گەنجان و بەرپرسیاریەتی قۆناغ

گەنجان هێزی دینامیکی کۆمەڵگان و پێشەنگی شۆڕشن، بێ‌گومان ئەوە تەنیا پێناسەیەک نیە و دەبێت گەنجان خاوەنداریەتی تەواوی لێ بکەن و بە پێی ئەو پێناسەیە بەرپرسیاریەتی قۆناغ بە ئەستۆ بگرن. ژن ژیان ئازادی، ورە و وزەی ئەو تێکۆشانەیە و سەرکەوتنەکەی مسۆگەرە.

کاتێک کە رێبەر ئاپۆ دەڵێت:”بێ‌رێکخستن بوون تەنانەت گەڵایەکیش لە شوێنی خۆی ناجووڵێت“، باس لە گرینگی بابەتێک دەکات کە بنەمای سەرکەوتوانە پێکانی ئامانجێکە کە دیار کراوە. تاک یا خود کۆمەڵگایەکی رێکخستنی تێک ناچێت، فەشەل ناهێنێت و لە گەیشتن بە ئامانجەکانی‌دا پێداگرە و پێداویستیەکانی سەرکەوتن لە گەیشتن بە ئامانج‌دا و وزەی پێویست بۆ تێکۆشانەکەی بە بەردەوامی بەرهەم دێنێت و قازانج دەکات.  جا چ ئامانج رۆژانەیی و بە گوێرەی پێداویستیە ژیانیەکان بێت، یا خود ئالوگۆڕی ستراتیژیک و شۆڕشێک بێت. رێکخستن بوون بابەتێکە کە لەناو سەرجەم پێکهاتە‌کانی گەردوون‌دا بەدی دەکرێت و تەنانەت دەتوانین بڵێین هیچ هەبوونێک بێ‌رێکخستن‌بوون ناتوانێت بەردەوامی بە هەبوونی بدات و تووشی هەڵوەشانەوە دەبێت. سروشت نموونەی دیاری رێکخستن بوون و شێوازێکی سەرنج راکێشی هاوئاهەنگ بوونە. جۆرێکی کار کردنی رێک و پێکە و سەرجەم پێک‌هاتەکانی لە جموجۆڵێکی واتادار دان. هەر لە ژیانی بچووک‌ترین گیانلەبەر تا سووڕانی مانگ و ئەستێرەکان، هەر هەمووی سەلمێنەری نەزم و رێکخستنبوونی ناوبەینی پێکهاتەکانی سروشتە. کۆمەڵگای ئینسانی کە بەرجەستەبوو و وێنای گەردوونی بچووک و مەزنە، دابڕاو لەو رێکخستن‌بوونە نیە و کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی و سیاسی جۆرەی ئەو هاوئاهەنگی و رێکخستن‌بوونە سروشتیانەیە. دۆخی قەیراناوی کۆمەڵگای ئینسانی و سەرجەمی ئەو گرفتانەی کە ئەوڕۆکە بەرۆکی گرتووە، دابڕاو لە دابڕانی مرۆڤەکان لە بنەماکانی ژیانێکی سروشتی و ئەو هاوئاهەنگیە سروشتیانەی گەردوون نیە.

شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بانگی گەڕانەوەی کۆمەڵگا بۆ حەقیقەتی هەبوون و ئەو شێوازە ژیانە واتادارەیە کە زەوت کراوە، چەواشە کراوە و لە ناوەرۆکی راستەقینەی داماڵدراوە. دووهەم ساڵیادی دەستپێکردنی شۆڕشێک کە لە گەردوون‌دا دەنگی داوەتەوە و بۆتە ئیلهام بۆ هەر کۆمەڵگایەک کە خواستی ژیانێکی ئازاد خستوویەتیە سەر رێگەی تێکۆشان بەرامبەر دەسەڵاتداران و زهنیەتی دژ مرۆڤیانەیان؛ هاوکاتە لەگەڵ روانگەی جیاواز و دژ بەیەک لەسەر چۆنیەتی و چەندایەتی ئەو شۆڕشە. ئەوەی کە نکۆڵی لێ ناکرێت و راشکاوانە دەتوانین باسی لێبکەین، سەرجەمی ئەو گۆڕانکاریانەیە کە دوا بە دوای دەستپێکی ئەو قۆناغە، لە شێوازی روانین، بیر کردنەوە و ژیانی کۆمەڵگاکان دا بەدی دەکرێت. شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بەرهەمهێنەری زۆر نرخی مادی و مەعنەویە کە ئەوڕۆکە هەوێنی شۆڕشن.

