موعجیزەی پەکەکە -١-

"ڕێبەر ئاپۆ بە فیکر و ڕامانێکی نوێ هاتە گۆڕەپانەکە، تەنیا بە قسە و بیرکردنەوە نا، بەڵکوو قسە و پراکتیکی کرد بە یەک و دەستی بەتێکۆشان کرد، فیکرێکی نوێی لە بێژنگی مێژوو دا، بە فەلسەفەی هاوچەرخ و کلاسیک وەک پۆڵا هاتە مەیدان".

 وەک نووسەر و ڕۆژنامەوانێک دەمەوێت لەمەڕ دەستپێکی پەکەکە و ئەو موعجیزەیەی ئەمڕۆ وەدەست خراوە، ڕوانگەی خۆم بێژم.

مسۆگەر موعجیزە بە واتای ئەفسانە نایەت، بەڵکوو هەقیقەتی دیالێکتیکی تەڤگەری ئازادیی کوردستانە، چونکە ئەم تەڤگەرە هیوای گەلی کوردیی زیندوو کردەوە، بە ڕەنج و خوێنی لاوانی کورد و شۆڕشگێڕانی تورک، گەیاندیانە قۆناغی ئەمڕۆ و گۆڕەپانی جیهانیی سیاسەت.

کوڕە لاوەکەی دەریای ڕەش، شۆڕشگێڕی تورک، حەقی قەرار لە درووستبوونی ئەم موعجیزەیەدا پێشەنگێتیی کرد، پێشەنگێتیی حەقی قەرار ڕۆحی ئاگرە!

حەقی قەرار یەکێکە لەو کەسە سەرەتاییانەی باوەڕی بەوە بوو کە ''بە ڕزگارکردنی کورد و کوردستان، گەلانی تورکیاش ڕزگار دەبن و لە تورکیاوە تا ڕۆژهەڵاتی ناویین دیموکراتیزە دەبێت.'' ئەم ڕاستییە بووە بناغەی ئاگایی ئەو و هێزی تێکۆشانی، ئاگایی و باوەڕی ئەوی پتەو کرد.

لاوان هەمیشە بوونەتە ماتەوزەی کۆمەڵگە و لە بەرانبەر دیفاکتۆ دیکتاتۆرییەکان بوونەتە قەڵغان و تێ کۆشاون، ڕێبەر ئاپۆش وەک پێشەنگی شەڕی ستاتیکی و سەرڕاستکردنەوەی ئەو سەت ساڵە کەوتە پێش، کوردستان لە گۆڕی چیمەنتۆدا لەگۆڕ نرابوو

ڕێبەر ئاپۆ بە فیکر و ڕامانێکی نوێ هاتە گۆڕەپانەکە، تەنیا بە قسە و بیرکردنەوە نا، بەڵکوو قسە و پراکتیکی کرد بە یەک و دەستی بە تێکۆشان کرد،  فیکرێکی نوێی لە بێژنگی مێژوو دا، بە فەلسەفەی هاوچەرخ و کلاسیک وەک پۆڵا هاتە مەیدان، سوودی لە هەموو فەلسەفە شۆڕشگێڕییەکان وەرگرتبوو، بەپێی ڕاستینەی کوردستان و تورکیا و هەرێمەکە گەیاندبوویە کۆتێز، کۆتێزێکی پتە و ڕاست. 

ئەو لاوانەی لە دەوری ڕێبەر ئاپۆش کۆ بووبوونەوە و لەگەڵ فەلسەفەکەی بوونە یەک، یەکێک لەو گەنجانەش گەنجێکی دەریای ڕەش بوو: حەقی قەرار!

زۆر کەس حەقی قەرار وەک یەکەم ئینتەرناسیۆناڵ هەژمار دەکەن کە هاتووەتە نێو تەڤگەری ئازادیی کوردستان، بە باوەڕی کوردستانیان ئەمە وایە، بەڵام بە تێڕوانینی شۆڕشگێڕانی تورکیا نا.

حەقی قەرار شۆڕشگێڕێکی تورک بوو، میژووی کۆماری تورکیا و ئیمپراتۆریای عوسمانیی و بە تایبەت مێژووی شۆڕشگێڕیی تورکیا و جیهانی باش دەناسی، باشیش چاودێریی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژی دەکرد، ئەو باوەڕی بە بزاوتی کۆمەڵی تورکی و بە تایبەت بە بزاوتی کۆمەڵی کوردەواریی هەبوو

پاش ئەوەی ڕێبەر ئۆجالانی ناسی، وەک شۆڕشگێڕێکی تورک، هەم تێکۆشانی شۆڕشگێڕیی لە تورکیا و هەمیش هەلومەرجی سەردەمی ڕەچاو دەکرد و پاشان بڕیاری خۆی دەدا. بڕیاری ئەویش بوو بە هەقیقەتی گەیشتن بەمڕۆ 

بەڵێ، گەنجێتیی هەمیشە بە واتای نوێبوونەوە و گۆڕانکاریی دیت، بەڵام لاوانی چواردەوری ڕێبەر ئاپۆ هەموو خوێندکاری زانکۆ بوون و هەنگاوی زانستییان دەنا، لە ڕوانگەی مێژوو و کۆمەڵگە و شۆڕشگێڕییەوە زانا و تێگەشتوو بوون، سیاسەتی کلاسیک و سەردەستە کاپیتاڵیستەکانیان باش دەناسی، واتە توێژێکی نوێی دەستەبژێر، لێ لە دەستەبژێری سیستەم دوور بوو و دەستەبژێری سیستەمی دەخستە ژێر پرسیارەوە، باش تێگەشتبوون کە سیستەم کۆسپ دەخاتە سەر ڕێی پێشکەوتنی مرۆڤایەتیی و مرۆڤایەتیی دەکاتە کۆیلە.

