نەپەگە پیرۆزبایی لە گەریلاکان کرد کە وەک 'برووسک' لە داگیرکەرانیان دا

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل پیرۆزبایی ئاراستەی ئەو گەریلایانە کرد کە لە گۆڕەپانی کوڕەژارۆی ڕۆژهەڵاتی زاپ، ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕییان ئەنجامدا و ڕایگەیاند: "وەک برووسک لە داگیرکەرانیاندا."

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی هەپەگە سەبارەت بە چالاکی کوردینە(هەماهەنگ)ی ٢٠ی شوبات لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی کوڕەژارۆ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە گەریلاکانی بەشدار لە چالاکییەکەدا کرد.

بەیاننامەکە بەم شێوەیەیە:

"هەڤاڵانی هێژا!

سەرەتا لە دڵەوە سڵاو ئاراستەی ئێوە هەڤاڵانی خاوەن هەستی شۆڕشگێڕیی دەکەین بۆ بەشداریکردنتان لە ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕیی گۆڕەپانی بەرخۆدانی کورەژارۆ لە ڕۆژهەڵاتی زاپ کە بە بوێری و ڕۆحی فیدایی ئاپۆییەوە ئەنجامتان داوە.

لە ٢٠ی شوباتدا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی کورەژارۆی ڕۆژهەڵاتی زاپ، لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا، لە دژی هێرشە ئاسمانی و زەوینیەکانی سوپای داگیرکەری تورک، ئۆپەراسیۆنێکی شۆڕشگێڕانەتان ئەنجامدا. لە ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕیی کورەژارۆدا، لە سێ باڵەوە بە شێوەیەکی کوردینە( هەماهەنگ) هێرش کرایە سەر داگیرکەران، هێزەکانی گەریلا بە لێهاتوویی خۆیان گەیاندە ناو مۆڵگەکانی دوژمن و چوونە ناو سەنگەرەکانی دوژمن و هەتا یەکەم فیشەک دوژمن هەستی بە هیچ نەکرد. لەم ئۆپەراسیۆنە شۆڕشگێڕییەدا، کە سەرەڕای بارودۆخی سەختی زستان، ئیرادەی بەرزی شۆڕشگێڕیی مەزن و فیداکاری بەهێزی نیشان دا، وەک برووسک گورز لە داگیرکەران درا. لە ماوەی ٢٠ خولەکدا ئامانجەکە بەتەواوەتی تێکشکێندرا و دەستی بەسەر مۆڵگە و شوێنی داگیرکەراندا گیرا، دوژمن زیانێکی زۆری بەرکەوت، گەریلاکان هیچ زیانێکیان بەرنەکەوت و چەک و کەرەستەی سەربازی زۆرێکی دوژمن دەستی بەسەردا گیرا، خێمە و پێگەکانیشیان سووتێنران، ئەمە نیشاندەری ئەوە بوو کە ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتوو بووە.

بەو بۆنەوە ئێمە جارێکی تر پیرۆزبایی لە هەموو فەرماندەکان و شەڕڤانانی ئەو  ئۆپەراسیۆنە دەکەین کە بە رۆحی فیدایی ئاپۆییەوە و بە تاکتیکی سەردەمیانە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو جێبەجێیان کرد، هەروەها بە لێهاتوویی ئاستی بەرزی سەربازی و ئیرادەی شۆڕشگێڕییەوە ئەم ئۆپەراسیۆنە شۆڕشگێڕییەیان ئەنجامدا و لە هەموو ئاستێکی ئەم چالاکییەدا تێکۆشان.

 ئەو بەڵگانەی لە کاتی ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕیدا دەستی بەسەردا گیرا، جارێکی دیکە ڕاستی شەڕی چیاکانی کوردستانی ئاشکرا کرد. بەڕوونی دەرکەوت کە وەزارەتی بەرگریی تورکیا درۆ دەکات و پێداگری لەسەر شەڕ دەکات و دەرئەنجامەکانی شەڕەکان لە گەلانی تورکیا دەشارێتەوە و هەموو جۆرە چەواشەکارییەک دەکات و بە وتنی 'قفڵمان کردووە' هەوڵی فریودانی کۆمەڵگا دەدات. ناسنامەی ئەو سەربازانە ئاشکرا نەکرابوو کە دەست بەسەر چەک و کەرەستەی سەربازی و ناسنامەکانیاندا گیراوە. بەڵام پاش بڵاوبوونەوەی ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕیی ئێوە و ئەو چەک و پێداویستی و بەڵگەنامانەی کە لە تەرمی داگیرکەران کۆتان کردەوە و بڵاوکرایەوە، ڕاستی شەڕەکە بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بوو.

هەڤاڵانی هێژا؛ بەبۆنەی ئەم چالاکییە سەرکەوتووەو، جارێکی دیکە بەناوی فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندیمان پیرۆزباییتان لێدەکەین و لە ڕێپێوانی بە ئیرادەو باوەڕتانەوە لەسەر هێڵی ڕێبەر و شەهیدان، هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین و لەو باوەڕەداین سەرکەوتنی گەورەتر بەدەست دەهێنن."