 دەسەڵاتەکان بەبەردەوامی لە هەوڵدانی بێ کاریگەر کردنی ژنان و گەنجان لە بواری هزری دانە. ژنان و گەنجان خراونەتە دۆخی ئامێرێکی جێ‌بەجێ کاری خواستەکانی دەسەڵاتی پیاوسالار و پیرسالار. لە دۆخێکی داسەپێندراوی وەهادا بە رێگەی مێتۆلۆژیا، ئایین، زانست و … لە بەرژەوەندی دەسەڵات و کەڵەکە کردنی سەرمایەوە، ژنان و گەنجان لە شوناسی راستەقینە و توانا سەرەکیەکانیان نامۆ کراون و لە ئاستی پێشەنگایەتی کۆمەڵگا دوور خراونەتەوە. هێز و دینامیکی سەرەکی گۆڕانکاری و شۆڕش گەنجانن و رێبەری راستەقینەی شۆڕشێکی دێمۆکراتیکیش ژنانن؛ بێ‌گومان دەسەڵاتەکان ئەو یەکە باش دەزانن و هەربۆیە بەردەوام لەهەوڵی چەواشە و بەلاڕێدابردنی ئەو راستیەدان. شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ئەو قۆناغە وەرچەرخانەیە کە ژنان و گەنجان پێگەی راستەقینەیان دەبیننەوە و هێز و تواناکانیان دەبووژێنەوە.

  ­­- شکانی ئەو ترس و تابۆیە لە رژێمی ئێران، کە سەرەڕای ناڕەزایەتی و ناکۆکی بنەڕەتیانە، رژێمی وەک هێزێکی تێک نەچوو پێناسە دەکرد و هەرجۆرە هەوڵدان و دەستپێشخەریەکی بەرامبەر ئەو رژێمە لاواز دەدیت و تێکچوونی کردبوو بە چارەنووس.

– دیتنەوەی هێز و توانای جەوهەری و سروشتیانەی کۆمەڵگاکان لە خۆ پاراستن‌دا، کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە لە بن کاریگەری سیاسەتی نکۆڵی کردن و لەناو بردنی، رژێمی ئێران و کردەوەکانی ئەو رژێمە لە سەرکوت و دژایەتی کردن‌دان، گەیاندە ئەو توانا سروشتیەی بەرگری لە خۆ کردن کە بە توانای خۆی باوەڕ دەکات و ئیتر چاو لەدەستی هیچ هێزێکی دەرەکی بەرژەوەندیخواز نابێت. هەڵبەت کە باس لە توانای خۆ پاراستن دەکەین، باس لە تواناکانی کۆمەڵگا هەم لە بواری هزری و هەم لە کردەوەدا دەکەین.

– سازبوونی یەکگرتوویی هەم لەناو پێکهاتەی گەلێک‌دا بەسەرجەم توێژەکانیەوە، هەم لەناو گەلانی نیشتەجێی جوگرافیایەکی سیاسی هاوبەش و جیران. دەوڵەتەکان و لەسەرەوەی هەرهەموویان دەوڵەتی ئێران، لە یەکگرتوویی و یەکیەتی کۆمەڵگا و گەلان دەترسن و سیاسەتی “پەرتکە و زاڵ بە” بۆ پەرتەوازەکردنی کۆمەڵگاکان دەگرنە بەر. یەکگرتوویی کۆمەڵگا و هاتنە سەر شەقامی بچووک و گەورە و ژن و پیاوی کۆمەڵگایەک و پشتیوانی گەلانی کورد، ئازەری، بەلووچ، فارس و … لە یەکتر دەستکەوتی بەرچاوی ئەو قۆناغە و شکست هێنانی سیاساتی رژێمە دەسەڵاتدارەکان بوو.

– قۆناغی شۆڕش ئەو قۆناغەیە کە دەمامکەکان تووڕ دەدات و رووی راستەقینەی تاک، لایەن، حیزب و دەوڵەتەکان ئاشکرا دەکات. لەو قۆناغەدا رووی راستی زۆرێک لەوانە ئاشکرا بوو و پشتیوان و پێشەنگە راستەقینەکان روون بوونەوە. دیار بوو کێ لە گۆڕەپانی تێکۆشان دا چالاکانە کار دەکات و خزمەت کردن ئامانجی سەرەکیەتی. هەروەها دەتوانین زۆر خاڵی دیکە لەسەر زیاد بکەین و وەک دەسکەوتی ژن ژیان ئازادی بە ناویان بکەین، بەڵام لەو بابەتەدا هەر ئەو چەند خاڵەی خراوەتە بەر باس بەس دەبینین.

