پەدەکە، گرێیەکی شێرپەنجەیی لە جەستەی کوردستاندا
پەدەکە بە ئەندازەیەک لە ناو کورددا بێزراو و نەخوازراو بووە، کە نەک هەرخۆی بەڵکوو ئەو لایەنەشی لێی نزیک بێتەوە، بەر تف و لەعنەتی خەڵک دەکەوێت و وەک گەڕ و گول و نەفرەتی تەماشا دەکرێت.
پەدەکە بە ئەندازەیەک لە ناو کورددا بێزراو و نەخوازراو بووە، کە نەک هەرخۆی بەڵکوو ئەو لایەنەشی لێی نزیک بێتەوە، بەر تف و لەعنەتی خەڵک دەکەوێت و وەک گەڕ و گول و نەفرەتی تەماشا دەکرێت.
وتەیەکی بەناوبانگ دەربارەی سوود و بایەخی مێژوو هەیە دەدرێتە پاڵ بێرناردشۆ، وتەکەش ئەوەیە: تاکە شت کە لە مێژووە فێر دەبین ، ئەوەیە مرۆڤ هەرگیز لە مێژووەوە فێر نابێت، هەر بە ڕاستیش ئەم قسەیە زۆر لە گۆڵمەز و ڕۆحی گاڵتەجاڕانەی بێرناردشۆوە نزیکە، هەر بۆیە دەشێت بێرناردشۆ وای وتبێت، بەتایبەتیش کە لە ئاستێکی سادە و ڕاستەوخۆدا هەندێک ڕاستی تێدایە، هەر بۆ نموونە، ئەم ڕێگایەی پەدەکەی لەسەرە، ڕێک ڕێگای تیاچوون و شەرمەزاریی مێژووییە، یانی دەبوو پەدەکە تەماشای مێژووی بکردایە کە هەموو ئەوانەی لە مێژوودا دەسەڵاتخواز بوون وەک پەدەکە قەپیان بە کورسی دەسەڵاتدا کردووە یانی ئەو قەپەی کە لە کورسی دایان گرتووە بە کەمتر لە سەریان پان کراوەتەوە و تیاچوون! بەڵام گەر ئەم ڕاستییە سەرەتاییە مێژووییە و هەزار بارە بیری پەدەکە بخەیتەوە، یانی بیری بێنیتەوە ئەمە هەمان ڕێگاکەی موعەمەر قەزافی و عەلی عەبدوڵا ساڵەح و سەدام حسێنە، دەڵێ نەخێر ئەمەی من جیاوازە! بەڵام سەیر نییە، وتمان ئەوەی مرۆڤ لە مێژووە فێر دەبێت ئەوەیە کە مرۆڤ لە مێژووەوە فێر نابێت!
گەر بیری پەدەکە بێنیتەوە کورد گەلێکی کۆمەڵایەتییە و سیستەمی چینایەتی ڕەق و زەق قەبووڵ ناکات، بە پەدەکە بڵێی هەستی کۆمەڵایەتی و عەدالەتوخوازانەی کورد ئەو فیرعەون سیفەتییەی پەدەکە قەبووڵ ناکات، ئەو ژیانە چینایەتییە ترسناکەی لە هەولێر و دهۆک سەرپێیان خستووە، قەبووڵ ناکات، ئەو بارۆن سیفەتی و داگیرکارییەی بۆ سەر موڵک و ماڵی خەڵکی دەستیان داوەتێ، پێی بڵێی هەموو ئەمانە دژن بە سەرەتاییترین تایبەتمەندی کورد و مێژووی کورد پەدەکە هیچ سوودێکی لێ وەرناگرێت.
هەموو ئەو ڕاستییانەی سەرەوە کارێکیان کردووە، پەدەکە بە ئەندازەیەک لە ناو کورددا بێزراو و نەخوازراو بووە، کە نەک هەرخۆی بەڵکوو ئەو لایەنەشی لێی نزیک بێتەوە، بەر تف و لەعنەتی خەڵک دەکەوێت و وەک گەڕ و گول و نەفرەتی تەماشا دەکرێت، گۆڕان و یەنەکەش کە بۆ ماوەیەک نەعلەشۆ کران لە لایەن خەڵکەوە هۆکارەکەی ئەو بادانەیان بوو بە لای پەدەکەدا.
