مەزڵوم هەفتتەن ئەندامی ئەنجومەنی پەژاک لە وتارێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ناردووە باسی لە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی و ١٥ی شوبات و خاوەنداری گەلی کورد لە رێبەر ئاپۆ و راپەڕینی سێی رەشەمێی ١٣٧٧ (٢٢ی شوباتی ١٩٩٩) لە رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە کە تیایدا لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی خۆپیشاندانی گەورە لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوون و بە دەیان کەس لە شاری سنە لەو رۆژەدا شەهیدبوون.
دەقی وتارەکە:
کوردەکان بە درێژایی مێژوو رووبەڕوو راستی چارەنوسسازی جۆراوجۆر بوونەتەوە کە هەندێک جار هەبوونی ئەوانی رووبەڕووی لەناوچوون کردووەتەوە. یەک لەم رووداوانەلە ماوەی سەدەی رابردوودا پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی دژی رێبەر ئاپۆ بووە کە هەبوون و ناسنامەی کوردانی بەرەو لێواری لەناوچوون دەبرد.
پیلانگێڕان لەسەر بنەمای هێنانەدی ئامانجە قێزەونەکانیان و بە بەشداری و هاوکاری دەوڵەتە داگیرکەرە هەرێمییەکان، کۆلۆنیالیزمی جیهانی و کوردە بەکرێگیراوەکان پیلانگێڕییەکەیان جێبەجێ کرد، بۆ ئەوەی بەتەواوەتی بگەنە بە کۆیلە کردنی مێژوویی کردەکان. هێرشێکی هەمەلایەنە و بێ وەستان بۆ سەر کوردی ئازاد دەستیپێکرد، کە بە ئامانجی لەناوبردنی رێبەر ئاپۆ خرایەگەڕ. هێزە بەشداربووەکان لە پیلانگێڕی، ئەوانەی فەرمانیان دەردەکرد، ئەوانەی جێبەجێیان دەکرد و هاوبەشەکانیان سوێندیان خواردبوو کە کورد لەناوببەن و لە جێبەجێ کردنی پیلانە قێزونەکەیان هیچ سنوورێکیان نەدەناسی و تەنانەت لە پێناو گەیشتن بەو ئامانجەیان یاساکانی خۆیان پێشێل دەکرد یاخود ئەو یاسایانەیان دەگۆڕی. لەهاوکاری و بەشداری لە جێبەجێکردنی پیلانگێڕییەکە دڵنیابوون. هەربۆیە پێیان وابوو کارەکە تەواوکراوە و دەگەنە ئەنجامی یەکلاکەرەوە. رەنگە بەشداری هەندێک لەم پیلانگێڕییە بگەڕێتەوە بۆ ئەو دڵنیابوونە لە جێبەجێکردنی پلانەکە و گەیشتن بە ئەنجام، بەڵام هەڵوێستی مێژوویی و خاوەنداری شکۆمەندانەی کوردان و دۆستانیان لە رێبەر ئاپۆ خەو و خولیای پیلانگێڕانی پوچەڵ کردەوە، ئەوانی تووشی شۆک و تاسان کرد و نەخشەکانیانی لەباربرد. بەجۆرێک هەندێک لە پلانداڕێژەران و جێبەجێکارانی پیلانگێڕییەکە دانیان بەوەدا نا و لێدوانەکانی مادلین ئۆڵبرایت وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمریکا بەڵگەیە لەسەر ئەم راستیە.
پیلانگێڕان لە لێکدانەوەی ئاستی خاوەنداری کوردەکان لە رێبەر ئاپۆ تووشی هەڵەیەکی ستراتیژی بوون، هەر ئەمەش ئەنجامەکانی پیلانگێڕیی بەتەواوەتی گۆری و تەنانەت دەکرێت بوترێت کە کوردەکانی لە خەوی مێژوویی راپەڕاند و رەوتی ژیانیانی گۆڕی.
کوردەکان بە گشتی لەم قۆناغەدا بەرپرسیارانە مامەڵەیان کرد و هەڵوێستی مێژووییان نواند کە جێگەی رێزە، بەڵام هەڵوێستی کوردەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و کاریگەرییەکەی کە تێکشکاندنی جێبەجێکرنی پیلانگێڕیی و رەوتی پێشهاتەکان پێویستی بە لێکدانەوە و خوێندنەوەی تایبەتە.