زهنیەت و روانگەی تەسک و دژە شۆڕش کە توانای پێناسەی ئەو قۆناغەی نیە، ئەو قۆناغە بە تێک‌چوو و لەدەست‌چوو دەزانێت و دەستپێشخەری بڵاو کردنەوەی روحیاتی شکستە. بێ‌گومان دەبوو کە دەسکەوتەکانی ئەو قۆناغە زۆر زیاتر بایە و ئەو توانا و ماتەوزەیە هەبوو کە تا رۆژی ئەوڕۆکە زیاتر لە شتی هەیی بەرهەم بدات. یەک لەو بابەتانەی کە دەبێت خەسارناسیشی بۆ بکرێت هەر ئەو بابەتەیە.

ئامانج، خواست و ویستەکانی شۆڕش تا ئاستێک روون و دیارن. بەڵام ستراتیژی قۆناغ دیار کردن، بە گوێرەی ئەو ستراتیژیە خۆ بەڕێکخستن کردن و ئەرک و بەرپرسیارێتی لە ناو تاکەکانی کۆمەڵگادا دابەش کردن، هەروەها شێوازی تێکۆشانێکی هەمەلایەنە دەستنیشان کردن، لە لایەن کۆمەڵگایەکی رێکخستنی و هێزە پێشڕەوەکانی کۆمەڵگا بە تایبەت ژنان و گەنجان دیار دەکرێت. کۆمەڵگایەکی رێکخراو بە پێی ئامانجێک کە دیاری کردووە، بەرپرسیاریەتی قۆناغ هەڵدەگرێتە ئەستۆ و قۆناغ بە قۆناغ ئەرک دابەشی دەکات. ئەرکی بە رێکخستن کردنی کۆمەڵگا لە ئەستۆی گەنجانە و ئەوە گەنجانن بەرپرسیاریەتی دژوارترین و زەحمەت‌ترینی قۆناغەکان دەگرنە ئەستۆ. لە رێکخستن کردنی کۆڵانەکان ڕا بگرە تا دبیرستان و زانکۆکان، لە کرێکاران را بگرە تا رێکخراوە مەدەنی و ژینگەپارێزیەکان هەروەها دایکان و تەنانەت منداڵانیش دەبێت لە دەرەوە رێکخستن نەهێڵرێنەوە. لە کاتی سەرهەڵدانەکان‌دا بە شێوەیەکی خۆڕسکانە رێکخستن بوونێک لەناو گەنجان‌دا دروست بوو و ئاراستەی بە سەرهەڵدانەکان بەخشی، بەڵام بۆ ماوە درێژ وەڵامدەر نەبوو. لەو قۆناغەی کە باسی لێوە دەکەین بە زۆرینەی گەنجان و ژنان چاوەڕێی جووڵە و حەرەکەتن و دەبێت زۆر کەس دوا بە دوای بچووکترین جم‌وجۆڵ دووهەم کەس بێت کە بەشداری تیا بکات. بەڵام گرینگ یەکەم کەس و ئەو کەسایەتی پێشەنگەیە کە ئەو تەڤگەرین و جووڵەیە ساز دەکات و بەڕێوەی دەبات. بوێری و ئازایەتی لە پێشەنگایەتی سەرهەڵدانەکان‌دا گرنگە و ئاستی بەشداری گەنجان و ژنان سەلمێنەری ئەو راستیەیە کە لەو بوارەدا کێشەیەکی جدی نیە و زۆرینەی بەشداربووانی سەرهەڵدانەکان بەو بوێریەوە بەشداریان تیا کرد و ئامادەی هەرچەشنە فیداکاریەکیش بوون. بوارێکی گرینگی ئەو قۆناغە کە وەک هەلێکی زێڕین لە پێش کۆمەڵگاکانە، ئیمکانی رێکخستن کردنە و ئەو بەستێنەیە کە رەخساوە بۆ بەرپرسیاریەتی دابەش کردن لە سەرجەم بوارەکانی کار کردنی و کارا کردنی تەواوی هێزی کۆمەڵگایە.

