ڕوونی لۆژیکی نکۆڵیکردن لە گەلی کورد و لەناوبردنی گەلی کورد هەیە. لە هەموو دونیادا هیچ دەوڵەتێک قەسەدە و یەپەگە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پێناسە ناکات. بەڵام دەوڵەتی تورک بە پێداگرییەوە هەردەم دەڵێت کە یەپەگە و پەکەکە یەکن و هەمان شتن.
بۆ لەناوبردنی هەبوون و ستاتۆی گەلی کورد، بێجگە لە پەکەکە، دەوڵەتی تورک هیچ ئارگۆمێنتێکی بەدەستەوە نەمابوو. چونکە ئیدی هەموو جیهان گەلی کوردی ناسی. کورد ئەو هێزە پێشەنگەیە کە لە سوریا داعشی شکاند. لەگەڵ هێزە نێونەتەوەییەکان دژی داعش تێکۆشا و تا ئێستەش بەردەوامە. هاوسۆزییەک بۆ گەلی کورد لای گەلانی جیهان پەیدابوو. لەبەرامبەر ئەمەشدا، دەوڵەتی تورک پێداگریبوو لەسەر دوژمنایەتی و هێرشکاری خۆی دژی گەلی کورد. هەردەم شەڕی دژی داعش پشتگوێ دەخست و هەوڵی دەدات بیشارێتەوە. هەڵدەستا و دادەنیشت، باسی پەکەکە و تیرۆری دەکرد. هەوڵی دەدا، گەلی کورد و بەرخۆدانیان و ڕاستییەکان ڕەش بکات.
ئێستە ئەردۆگان بەڕێوەبەرانی هەیئەی تەحریر ئەل شام (هەتەشە) لەئامێز دەگرێت، بووەتە پاڵپشتی ئەوان، دەیەوێت ئەوانیش بهێنێتە نێو ئەو بلۆکەی دەیەوێت دژی کورد درووستی بکات. بەرپرسانی تورک، چەتەکانی سوپایی نەتەوەیی سوریا (NSA) سەر بە خۆیان، دژی گەلی کورد و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ئامادە کرد و ئاراستەیان کردن بۆ شەڕ. پاش ئەوەی هەتەشە حەلەبی بەدەستهێنا، چەتەکانی سوپایی نەتەوەیی سوریا (NSA)ـی ناردە سەر شەهبا و تەل ڕەفعەت. پاشان مەنبەج و هەرێمەکانی تریان کردە ئامانج. ئەمانە بە حیساب هێزی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا بوون، لە جیهان وەها پێناسە دەکرنا. بەڵام ئیدارەی بەشار ئەسەد ڕووخا. ئەمانە ئیتر ئۆپۆزسیۆنی چین؟ دەبوو ئێستە وەک هەتەشە لە شام بوونایە و بەشداری پرۆسەی سیاسییان بکردایە.
ئامانجی سەرەکی تورکیا، ئاشتی و ئارامی سوریا نییە. بەڵکو ئامانجی ئەوەیە هاوشێوەی باشووری کوردستان ستاتۆی کوردان نەمێنێت. هەم خۆی و هەم چەتەکانی وەک سوپایی نەتەوەیی سوریا (NSA) هێرش دەکەنە سەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و دەیانەوێت دەسکەوتەکان لەناوببەن. ئەو ئەنجامەی ویستیان لە سوپایی نەتەوەیی سوریا (NSA) دەستیان بکەوێت، دەستیان نەکەوت، ئێستە دەیانەوێت هەتەشە بەکاربهێنن. ئەگەر دەوڵەتی تورک خۆی بەشداری شەڕ بێت، ڕەنگە جیهان و دەوڵەتانی عەرەب ناڕەزایەتی نیشان بدەن. بەڵام گەر بە دەستی هەتەشە بیکەن، ئەمە بەکەڵکترە بۆ ئەوان.
لێرە هەڵوێستی هەتەشە دێتەپێش. بەگوێرەی ڕاگەیاندراوی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، هەتەشە ڕایگەیاندووە نایەوێت لەگەڵ ئەواندا شەڕ بکات. بەڵام هەتەشە دەربارەی هێرشی سەر گەلی کورد و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری. تا ئێستە هیچی نەگوتووە. بەڵام کاریگەرییەکی زۆری لەسەر سوپایی نەتەوەیی سوریا (NSA) هەیە. گەر بیەوێت دەتوانێت ئەم شەڕانە بوەستێنێت، بەڵام هیچ هەنگاوێکی نەناوە. پەیوەندی سیاسی لەگەڵ هێزەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری نەبەستووە. ئەمەش سەیرە. ئایا هەتەشە بەشدارە لە پیلانگێڕیی دەوڵەتی تورک دژی گەلی کورد و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری؟ دەتوانین بڵێین، بەڵێ وایە. چونکە لێدوانەکانی ئەم دواییەی هاکان فیدان، ئەمە بەبیری مرۆڤدا دەهێنن.
