كاروان سیمبۆلێك لە سەركاروانی نەمرانەوە

" شەهادەت تەنیا ژیانێكە كە ژیانی پڕ لەواتاكان دەژینێتەوە. شەهید كاروان هەورام، شەهیدی خاك و نیشتیمان و وڵات و گەل بوو و بەژیانی فەلسەفەی ژیانی ئازادی گەشاوەتر كردوە".

شەهادەت تەنیا چوونێك نییە و بەس، شەهادەت سەرەتایەكە بۆ ژیانێكی نوێ، رێگە و پەیام و فەلسەفەیەكە بۆ كۆمەڵگە. رووناكی رێگای ژیانێكی بەروومەت و كەرامەتە. مرۆڤێك كە بەگیانی پاراستنی شوێنگەی ژیان و بوون و ناسنامەكەی دەدات، ئەوا تەنیا بوونی مرۆڤێكی ئاسایی نییە، بەڵكو بوون و نرخێكە كە كۆمەڵگە لەسەر بۆنیاد نراوە و بەو نرخ و بەهایانە دەژی. ژیانی بەواتا ئەو ژیانەیە كە قۆربانی بۆ دراوە، بەرەنج و ئارەقەی نێوچاوانی كۆڵنەدەران و شۆڕشگێڕان و مرۆڤدۆستان بۆنیاد نراوە. ئەو ژیانەیە كە شەهید بەخوێنی گەشی بەرگ و لاپەڕەكانی مێژووی كۆمەڵگەكەی نەخشاندوە. شەهید هێزی بەرخۆدان و ورە و هێزی تۆڵەسەندنەوە و بۆنیادنانە. هەر شەهیدێك خاوەن فەلسەفە و بیر و هزرێكی ئازادە بۆ ژیانێكی ئازاد و یەكسانیخواز. یەكسانیخوازی و ئازادیخوازی لەمێژوەوە تا ئەمڕۆكە بەقوربانی دان و شەونەخۆنی و كۆڵنەدەری و رەنج گەیشتووەتە سەركەوتن. سەركەوتن بەرهەمی ئەو رەنج و قوربانیەیە كە شەهیدان بەخوێنی پاكیان داری ئازادیان گەشاندۆتەوە.

شەهادەت تەنیا ژیانێكە كە ژیانی پڕ لەواتاكان دەژینێتەوە. شەهید كاروان هەورام، شەهیدی خاك و نیشتیمان و وڵات و گەل بوو و بەژیانی فەلسەفەی ژیانی ئازادی گەشاوەتر كردوە.

هەڤاڵ كاروان كەم ژیا و كەڵ ژیا و بۆ گەل ژیا. كاروانێك كە گەل و كۆمەڵگە و شۆڕشگێڕان و یاران و هاوڕێباز و هاوخەبات و هائاوازەكانی هەڤاڵ كاروان تا هەتایە شانازیی بە كەسایەتی، رەنج و خەبات و هەستە پیرۆزەكانی دەكەن و كاروانی نەمرانی كاروانەكان دەبنە چاوگەی خەبات، رووناكی ژیان و هێزی بەرخۆدان و ئاوازی خەونەكان و پێكەوەیی بوونی هەموو شۆڕشگێڕان.

هەڤاڵ كاروان، كەسایەتیەكی شۆڕشگێڕ و هەوێنێكی رەنجدەری رەنجدەرانی گەلێك بوو كە لەبەرزترین ئاستەكانی ژیاندا راز و نیازیان چاكە و مرۆڤدۆستی و هاوكاری و دەستڕەنگینی و وزەی لەبن نەهاتوو و داینەمۆی ژیان و هاواری بەرزی یەكسانیخوازی و عەدالەتن.

شەهید كاروان سیمبۆلێك لەئەخلاق و بەرزی سلووك و قوڵایی هزر بوو و بەژیانی سەلماندنی كە سەركاروانی خولیایەكی بەرزی ئازادی و لێگەڕینوانێكی رێبازی حەقیقەت بوو. حەقیقەتێك لەمنداڵییەوە بزر كرابوو و ئەویش لەپێناوی دۆزینەوەی بوو بەگەریلا و شەرڤان، بوو بە پەكەكەیی و ئاپۆییەك. هەڤاڵ كاروان ئێدی بووەتە رێبازێك بۆ گەنج و پیر و منداڵان و ئازادیخوازان. خۆلیای منداڵانەی هەڤاڵ كاروان رۆحی پاك و بێ خەوشی وەها نواندوە كە هیچ كات و سەردەمێكدا نایەوێت لەدنیای منداڵان داببڕێت و دنیای گەورە پیاوانی بەكابووس و وەحشەت دەچواند. منداڵی بۆ هەڤاڵ كاروان سەردەمی گەورەبوونی ئیرادەی سەركێشی و هەستەكان و  لەوانەش هەستی ئازادیخوازی و چنینی تاروپۆی ژیان دەبینێ، ئەمەش ئەو سەرچاوە و كانیاوە بوو كە لەكەسایەتی هەڤاڵ كارواندا لە كۆساڵان و شاهۆوەوە هەڵقۆڵاوە.

هەڤاڵ كاروان سەركەوتنی ئەركێكی ژیانی و تێگەیشتنی بەسەبر و تاقەتی بەردەوام و بێ وچان پەیوەند دەدا. شۆڕشگێڕێكی كاتژمێرە بێ كۆتاكانی رۆژ و هەفتە و مانگ و ساڵ بوو. ئەو خۆڕاگری و دان بەخۆداگرتنەی لەئەركە رێكخستنیەكاندا خەرجی دەكرد، شۆڕشگێڕێكی خۆڕاگر و ماندوونەناسی لە كەسایەتی خۆیدا بۆنیاد نابوو.