کۆمەڵگا و بە تایبەت گەنجان دەبێت لەسەر ئامانجی شۆڕش روون بکرێنەوە و پەروەردە بکرێن. ئاستی خۆ ناسین و ناسینی دوژمن دەبێت بەرز ببێتەوە و بزاندرێت کە هێزی کۆمەڵگا لە خۆناسین‌دا شاراوەیە. بە پێی ساڵانێکی درێژی بن دەستی، چەوساندنەوە و نکۆڵی کردن، ئاستی خۆناسین لاوازە و هەر ئەوەش هۆکارە بۆ بە خۆ و بە هێزی خۆ بێ‌باوەڕ بوون و لەبەرامبەر دوژمن هەست بە لاوازی کردن و بە بەردەوامی چاو لە ڕێی هەندێک هێزی دەرەکی بوون. کۆمەڵگایەک کە خۆی بناسێت پێداویستیەکانی خۆشی دەناسێت و دەزانێت بە کام شێوە و بە کام رێباز دەتوانێت پێیان بگات. هەروەها کۆمەڵگا دەگات بەو ئاستە کە دەتوانێت خۆی بەڕێوەببات و لە دەزگا دەوڵەتیەکان و سیستەمی بیرۆکراسی ئیداریەکەی بێ‌منەت بێت. دەتوانێت کێشەکانی چارەسەر بکات و لە بواری ئابوریەوە پشت بە خۆی و سەرچاوە سروشتیەکانی خۆی ببەستێت. کۆمەڵگایەکی بەو شێوە هەر لەناو خۆی‌دا هێزی پاراستنی خۆی رێک دەخات و دەگاتە توانای خۆپاراستن. بێ‌گومان سەرجەم ئەو خاڵانەی خرانە بەر باس دوور لە راستی و خەیاڵی نین و کۆمەڵگایەکی رێکخستنی سەرجەمی ئەو بوارانە دەتوانێت کارا بکات. گرینگ هەست بە بەرپرسیاریەتی کردنە و هەستانە بە کار کردن بۆی. ئەو ئەرکە بە زۆرینە دەکەوێتە سەر شانی گەنجان و گەنجان دەتوانن ببنە ئەو هێزە پێشەنگە کە لە قۆناغی ئێستاکەدا پێش لە روانگە و هزری شکست بگرن و خاوەنداریەتی لە دەسکەوتەکانی ژن ژیان ئازادی بکەن.

دەبیرستان و زانکۆکان باشترین شوێنی دیتنەوەی ئەو هێز و ماتەوزەیەیە کە دەتواندرێت کارا بکرێت و ببێتە وزەی سەرەکی بە رێکخستن کردنی کۆمەڵگا. هاتنی دوو کەس لە گەڵ یەک دەتوانێت ببێتە ئەو کۆمیتە پێشەنگە کە خۆی زۆر بکات و بە دەیان کۆمیتەی‌تر کارا بکات. کۆمیتەکان دەتوانن ئاشکرا و شاراوە بن و بەشێکیان بە چالاکیەکانی گەل سەرقاڵ بن و خواست و شێوەی بیر کردنەوەی گەنجان ئاراستە بکەن و لەچوارچێوەی خۆناسین‌دا کار بۆ روون کردنەوەی راستیەکان بکەن. بەشێکی تریان بە شێوەیەکی شاراوە بتوانن کۆمیتەکانی چالاکی، پەروەردەیی، راگەیاندنی و کەشف و شناسایی کارا بکەن. هەڵبەت دەبێت بواری پاراستنی و ئەمنیەتی کەس و کۆمیتەکان لەبەرچاو بگیرێت و نابێت کۆمیتەکان یەکتر بناسن. هەر گەنجێک لە قۆناغی شۆڕش‌، لە روودا ژیانێکی ئاسایی دەبێت، بەڵام بە شاراوایی کەسێکی رێکخستنی و ئەندامی کۆمیتەیەکی شۆڕشە و ئەوە وا دەکات کە هەر کەس جێگەی گومان بێت و کەسیش جێگەی گومان نەبێت. هاوکات دەبێت هەر گەنجێک لە بەرامبەر کۆڵان و شەقامەکان و پاراستنی نرخە کۆمەڵایەتیەکان بەرپرسیار بێت و بتوانێت کۆمیتەی پاراستنی کۆڵان کارا بکات و لە بەرامبەر ئەو کەسانەی کە خزمەتی دوژمن دەکەن زانیاری کۆ بکاتەوە و ئەو کەسانەی کە هێرشی ئەخلاق و فەرهەنگی کۆمەڵگا دەکەن سزا بدات. لەناو گەنجانی کرێکاردا بەستێنێکی باشی خۆ بە رێکخستن کردن هەیە و دەتوانن لە بواری سەربەخۆیی ئابوریەوە باشتر گەنجان لە ئامێز بگرن و بێ ئەوەیکە چاولەدەستی دەوڵەت بن، هەلی کار بڕەخسێنن. کرێکاران یەک لەو هێزە سەرەکیەی بونیادنان و جێ بە جێ کاری پێداویستیەکانی کۆمەڵگان کە دوور خراونەوە و تواناکاریەکانیان دەدزرێ و سەرکوت دەکرێ. گەنجان بە تێکڕا دەبن بەو هێزە کە کۆمەڵگایەکی ئازاد بونیاد دەنێن و دەبنە هێزی بونیادنەر و پارێزوانی نرخەکانی کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی و سیاسی.