بەرپرسانی تورک دەیانگوت "یەپەگە و قەسەدە تەسفیە دەکرێن، چەکەکانیان دادەنێن و لە شوێنی خۆیان دادەنیشن. بانگەوازەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە لە سەرانسەری جیهانەوە زیادیان کرد. هەمووان لەوە تێگەیشتن کە دەوڵەتی تورک هۆکاری ئەو پێشهاتانەیە و لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە درێژەیان پێ دەدرێت. تورکیا ئەمە ناشارێتەوە. با تەنها سەیری چاپەمەنی تورک بکەین، هەموو شتێک بە جۆرێک ڕوونە. ئەگەر پشتگیری ئاسمانی سوپایی نەتەوەیی سوریا (NSA) نەکات، ناتوانێت شەڕ بکات. دەوڵەتی تورک پاڵپشتی ئاسمانی سوپایی نەتەوەیی سوریا (NSA) دەکات و زرێپۆش و هەموو جۆرە هاوکارییەکیان بۆ دابین دەکات و ژەنەڕاڵەکانی سوپای تورک سەرکردایەتی شەڕەکە دەکەن. تەنها سوپایی نەتەوەیی سوریا (NSA) وەکو چەکداری بەکرێگیراو بەکاردێت و ناوی هەیە. بەڵام پلان و شەڕەکە هی خودی دەوڵەتی تورکە.
دەوڵەتی ئێستای تورک ئێستە تەنگاو بووە، کێشەکان زیاتر بوون و ناتوانێت بڵێت سوپاکەمان دەنێرین بۆ شەڕ. بەڵام ئێستا دەڵێن "چەکداماڵین و تەسفیەکردنی یەپەگە و قەسەدە کاری هەتەشەیە، وا دیارە ئەرکی تەسفیەکردن بۆ هەتەشە جێهێڵراوە". تا ئێستا هەتەشە هیچی لەو بارەیەوە نەوتووە. ناڵێت کە "بە چەک کێشەی ئێستا چارەسەر ناکەین، بەڵکو بە دیالۆگ و کۆبوونەوەی سیاسی چارەسەری دەکەین"، تا ئێستە نەیگوتووە. دەمیان ناکەنەوە و یەک قسەش لەسەر ئەو خاکانە ناڵێن کە دەوڵەتی تورک لە سوریا داگیری کردووە. بەو پێیەی ڕژێم لە سوریا گۆڕاوە، پەنابەران دەتوانن بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان، ئەوکات ئەگەری داگیرکاری دەوڵەتی تورک چییە؟ هەتەشە دەڵێت نابێت ئیسرائیل بچێتە ناو خاکی سوریا و پێویستە داگیرکاری کۆتایی پێبێت. بەڵام ئەو خاکانەی دەوڵەتی تورک داگیری کردوون زیاترن. ئەمەش تەنها لە داگیرکردندا سنوردار نییە. لە سوریا خوێن دەڕژێت و شەڕ بەردەوامە.
شتێکی تری سەیر و سەمەرە، هەڵوێستی ئەنەکەسە و پەدەکەیە. ئەوانیش لەم پیلانگێڕییەدا ڕۆڵی چالاک دەگێڕن و بەشێکن لەو پیلانگێڕییە. "هەموو کۆمەڵگەی کورد دەڵێن پێویستە یەکێتییەک پێکبهێنین و بە شاندێکی هاوبەش بچنە دیمەشق". کەچی ئەنەکەسە بێباکانە وەڵامی "نەخێر" دەداتەوە. ئەوانیش وەک دەوڵەتی تورک دەڵێن "با پەکەکە لە هەرێمەکە دەربچێت". پێشتر ئەنەکەسە نەیدەتوانی لەبەردەم ڕای گشتی وەها بدوێت. ئێستە بوێری لە دەوڵەتی تورک وەرگرتووە، بەشێوەیەکی سەیر دەیەوێت ڕۆژئاوا بێکاریگەر بکات. ئێستە شتی سەیر ئەوەیە، هێشتاش لەناو ڕێککەوتندان. ئایا بەرنامە و چارەسەری ڕێککەوتن بۆ کوردان چییە؟ ئێستە نەیار و ئۆپۆزسیۆنی کێیە، یان حکومەتە کاتییەکەیان دژی کێیە؟ ئەم ئۆپۆزیسیۆنە بەشێوەی فیعلی نەماوە و هۆکاری مانەوەی نەماوە. هەبوونیان تەنها لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دژی گەلی کورد بەکاردێت.
پێویستە گەلی کورد و هێزە ئەنتەرناسیۆنالیست و لایەنە چەپ و دیموکراتەکان بزانن کە دژی کورد و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، پیلانگێڕییەکی نوێ و کۆنسێپتی لەناوبردن جێبەجێ دەکرێت. پێویستە ئەم ڕاستییە بە گەلانی جیهان بگوترێت و پیلانگێڕییەکە پووچەڵ بکرێتەوە.
سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆڵەتیکا