تا دێت ئاگری جەنگی جیهانیی سێیەم پتر بڵێسە دەسەنێت، سەرەتا داعش پێی بۆ گۆڕەپانەکە هەڵهێنا و هاشاوڵێکی دڕندانەی کوردانی دا، لە ئەنجامی بەرخۆدانی گەلی کورد بە پێشەنگایەتیی گەریلاکانی پەکەکە، داعش تێک شکا، پاشان جەنگی ئۆکرانیا و دواتریش جەنگی ئیسرائیل-حەماس، وەک پێڤاژۆی دواتری جەنگی جیهانیی سێیەم بزیسکەی سەند، لەگەڵ هەموو ئەمانەش، بەڵام نابێت چاوەڕێی ئەوە بین ئەم جەنگە لەم قۆناغەدا دادەمرکێتەوە.
تەقینەوە خۆکوژییەکەی کرمان لە ساڵوەگەڕی کوشتنی شاکلیلی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی (قاسم سڵێمانیی) قۆناغێکی تازەی جەنگە، ئەم تەقینەوەیە بووە هۆی کوشتنی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی مەدەنیی، کۆماری ئیسلامیی وەک قەڵغان و ئامڕازیک سوودی لە «توخمە بەهادارەکان»ـی خۆی دیت، دوور نییە ڕژێم ئاگای لە ڕوودانی ئەم تەقینەوەیە بووبێت، تەنانەت دوور نییە نیشانە و هێڵکێشی ئەم کردەوە خۆکوژییە لەلایەن بریکارەکانی ئیتڵاعاتەوە ئەنجام نەدرابێت، چونکە خۆبەقوربانینیشاندان یەکێکە لە تایبەتمەندییە هەمیشەییەکانی کۆماری ئیسلامیی، تا بەم دەساوێژە خۆی بۆ دەستێوەردانی «تۆڵەسێنانە» و دژەهێرش نوێ بکاتەوە.
لە لایەکی ترەوە، بەرەی ئیسرائیل- تورکیا- ئازەربایجان لە تەڵەزگەی جەنگی ئازەربایجان و ئەرمەنستان گورزێکی کەمەرشکێنیان بە پێگەی ژیۆپۆلەتیکیی ئێران لە قەوقاس وەشاند، سا لە دژەهێرشی ئێران لە ڕێی حەماسەوە تێگەشتن، جەنگ لە فەڵەستین پێگەی ڕژێمی ئێرانی بەرانبەر ئەم بەرەیە بەهێز کرد، سا بەم ڕەنگە ئەگەری ئەوە هەیە داعش چالاک بکاتەوە و غەزەب لە ئێران بگرێت، تەنانەت ئەگەری ئەوە وا لە ئارا ئەم کردەوە خۆکوژییانە فراواتر بن، هەرچۆنێک بێت، هەلومەرجی هەرێمیی و ناوخۆیی کۆماری ئیسلامیی بە شێوەیەکە، کە لە سەر لێواری پێچخواردنی گێژاوی جەنگە بۆ ناو ئێران، چونکە کێشمەکێشی دەسەڵاتخوازانەی ئێران و ئیسرائیل فیتاوفیت بووە بە جەنگێکی ڕووت، ئەم دوو هێزە سەرپاکی ئامڕازەکانی خۆیان دژی یەک پەلکێشی گۆڕەپانەکە کردووە
لە لایەکی ترەوە بەرەی پان تورکیزمی تورکیا و ئازەربایجان کۆماری ئیسلامیی بە کۆسپی بەر پێی نەخشەی نیوعوسمانیی و دوژمنی فروانخوازییەکانی لە ناوچەکە دەزانێت، ئەم بەرەیە چ بە دەستکێشێتیی نۆکەرە ناسیۆنالیستە کوردەکانی وەک (بارزانیی و پارتیی) و موجاهیدینی خەڵق و چ لە ڕێی هێزە تاوانکارەکانی وەک داعشەوە دەتوانێت بەرەیەکی نوێ دژی کۆماری ئیسلامیی بکاتەوە، ڕۆژبەڕۆژ کێشمەکێشی نێوان ئەم دوو بەرەیە بەگوڕتر دەبێت و چاوەڕی دەکرێت دواجار بە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ کۆتایی بێت، بەرەی تورکیا هەوڵ دەدا بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی «ژن، ژیان، ئازادیی» بۆ قازانجی خۆی پاوان بکات، جا هەنگێ گەر بە شێوەیەکی کاتەکییش بێت، سەنگی ڕابوونی گەلانی ئێران دامرکا، ئێستا بیر لەوە دەکاتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامیی، سوود لە ڕێبازی تر ببینێت، لەم سۆنگەوە ئەگەری هەیە هێرشی خۆکوژیی و زیندووکردنەوەی داعش بە پڕۆژە و ڕێبازێکی گونجاو بزانێت.
بابەتەکە ئەوەیە چ ڕژێمی دیکتاتۆریی کۆماریی ئیسلامیی و چ بەرەی «پانتورکیزم-پارتە ناسیۆنالیستە کوردییەکان- موجاهدینی خەڵق-داعش» وەک یەک بۆ گەلانی ئێران و گەلی کورد ترسناکن، هیچ جیاوازییەک لە نێوان داعش و ئەو هێزە داپڵۆسینەرانەدا نییە وا لە سەر شەقامەکانی ئێران خەڵکی بێتاوانیان لە خوێندا دەگەوزاند.
ساڵی ٢٠٢٤ ئاوسە بە پێکدادانی توندتر، ئەمساڵ، ساڵێکی چارەنووسسازە، جا دەبێت بەرانبەر ئەو مەترسییانەی وا هەڕەشە لە گەلانی ئێران دەکەن و ئەو هەڵکەوتانەی بەردەستن، ئاگامەند بین، ئەو هەلومەرجەی وا بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی «ژن، ژیان، ئازادیی»ـی ڕەنگڕێژ کرد، ئێستاش بە شێوەیەکی بەرچاو بەردەوامە. جڤاکی ئێران وزە و جووڵەیەکی ناوەکیی وای هەیە کە دەتوانێت خەباتی دیموکراسیخوازانەی خۆی بەهێز بکات، هەر لەبەر ئەم هۆکارە هەم بەرانبەر ستەم و چەپۆکسالاریی کۆماریی ئیسلامیی و هەمیش بەرانبەر شەڕخوازیی زلهێزە جیهانییەکان و دەستکێشە هەرێمییەکانیان پێویستیان بە ڕێ و ڕیبازێکی جیاوازە. جا پێویستیی بە ڕیکارێکی سیاسییە کە هەم ڕووبەڕووی دیکتاتۆرییەتی ڕژیم ببێتەوە و هەمیش شەڕخوازیی زلهێزە جیهانییەکان و دەستکێشەکانیان.
لەم چوارچێوەیەدا ئاییندەی گەلی کورد و هەموو گەلانی ئێران گرێدراویی پیادەکردنی سیاسەتێکی درووست و هەنگاوی کردارییە لەم ڕیگەیەدا.