هێڵی خیانەت وەک ژەهری نیشتیمان

لەنێو خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد-دا ئەو ژەهرەی هەوڵی داوە ببێتە هۆی مەرگی هێڵی ئازادیی و نەتەوەیی، هێڵی خیانەتە کە پەدەکە پێشڕەوی دەکات و مانگی ئابی کردووەتە سەرمەشقی کارەکانی.

"زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستیمان بە هاودەنگی و کاری هاوبەش هەیە.

زیاتر لە هەر ساتەوەختێکی تر، پێویستمان بە ستراتیژێکی هاوبەشی نەتەوەیی و دیموکراتی و نیشتیمانی هەیە.

بۆ سەرخستنی هەرچی زووی پرۆسەی ئاشتییە، هیوادارم بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد بکرێت، گۆرانکارییش لە دەستووری تورکیا بکرێت. بۆ ئەوەی هەردوو گەلی کورد و تورک بە ئاشتی لە تەک یەکدیدا بژین."

ئەمە دەقی وتاری مەسعود بارزانییە  لە ٢٥ی ٥ی ٢٠١٣دا لەمیانەی سیانزەیەمین کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، وتارێک تەنها ساڵێک و سێ مانگ دوای ئەوەی خیانەتی شەنگالی بەدوادا هات و ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش چاوساغییەکانی سەرانی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی لە دژی تەڤگەری ئازادیی کوردستان زیاتر دەبێت، کە ئەمەش بەبێ هیچ گومانێک دووپاتکردنەوەی نۆکارەیەتیی ئەم پارت و بنەماڵەیە بۆ داگیرکەرانی کوردستان.

هێڵی خیانەت؛ ئەو هێڵەی بە پێشەنگایەتی پەدەکە وەک ژەهرێک هەمیشە لە هەوڵی لەناوبردنی خەبات و تێکۆشانی ئازادیی نیشتیمان بووە.

ئەم هێڵە بە پێشەنگایەتی پەدەکە و سەرانی ماڵباتی بارزانی و کوڕانی مەسعوود بارزانی هەموو کات لە هەوڵی لەنێوبردنی ئەو هێڵەدا بووە کە لە دژی سیاسەتی خۆسەپێنی و بنەماڵەیی وەستاوەتەوە و ئازادیی گەل سەرمەشقی کارەکانی بووە.

سەرەڕای ئەوەی گوزەرێک بەسە بەنێو مێژووی پەدەکەدا تاوەکوو ئاشنای ناوەڕۆکی هێڵی خیانەت بیت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وا دەردەکەوێت مانگی ئاب، مۆری خۆی لە مێژووی هێڵی خیانەت دابێت و ئەم مانگە لە مێژووی پەدەکە-دا وەک مانگی خیانەت بناسرێت.

ئەمەش بەوپێیەی سەرەتای مانگەکە، خیانەتی بەجێهشتنی شەنگالە بۆ چەتەکانی داعش و کۆتایی مانگەکەش پێشوازیکردنە لە سەربازانی سوپای عێراق لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا لەلایەن پەدەکەوە بۆ سەر شاری هەولێر.

هەر بۆیە ئەمەش وای کردووە، مانگی ئاب وەک مانگی هەرە دیاری خیانەتەکانی سەرانی پەدەکە بێتە هەژمار و ببێتە سەکۆی دەرخستنی ڕووزەردەی و ڕووڕەشی مێژووی پڕ لە خیانەت و خۆفرۆشی سەرانی ماڵباتی بارزانی.

٣ی ئابی ٢٠١٤ بە بەرچاوی جیهانەوە پەدەکە شەنگالی بۆ چەتەکانی داعش بەجێهێشت و ئەمەش وای کرد بە سەدان هەزار هاوڵاتیی ئێزدیی کۆمەڵكوژ بکرێن و فەرمانێکی دیکە بەسەر گەلی ئێزدیدا هات و بە هەزاران ژنی ئێزدیی بوونە قوربانی مامەڵە بازرگانییەکانی چەتەکانی داعش.

پەدەکە بەم خیانەتەی بووە هۆکاری برینێکی دیکە بۆ سەر خاکی کوردستان و خیانەتێکی دیکەی بۆ سەر خەرمانی هیڵی خیانەت سەربار خست.

بەڵام لە ئێستادا دوای نۆ ساڵ لە فەرمانەکە کوڕە گەورەکەی مەسعوود، کە زیاتر لە سەرۆکوەزیرانێکی شکستخواردوو یاخود سیخوڕێکی دەزگای پاراستن دەچێت، ڕووزەردانە باس لەوە دەکات ئەوان شەنگالییان ڕزگار کردووە، بەبێ ئەوەی باس لەوە بکات ئەوە پەدەکە  و بەرژوەندییەکانی بوو کە بووە هۆکاری کۆمەڵكوژکردنی سەدان هەزار هاوڵاتیی.

بەدەر لەمە مەسعوودی باوکیشی لە کتێبێکی نوێیدا باس لەوە دەکات پەکەکە شەنگالی بەجێهێشت، وەک ئەوەی جیهان چاوی کوێر بووبووبێت و ئەوەی نەدیبێت کە چەکدارەکانی مەسعوود بارزانی  بە سوار پشتی بارهەڵگرەکان ڕایان دەکرد و شەنگالیان بۆ چەتەکان جێهێشت.

لە ئێستاشدا کە گەلی ئێزدیی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییان دامەزراندووە، پەدەکە چاوی بەم سەرکەووتنە هەڵنایە و کێچ کەوتووەتە کەوڵی و چاوساغی بۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەکات تاوەکوو پێشەنگانی خۆبەرێوەبەریی شەنگل بکاتە ئامانج.

ئەمە بەدەر لەوەی بەردەوام لە هەوڵی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگالدایە و دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر گەلی ئێزدییدا بسەپێنێت.

لەلایەکی دیکەوە، کۆتایی مانگی ئاب یاخود ٣١ی ئاب خیانەتێکی دیکەی هەرە دیاری سەرانی پەدەکە و مەسعوودە کە لە ساڵی ١٩٩٦ لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا، لە دژی هێزەکانی یەنەکە، داوای هاوکاریی لە سوپای بەعس و سەددام حوسێن کرد تاوەکوو بێنە ناو شاری هەولێر و یەنەکە لەو ناوچەیە دەربخەن.

ئەم خیانەتەش دەرخەری ئەوە بوو لەپێناو بەرژەوەندییەکانیدا پەدەکە هیچ سنوور و دوژمنێک ناناسێت.

خیانەتەکانی پەدەکە لەکاتێکدایە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ مەترسییە داگیرکارییەکان بۆ سەر خاکی کوردستان زیاتر دەبن، بەڵام پەدەکە و سەرانی بارزانی لەبری هەوڵدان بۆ پارێزگارییکردن لە خاک و نیشتیمان بەردەوامیی بە کولتووری دێرینی نێو بنەماڵەی بارزانیی و پارتەکە دەدات کە ئەوەش خیانەت و فرۆشتن و پشتگوێخستنی خاک و نیشتیمانە لەپێناو بەرژوەندییە بنەماڵەییەکان و برەودان بە هێڵی خیانەت.

هـ . ب