زەمان ئەو كاتە بۆ هەڤاڵ كاروان واتای دەدا كە ئەركە رێكخستنیەكانی بەكردەیی تا سەركەوتن بەكاتەوە دەبەستەوە. سەركەوتن و زەمانی بەیەكەوە گرێدەدا و لەناو پەنجەكانی دەستیدا دەسۆڕاند. شۆڕشگێڕیەتی هەڤاڵ كاروان، واتا خۆلقاندنی زەمان بۆ سەركەوتنی ئەركە شۆڕشگێڕی و رێكخستنیەكان. هەڤاڵ كەماڵ پیر ئەو شۆڕشگێڕێە بوو كە هەڤاڵ كاروان، هەمیشە ئیلهامی لێ وەردەگرت و لەژیان و خەباتدا كەسایەتی هەڤاڵ كەماڵ پیری وەكو كەسایەتیەكی مێژوویی بۆ بۆنیادنانی كەسایەتی و شۆڕشگێڕتی خۆی كردبووە، قیبلە و سیمبۆلی تێكۆشان.

خەمی هەڤاڵ كاروان، خەم و ئێشی گەل بوو. وەكو شۆڕشگێڕ و راگەیاندنكارێكی شۆڕشگێڕ خۆی لەبەرامبەر بە چارەسەركردنی پرسەكان كۆمەڵگە بەبەرپرسیار دەبینی، چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتیەكانی بەئەركێكی ئەخلاقی خۆی دەزانی و وەها سەیری كۆمەڵگەی دەكرد. ئێش و خەم و كێشەی گەنجان و ژنانی بەئێش و ئازاری خۆی دەزانی. خەمی گەل لەكۆڵ نابوو و دەیویست ببێتە هێزی چارەسەری بۆیەش لەكەسایەتی خۆیدا هەوڵی بۆ دەدا. بۆنیادنانی كەسایەتی بەلای هەڤاڵ كاروان پرەنسیپێكی وەرچەرخان و گۆڕانكاری ریشەیی و سەرەتای دەست پێ كردنی خەبات بوو.

پەیوەستبوونی شەهید كاروان بەخاكەوە، پەیوەستبوونێكی رۆحی بوو. بەهۆی رەنجی بێ ئەژماری لە سەردەمی منداڵی و هەڵومەرجی ژیانی و شەونەخۆنی كوێرەوەری زۆری چەشتبوو. ببووە ئەویندارێكی خاك، رەنجدەرێكی خاكی نیشتیمان بوو. بەرەنجدەر و كوڵەوەری لەنەبوونیەوە هەمیشە بەدوای ژیانێكی شەرافەتمەندانە و بەروومەت بوو، ملكەچی و سەردانەواندنی وەكو تەسلیمیەت و مردن دەبینی. ئەوەی زۆر بەلایەوە ئازاربەخش بوو، هەڵهاتن لەوڵات و لەخاك و لەگەڵ و وڵاتی گەنجانی وڵاتەكەمان بوو بۆ هەندەران. ئەم تایبەتمەندیە وای لەهەڤاڵ كاروان كردبوو كە بەعەشقێكی مەزنەوە پەیوەست بوونی بەخاكی وڵاتەوە لەكەسایەتی خۆیدا بۆنیاد نابوو. هەڤاڵ كاروان بۆركانێك بوو، لەكاتە هەستیار و چارەنووسسازەكاندا، بۆركانئاسا لەبەرامبەر بەهەرچەشنە لاسایی كردنەوە و چاند و بیركردنەوە و ژیانی مۆدیرنیتەی سەرمایەداری دەوڵەتی دەوەستایەوە. ئەو چاندەی  كە لەكەسایەتی تاك و جیلی نوێ دا هەولی هەڵوەشاندن و رووخان و بێ بەهاكردنی نرخە كۆمەڵایەتی و هاوبەشەكانی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دا وەكو گەورەترین مەترسی لەسەر داهاتووی كۆمەڵگە و بەتایبەتی كۆمەلگەی كوردی دەبینی.

خۆشەویستی وڵات لەلای هەڤاڵ كاروان، خۆشەویستیەكی وڵاتپارێزانە بوو. وڵاتی بەرەنگ وبۆن و بەرامەی كوێستان و دەشت و زۆزان و رووبار و دارستانە و گیان لەبەرانی و خەڵكەكەی خۆش دەویست. ئەوینداری بیری ئازادی بوو. ئازادی مرۆڤ و تاكی بەژیانی ئازاد لەسەر خاكی نیشتیمان سەیر دەكرد و باوەڕی بەهێزی پاراستن و بەرێكخستنكراوی كۆمەلگە بوو و پێ وا بوو كە كۆمەلگە بەبێ هێزی پاراستن، تەنیا كۆمەڵگەیەكی دەستەمۆ كراو و كوێلەكراوە، ئەوەی لەدۆی ژیانی ئازادەوە بێت، دەبێت رێبوارێكی كاروانی نەمران بێت. واتا دەیەویست ئەو پەیامە بدات كە ژیانی ئازاد بەقوربانی و شەهادەت بۆنیاد دەنرێت.

ویستی ئازادی و ژیانی ئازاد بەلای شەهید كاروانەوە، ژیانی چیا و كوێستان و قەندیل بوو. هەڤاڵ كاروان لەدایكبووی چیا و رەسەنایەتی چاند و هەڤاڵیەتی چیا و كێو و ئاوەدانی و بۆنیادنان بوو. كاروانێك كە بووەتە سەركاروانی نەمران، نەمرە، نەمرە وەكو ئاو، وەكو چیا، وەكو ئیرادە و ئازادی.

هـ . ب