لەم بەستێنەشدا حەقی قەرار سەرمەشقە، چونکە لە دەستپێکی ساڵی ١٩٧٠ دێتە نێو تەڤگەری لاوانی سۆسیالیست، لە ساڵی ١٩٧٣ لە بەڕێوەبەرێتیی ڕێکخستنی خوێندکارانی زانکۆ' ADYOD' جێ دەگرێت، پاش ئەوەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و کەمال پیری ناسی، ئیتر ڕزگاریی گەلانی تورکیا لە ڕزگاری گەلی کورد و کوردستاندا دەبینێتەوە و دەبێتە یەکێک لە هەڤاڵەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و تا کۆتایی لەم هەڤاڵبەندییە شۆڕشگێڕییەدا دڵسۆزانە ڕەنج دەدات، ئەمە وەک هاوڕێتیی ٣٠٠ ساڵەی یارانی ئەشکەوتە!

ئەم خەباتە دڵسۆزانەیە بووە پایەی دامەزراندنی ڕێکخستنیی ئاپۆیی. دەوڵەتی تورکیا ئەم ڕاستییەی بینی و ویستی ڕێ لەم تەڤگەرە بگرێت، سا بۆیە پێشەنگانی تەڤگەرەکەیان کردە ئامانج. تا ئەو دەمە بزووتنەوە سۆسیالیستەکانی لاوانی تورکیا تورکیا ئاگا یان نائاگا لە بن جڵەوی دەوڵەتی تورک و میتدا بوون.

لێ بزووتنەوەی خوێندکاران یان ئاپۆییەکان، بە فیکر و پەڕتووک و خۆی لەو ڕێکخستنانە هەڵبوارد، هەر لە سەرەتاوە ڕووی لە کوردستان کرد، ئەمە بەو واتایە دێت کە تەڤگەری لاوانی ئاپۆیی لە پۆلی تەڤگەری لاوانی کلاسیک جیایە، ئۆتۆریتەی دەوڵەت و میت و سیستەم ناناسێت، جا دەوڵەت و گوندپارێزی دەوڵەت، دڵۆپێک جوامێریی و ئەخلاقیان نییە، وەک هەمیشە پێشەنگەکانی تەڤگەری ئاپۆییان دەکردە ئامانج، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەمە دەستەودامێنی هەموو ڕێبازەکان بوون.

مسۆگەر تەڤگەری ئاپۆیی بە دڕدۆنگیی نەجووڵایەوە، بزووتنەوەکانی پێش خۆی و کەموکوڕیی و ڕاستییانی هەڵسەنگاند، وانەیان لەوان وەرگرت و دەستیان بە تێکۆشان کرد، سیستەمی سۆسیالیستییشیان تاوتوێ کرد، شۆڕشە کلاسیکییەکانیان دەرباز کرد، سنوورە کلاسیکەکانیان دەرباز کرد، سا لەگەڵ هەڵهێناوەی هەر هەنگاوێك، برینێکیان دەخستە جەستەی سیستەم و دەیانهەژاند.

دەوڵەتی تورکیاش لە سەردەمی عوسمانیی بە تایبەتیی پاش ساڵی ١٨٨٤ بە پێشەنگێتیی کورت ئیسماعیل حەقی پاشا پیلانی بچووککردنەوەی هۆزە کوردییەکانی جێبەجی کرد و تا ئەمڕۆش ڕاپۆرتی دواکەوتن و پاکتاوی گەلی کورد جێبەجێ دەکەن، سا بۆیە میراتگرانی عوسمانی ئەزمووندارن و هەردەم پێشەنگانی کۆمەڵگە بە ئامانج دەگرن، لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیددا، لە ڕێی دامەزراندنی دەزگای هەواڵگریی یەڵدز و بەردەوامبوونی، ڕێکخراوی مەحسووما و ئیتیحادی تەرەقی قەرەقۆڵ، تۆوی سیخووڕیی و ناپاکییان لە نێو کۆمەڵدا چاند. دەزگای هەواڵگریی میتی تورکیا درێژەی هەمان دامەزراوەیە.

