کامپی مەخمور شەرمەزاری و پەڵەیەکە بە ناوچاوانی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەى نێونەتەوەیی و کوردایەتییەوە

كەمپی مەخمور، كەمپێكە خەلكەكەی ماڵ وگوندەكانیان سووتێنراوە ولەترسی تیرۆری توركیا وڵاتی خۆیان جێهێشتووە، كەمپێكە لەژێر سەرپەرشتی نەتەوەیەكگرتوەكاندایەو بەپێی یاسای نێودەولەتی ئەركی پاراستنیان لەئەستۆی نەتەوە یەكگرتووەكاندایە،....

كەمپی مەخمور، كەمپێكە خەلكەكەی ماڵ وگوندەكانیان سووتێنراوە ولەترسی تیرۆری توركیا وڵاتی خۆیان جێهێشتووە، كەمپێكە لەژێر سەرپەرشتی نەتەوەیەكگرتوەكاندایەو بەپێی یاسای نێودەولەتی ئەركی پاراستنیان لەئەستۆی نەتەوە یەكگرتووەكاندایە، هەروەها ئەو كەمپە لەچوارچێوەی دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریدایە، كە دەوڵەتی ئێراقە، ئەمە جگە لەوەی،  لەرووی نەتەوەییەوە كوردن وئەركی پاراستن ویارمەتیدانیان دەكەویتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم وخەڵكی كوردستان!.

جێگەی سەرسامیە، ئەو كەمپە، كە ئافرەت وژن ومنداڵ وخەلكی مەدەنی لەخۆوە دەگرێت، كراوەتە ئامانجی هێزە تیرۆریستیە نێوەخۆیی وهەریمیەكان، لەلایەك ناوە ناوە رێكخراوی داعش هێرشیان دەكاتە سەر ولەلایەكی تر توركیا، وەك پاڵپشتیەك بۆ هێرشەكلنی داعش  لەرێگای فڕۆكەكانیەوە ئاگرو ئاسن دەبارێنیتە سەر ئەو خەلكە نیشتمان پەروە روشۆڕگێڕە،  هەموو دنیاش لەئاست ئەو تاوانانە بەرامبەر خەڵكی لێقەوماوی ئەو كەمپە بێدەنگە، فرمێسك بۆ هەموو لایەك دەرێژرێت، تەنانەن ئەو خێزانانەی گوندەكانی باشووری كوردستانیان سووتاندو خەڵكەكەیان ئەنفال كرد، ئەو داعشانەی پەلاماری پایتەختی هەرێمی كوردستانیان دا، ئێستا بە ئاسوودیی لەشارەكان وپایتەحتی هەریم دەژین وبەڕیزەوە خۆشترین ژیانیان بۆ مسۆگەر كراوە، كەچی برایەكی كوردی ئاوارە، كەلە هەموو لایەكەوە كەوتۆتە بەر شەپؤڵێكی دڕندانەی هەموو جۆرەكانی تیرۆر، تیرۆری دەوڵەتی توركیا وتیرۆری داعش، كەس بەدەنگیەوە نایەت، نەتەوە یەكگرتووەكان، كە نوینەرایەتی كۆمەلگەی نیودەوڵەتی دەكات، وەك ئەوەی نەبای دیبێت نەباران، چاوی لەئاست ئەو تاوانەی توركیا نوقاندووە، ئەمریكا، روسیا، یەكیتی ئەوروپا، ..... ئەو وڵاتانەی لافی ئازادی ومافەكانی مرۆڤ لێدەدەن وزۆرجار  كوشتنی ئاژەڵیك دەكەنە مەسەلەیەكی گەورەی نێودەولەتی، كەچی بەرامبەر ئەو كەمپە دەنگیان نووساوە ونوقەیان لیوە نایەت، كە ئەمە جگە لەوەی ئاماژەیەكی روونە بۆ ئەو پلانە گەورەی بەرامبەر كورد دەگوزەرێت، هیچ خویندنەوەیەكی تری بۆ ناكریت! ئێراق، كە هەمیشە پێ لەسەر سەروەری دادەگرێت وشەر بۆ یەكپارچەیی خاكی وڵاتەكەی دەكات، كەچی ئامادە نیە بەرامبەر ئەو هەموو ئەو پێشلكردنانەی بەرامبەر ئەو سەروەریە دەكرێت هەڵوێستێكی هەبێت!!!

