دام و دەزگا ئەمنی و ههواڵگرییهكانی رژێمی ئێران چەندین مانگە زەینەب جەلالیان كە لەزیندانی دوورخراوەدایە، لەدیداری بنەماڵەكەی و پارێزەرەكانی بێ بەش كردووە و بەمشێوەیەش زەینەب جەلالیان كە لەپانزدەهەمین ساڵی زیندانی كردنەكەیدایە خستووەتە گۆشەگیریەكی رههاوه.
زەینەب جەلالیان لەساڵانی رابردوودا ووتبووی، دوابەدوای دەستبەسەركردنی بەقامچی لەژێر پێیەكانیان داوە، تا ئەو ئاستەی كە رەش و شین ببووەوە. زەینەب جەلالیان ئەوەندە ئەشكەنجە درابوو كە ئێدی هەستی بەهیچ شتێك نەدەكرد.
ئەو بەهۆی پاراستنی گەلە بەشە مەینەتیەكەی و بەهۆی پاراستنی مافی ژنان و ژینگەوە كەوتووەتە زیندان و ئەم فیداكاریەی ئەو لەلایەن خەڵكەوە لەبیرناكرێت. لەهەرهەلومەرجێكدا داواكاری ئازادی بۆ زەینەب جەلالیان بەشێوەی جۆڕاوجۆر دەخرێتە بەرباس و گفتۆگووەوە. حكومەتی ئێران ناتوانێت بەبێ بەشكردنی دیدارەكانی زەینەب جەلالیان، بیرەوەری ئەو لەمێشكی گەلێكدا كە بۆ ئەوان تێكۆشاوە بسڕێتەوە.
ئەم ژنە تێكۆشەرە كوردە، پێشتریش رایگەیاندبوو، سەرەڕای نەخۆشیەكانیشی بەڵام هیچ چاوەڕوانیەكی لەو رژێمە نییە.
بەشێوەیەكی سرۆشتی بەبێ بەشكردنی ئەم ژنە لەمافی دەوا و دەرمان ناتوانن ئەو تەسلیم وەربگرن. زەینەب جەلالیان بە فیداكاری و دڵنزمی خۆی، وەكو خۆبەخشێك خۆی ئەو نرخ و بەهایەیە كە بۆ ئازادی وڵاتەكەی بەخشیووە. ئەو ئەم نرخەش بەدەربازكردنی قۆناخەكانی گەنجیەتی خۆی لەپشت مێڵەكانی زیندانەوە بەخشیوویەتی.
پێشتر زەینەب جەلالیان لەمافی دەرمان بێ بەشكرابوو و زیاتر لەساڵ و نیوێكە لەمافی دیدار لەگەڵ كەس و كار و پارێزەرانی بێ بەشكراوە، ئەوەش لەزیندانی یەزددا كە بەسەدان كیلۆمەتر لەزێدی باو و باپیرانی دوورە. ئەو زیندانیەكی سیاسی حۆكمدراو بەزیندانی هەتاهەتاییە كە بەكردەوە لەئێستادا وەكو ئەخسیرێك یا بارمتەیەك حیسابی بۆ دەكرێت و هیچ یاسا و هیچ ئەخلاق و رەفتارێك ناتوانێت ئەو كردەوە وەحشیانەیە لەبەرامبەر بەزینەب جەلالیان پێناسە بكات.
هـ . ب