بابەتی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکی ئێستا ڕیکخستنی هەمەچەشنی کۆنترای بە ناوی جیاوازەوە بۆ هەواڵگریی و تیرۆر درووست دەکات. ئەم سیستەمە درێژەی سیستەمی هەڵوەشاوە و ئیدۆلۆژیی ئیتیحاد و تەرەقییە، لە ساڵی ١٩١١ لە کۆنگرەی ئیتیحاد و تەرەقی لە سالۆنیک بڕیاری ئافراندنی 'نەتەوەیەکی تورکی ئیسلامیی' درا. پاش کۆنگرەکە کۆمەڵێک چەتەیان درووست کرد، لە ئەستەنبووڵ و هەموو شوێنەکانی تر دەستیان دایە کوشتاری سیاسیی، ئەم هۆشە هۆشێکی شیزۆفیرینیی بوو، لە ساڵی ١٩١٥ بۆ کۆمەڵکوژیی گەلانی سریانیی و ڕۆم و ئەرمەن و کورد سیستەمی چەتەگەریی و کۆنترایان پێش خست، کازم قەرەبەکری فەرمانداری فەیلەقی ئەرزڕۆم کۆنترای 'گزیر'ـی درووست کرد. لە ئامەد و ئورفا و ماردینیش   بکوژ و دز و ژەنەراڵەکەیان لە زیندان ئازاد کرد، کۆنترای وەک 'ئەلخەمسین'ـیان ئاوا کرد، ئاغا و ئاغازادەکانیان دەکردە سەرچەتە، لە تێکڕای هەرێمەکان گرووپی چەتەیان درووست کرد، ئەمڕۆش لە ژێر ناوی جیاوازدا هەمان شت دەکەن.

مرۆڤ دەتوانێت ئەم سیستەمە وەک سیستەمی کۆنترا-کۆمپلۆ پێناسە بکات

بەرانبەر تەڤگەری ئاپۆیی کۆنترا-کۆمپلۆیان ئاوا کرد، ستێرکا سۆریش دەستپێکی ئەمەیە، ئەمە ڕێکخراوێکی کۆنترا گەریلا بووە،

وەک لە سەرێ بەرباسم دا، ستێرکا سۆریش وەک کۆنتراگەریلا بوو، بۆ لەناوبردنی پێشەنگانی تەڤگەری ئاپۆیی بوو، ناوەکەی سەرنجڕاکێشە و پەیڤی 'سێوی سوور؛ دێنێتەوە بیری مرۆڤ، سێوی سوور 'kizil-elma' درووشمی داگیرکەریی و وێرانکاریی و پاکتاوی گەلانە، ئەم درووشمە هەڵگۆستەی هۆشمەرندیی شیزۆفیرینیی سیستەمی ئاڵوگۆڕە. بۆ نموونە ڕابەرانی بزووتنەوەی ئازادیی ئەوێ دەمێ لە ڕێی بانگهێشتکردنەوە بۆ لای بەرپرسانی دەوڵەت، تیا برابوون، حەقی قەراریش لە ڕێی بانگهێشتێکەوە بۆ گفتوگۆی دوولایەنە شەهید کرا.

حەقی قەرار یەکەمین تورکە کە لە ڕێی دۆزی کورد و کوردستاندا شەهید بووە، ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە ڕێبەر ئۆجالان لە کۆبوونەوەی چووبووکدا هەرچەندێک 'ڕەچەڵەکی کورد'ـی ڕەچاو کردبێت، پاشان گەیشتە ئەو باوەڕەی شۆڕشی گەلان خاوەنی پیناسە و کەڵکەڵەیەکی گەردوونییە و دەبێت هەمووان بگرێتەوە، لەبەر ئەوە پاش ماوەیەک کەمال پیر و حەقی قەراری دیت. 

دیداری حەقی قەرار و کەمال پیر و ڕێبەر ئۆجالان لەلایەنی ئایدۆلۆژیی و سیاسییەوە، ڕێی بۆ یالێکتیک و بزاوتی مێژووی و ڕیکخستنێکی جیهانیی خۆش کرد. ئەمەش بزووتن و ئافراندنی توێژەکانی گەلی لێ کەوتەوە.

شەهیدکردنی حەقی قەرار بۆ تەڤگەری لاوانی ئاپۆیی پێڤاژۆیەکی نوێ بوو، دەوڵەت هیوای بەوە بوو بە شەهیدکردنی حەقی قەرار جووڵەی کۆمەڵگە و تێکۆشانی هاوبەش پارچەپارچە بکات و لێکی هەڵوەشێنێت، بەڵام وا نەبوو!

لە سای دووربینیی ڕێبەر ئۆجالانەوە ئەم قۆناغە بوو بە قۆناغێکی مێژوویی، بەداخەوە کرمی ناپاکییان لە خوێنی کورداندا زیندوو کردبووە و ئەنجامیشیان هەبوو. بە شەهیدکردنی حەقی قەرار تێر نەبوون، لەبەر ئەوەی هۆشی شیزۆفیرینی دەوڵەتی تورکیا دەیویست سەرپاکی تەڤگەری ئازادیی کورد لە ڕەگوڕیشەوە هەڵکێشێت، پێشەنگانی تەڤگەری ئاپۆییش خاوەنی فەلسەفەیەکی جیاواز بوون، لە ڕێی شۆڕشی کوردستاندا پێداگر و بەهیوا بوون.

هـ . ب