كەمپی مەخمور بۆتە نیشاندەری مەهزەلەی كۆمەلگای نێودەوڵەتی مەهزەلەی سەروەریە، كەمپی مەخمور ئاوێنەیەكی روونە بۆ بێ ئەخلاقی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وئەو دەولەتانەی، كە بەچاوی دڕندەوە سەیری كورد دەكەن، لەهەمووان ترسناكترو خەمبارتر، حكومەتی هەرێم وخەڵكی باشوورە، كە تا رادەیەكی زۆر بەرامبەر ئەو هەموو تاوانە بیدەنگ بووینە ومتەقیان لیوەنایەت، كەمپێك لەتەك پایتەختی هەرێمەوە سووتماك دەكریت وژن ومنداڵی تیرۆر دەكرێت ، كەچی لەجیاتی ئەوە حكومەت بەهانایانەوە بچێت، ئابڵووقەیان دەخاتە سەر وخەڵكیش بێدەنگن، ئەمڕۆ لەكەمپی مەخمورەو دڵنیابن سبەی لەخەلكی هەولێرو شارەكانی تری كوردستانە، ئەوەی توركیا بەرامیەر پایتەختی هەرێمی كوردستان كردوویەتی وئەو داگیركاریە ئابووری وسیاسی و كەلتووری و بەهاییەی لە پایتەختی هەریم ئەنجامی داوە، زۆر مەترسیداترە لە بۆردومانكردنی كەمپی مەخمور، تا خەڵك لەو خەوە خۆشەدا بێت، هەرگیز نازانێت وتێناگات چی لەشارو ولاتەكەیدا دەگوزەرێت.

خەڵكە شۆڕشگێرەكەی كەمپی مەخمور ئامادەن بەرگری لەخۆیان تەنانەت لە پایتەختی هەرێمیش بكەن، وەك ئەوەی لەساڵی (2014) وكاتێك داعش هێرشی هێنا كردیان ولەهەر كاتێكی تر هەرێم كەوتبێتە ژێر هەڕەشە كردوویانە ودەیكەن، بەلام ئێوە بەو بێ ئیرادەیی وپەرتەوازەیی ودۆڕاویەوە كێ بەرگریتان لێدەكات؟! دڵنیابن ئەو رەشەر كوژیەی توركیا بەرامبەر كەمپی مەخمور ئەنجامی دەدات، بەرامبەر هەمو كورد ئەنجامی دەدات، كەس خۆی وەك هاوپەیمان ودۆستی توركیا تێنەگات، لەبەرئەوەی توركیا دۆست وهاوپەیمانی داعشە بەلام هی كورد نیە، دۆست وهاوپەیمانی جنۆكە ودڕندەو ئیسرائیل وئەمركیاو روسیاو ئێران و ....... هەموو كەسێكە لەسەر ئەو گۆی زەویە، تەنیا دۆست وهاوپەیمانی كورد نیە، ئەگەر ئەو كوردە ریسواو جاشێكی عەیار 24 یش بێت، دڵنیابن، وەك ئەرمەنەكان دەڵێن، تورك ئەگەر كەسی دەست نەكەوێت باوكی خۆی دەكوژێت، نۆرەی كوشتن وبۆردومانكردنی هەموو ئەو كوردانەش دێت، كە بێدەنگن لەئاست ئەو رەشە كوژیە، یا هاریكاری توركیا دەكەن.

دوور لەهەموو رەهەندەكانەوە، ئەگەر وەك ئەركێكی نیشتمانی ونەتەوەیش نەبیت، ئەگەر وەك ئەركێك وپیاوەتی وخانەخوێی عەشایەری وخێلەكیش نەبێت، پیویستە وەك ئەركیكی مرۆڤایەتی بەرگری لەو خەلكە ئاوارەوە بێ نەوایە بكرێت، شەرمەزاریە گیانی نەتەوەیی لەهەرێمێكی بەناو سەربەخۆدا ئاوا رەزیل كرابێت وكەس هەست بە برینداری وتیرۆركردنی براكانی خۆی نەكات!.

ژ.ت