ئەوڕۆ زۆربەی گەنجان لە یەک لە بوارەکانی وەرزشی، هونەری، کلتوری و پەروەردەیی دا چالاکن و هەریەک لەو گۆڕەپانانە دەبن بە بەستێنێکی باشی خۆ بەڕێکخستن کردن. دەبێت هەر یەک لەو حەوزانە لە کۆمەڵگا و خزمەتی کۆمەڵگا دانەبڕێن و بتواندرێت بخرێنەوە خزمەتی کۆمەڵگاکان. وەرزش جێگەی کۆبوونەوە و بە کۆمەڵ کار کردنە و ئەو یەک هەلێکی باشە لە لەیەک تێگەیشتن و لە پێناو خواستێکی هاوبەش‌دا کار کردنە. جێگەی ناسینی توانا و کەسایەتی مرۆڤەکانە و دەتواندرێت بزانین کە کێ بۆ چی دەبێت و تا چ رادە جێگەی متمانەیە.

هونەر دەبێت لە کۆمەڵگاوە بۆ کۆمەڵگا بێت. سووبژەی هەر کارێکی هونەری لە داوێنی کۆمەڵگاوە سەرچاوە دەگرێت و نابێت دابڕاو لە دۆخی هەیی بێت و دەبێت هونەر دەنگ و رەنگی خواستەکانی کۆمەڵگا بێت و دەنگدانەوەی هاوار و ناڕەزایەتی، جوانی و کەیف خۆشی ئەو کۆمەڵگایە بێت. لە ناو گەنجان‌دا هونەر دەبێت ناسنامەی راستەقینەی قازانج بکاتەوە و لە سەرلێشێواوی رزگاری بێت. زیندوو کردنەوەی نرخە کلتوریەکان و دەوڵەمەندیەکانی کلتوری کۆمەڵگایەک لەسەر شانی گەنجانی ئەو کۆمەڵگایەیە. سیستەم بە رێگەی گەنجان رێ خۆشکەری بۆ دۆخی دژەکلتوری زاڵی سەرمایەداری کرد و ئامانجەکەشی بێ‌شوناس کردنی ئەو هێزە پێشەنگە بوو کە وەک ئاستەنگی سەرەکی لەبەرامبەر پیلانەکانی‌دا دەدیت. کۆمەڵگایەک کە بە چاند و کلتوری خۆی ژیان دەکات، خاوەن توانای خۆ پاراستنە و خاوەن هەڵوێست و کاردانەوەیە. گەنجان کە ئامانجی سەرەکی هێرشی دژکلتورینە و هەوڵدراوە ببن بە ئامرازی جێ‌بەجێ‌کار و داسەپێنی ئەو دۆخی دژە کلتوریە، دەتوانن بە وەرچەرخانێکەوە بگەن بە هێزی دژ وەستاندنەوەی ئەو هێرشانە و ببن بە پێشەنگی بوژاندنەوەی نرخە کلتوریەکانی کۆمەڵگا.

لە سێ ساڵەی ژن ژیان ئازادی دا خاوەنداریەتی لە دەسکەوتەکانی ئەو قۆناغە و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، کە کارا کردنی کۆمەڵگا و تاکەکانیەتی لە پێناو ژیانێکی ئازاد و یەکسان، ئەرکی سەرەکی گەنجان و ژنانە و خۆ بەرێکخستن کردن لە سەرجەم بوارەکان‌دا رێبازەکەیەتی. کارا کردنی توانای گەنجان و چالاک کردنیان، بە بەرێکخستن بوون دەبێت و ئەو کاتە کە دەستی رژێم و دەزگاکانی لەسەر کۆمەڵگا کورت دەکرێتەوە. گەنجان هێزی دینامیکی کۆمەڵگان و پێشەنگی شۆڕشن، بێ‌گومان ئەوە تەنیا پێناسەیەک نیە و دەبێت گەنجان خاوەنداریەتی تەواوی لێ بکەن و بە پێی ئەو پێناسەیە بەرپرسیاریەتی قۆناغ بە ئەستۆ بگرن. ژن ژیان ئازادی، ورە و وزەی ئەو تێکۆشانەیە و سەرکەوتنەکەی مسۆگەرە.

سەرچاوە: گۆڤاری ئاڵتەرناتیڤ – ژمارە ٢٩