بەشداری شکۆمەندانەی کوردەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێران کە بە سەرهەڵدانی سێی رەشەمێی ١٣٧٧ (٢٢ی شوباتی ١٩٩٩) و بەختکردنی دەیان گیانی بەنرخ گەیشتە لوتکە، هەم رەوتی پیلانگێڕییەکەی گۆڕی و هەم تۆوی بەرێکخستنبوونی کارا و هێژای هێنایەدی، کە لەمرۆماندا بە بزوتنەوەی ئاپۆیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ناودێر دەکرێت. هەربۆیە قەرزارباری خوێنی شەهیدان و تێکۆشانی بێ وچانی گەلەکەمانین و جێی خۆیەتی کە بەتەواوتی درکی پێبکەین و پڕاوپڕ مافەکەی بدەین.
بێ شک بەشداری گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە راپەڕینی سێی رەشەمێی ١٣٧٧ و بەرگریی لە رێبەر ئاپۆ پارێزگاری لەناسنامەمان کرد و درێژەدان بە رێگای گەیشتن بە ئازادیمانی دەستەبەر کرد. هەرچەندە ئەم هەنگاو بەهای مێژوویی و یەکلاکەرەوەی هەیە، بەڵام بەس نییە چونکە پیلانگێڕییەکە تائێستا و بەشێوەی جیاجیا بەردەوامە و پیلانگێڕان لە دەرفەتێک دەگەڕێن بۆ ئەوەی بگەنە ئامانچە شومەکانیان. بەدیلگیرانی رێبەر ئاپۆ و گۆشەگیری توندکراو لە زیندانی تاکەکەسی ئیمراڵی و هێرشی هەمەلایەنەی دوژمنان بۆ سەر کوردەکان لە کوردستان و سەرتاسەری جیهان بەڵگەیە لە سەر بەردەوامی پیلانگێڕیی.
پیلانگێڕان لە هۆکارەکانی شکست ەو قۆناغەی پیلانەکە و خاڵە لاوازەکانیان کۆڵیوەتەوە و ئەمڕۆ بە شێوەیەکی بەربڵاوتر دەستیان بە هەوڵەکانیان کردووەتەوە. هەربۆیە لەسەر گەلەکەمان پێویستە کە بە وشیاری زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا بکەن.
لەمڕۆدا رەوتی گەشەسەندنی هزری ئاپۆیی لە کوردستان، ناوچەکە و جیهان و بەکرداری بوونی ئەو هزرە لە کەس شاراوە نییە. رۆڵی پێشەنگایەتی ئاپۆییەکان بەتایبەتی ژنانی ئاپۆیی لە وەرچەخانە دیموکراتیکەکانی ناوچەکە و سەرووناوچەکەش بەرجستە و یەکلاکەرەوەیە، بەجۆرێک کە لە هاوکێشە ناوچەییەکانی هێز شوێندانەر و کارتێکەر بوون و دەبن. ئەم پرسانە پەیوەندییەکی ریشەییان لەگەڵ دۆخ و چارەنوسی کوردەکان و گەلانی چەوساوەی ناوچەکە هەیە و بۆ ئێمە کوردەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە وەرچەرخانەکانی رەشەمێی ١٣٧٧ و هاتنەئارای رووداوەکانی دواتری تا ئەمڕۆمان پەیوەندییەکی نەپساوەی هەیە کە دەبێت بە دروستی درکی پێبکرێت و بخرێتە بەر رەخنە و لێکۆڵینەوەوە. هەرچەندە هاتنەدی ئەم دەستکەوتانە بۆ ئێمە پێویستی بە باج و قوربانیدانی بەنرخ هەبووە و شانازییەکە لە ژیانماندا، بەڵام بە کردەوەیی بوونی ئەم کاریگەرییانە لە شکڵدان بە بابەتەکان، دوژمنانی توڕەتر کردووە و مەترسییەکانیانی بە بەراورد لەگەڵ رابردوو چەند هێندە کردووە . پێویستە درک بەو مەترسیانە بکەین و بە وردبونی و لێهاتوویی و بەشداری کارا و بەرپرسیارانە، پوچەڵیان بکەینەوە و ئەمەش بە تێگەیشتنی قوڵ لە پیلانگێڕی، درک راستەقینە لە راستی رێبەر ئاپۆ و رەخنەکردنی زانستی و لۆژیکی لە مێژووی گەلەکەمان دەستەبەر دەبێت.
هـ . ب