لە سیرەی پەیامبەری ئیسلامدا ڕووداوێکی سیمبۆلیک هەیە و بە ڕووداوی سنگ شەقکردن بە ناوبانگە، فریشتەیەکی سپیپۆش سنگی پەیامبەر (د.خ) شەق دەکات و بەشی شەیتان لە دڵ و بوونی حەزرەتی محمد (د.خ) دەردەهێنێت، ئێستا بەشی هەرە زۆری خەڵکی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی پەدەکە هەر لە سەرەتاوە پشکی شەیتان بوو، بەشی خێر و خەڵکی بە ڕەهایی لێ دەرهێنراوە، ئەگەر لە ڕووداوەکەی سیرەدا، بەشی شەڕ و شەیتان لە وجودی پێغەمبەر(د.خ) دەرهێنرابێت، ئەوا ڕێک بەشی خێر و خەڵک لە ئەزەلەوە لە پەدەکە دەرهێنراوە.
بەم پێیەش بە ڕەهایی پەدەکە بەشی خەڵکی تێدا نییە، جگە لە هەوڵی کۆتایی پێهێنان، سڕینەوە و بڕینی ئەم گرێ شێرپەنجەییە لە جەستەی کورد، هەر هەڵوێستێکی تر بەرانبەر پەدەکە، هەر نزیکبوونەوە و مامەڵەیەکی دیکە لەگەڵ پەدەکە پێش هەموو کەس ئەو لایەنە دەسووتێنێت وا هەوڵی لەو شێوەیە بدات، بە واتایەکی دیکە لایەنەکە ژەهراویی دەبێت بە ژەهری پەدەکە.
یەنەکە حیزبێکی کێشەدار و پڕ قەیرانە، لە ڕابردووشدا بە ئەندازەی ئەو لێکنزیکبوونەوەی کە لە پەدەکەیەوە نزیکبووە ژەهراویی بووە، یەکێتیی خۆی بەشی خەڵکی تێدایە، هەر ئەوەش وایکردووە یەنەکە هەندێک باری قوورس تر بێت، پەدەکەیش بەو پێیە لە خەڵک جیا بووەتەوە و هەڵگری هیچ ئەرکێکی کۆمەڵایەتیی و جڤاکیی نییە، لە سیاسەتی پراگماتی و ڕۆژدا باری سووکە، بۆیە لە سیاسەتە فریودەرەکانیدا سەرکەوتوو و براوەیە!
وەک ئاماژەمان پێ کرد، یەنەکەش لە چەند شوێنەوە ژەهری پەدەکە دزەی کردووەتە ناوی، گەر بتوانێت خۆی لەو ژەهرانە پاک کاتەوە، ڕەنگە بتوانێت لە ئاستێکدا فریای خەڵک بکەوێت و لە مۆتەکەی پەدەکە ڕزگاری کات.
سەبارەت بە مامەڵەی پەدەکە لەگەڵ کوردستان، خراپ نییە ئاماژە بە گێڕانەوەیەکی مێژوویی بکەین، گێڕانەوەکە دەدرێتە پاڵ سلێمان پێغەمبەر، دەگێڕنەوە دوو ژن کێشەیان دەبێت لە سەر خاوەنداریی منداڵێک و کێشەکەیان دەبەنە لای حەزرەتی سلێمان، ئەویش پرسیار لە هەر کامیان دەکات خۆیان بە خاوەنی منداڵەکە دەزانن! سڵێمانیش لە داوەریی نێوانیاندا، دەڵێت من چارم نییە جگە لەوەی منداڵەکە لە نێوانتاندا بەش بکەم، بۆ ئەمەش دەبێت منداڵەکە بە یەکسانیی بکەم بە دوو کەرتەوە! بێگومان لەم کاتەدا دایکە ڕاستەقینەکە ڕێک هاواری لێ بەرز دەبێتەوە و دەڵێ؛ منداڵەکە هی من نییە و هی ئەو ژنەکەی ترە، سلێمان بۆی دەردەکەوێت هی ئەمەیانە وا دەڵێ هی من نییە!
جا ئەو حەکایەتە لە کوێدا پەیوەندیی بە پەدەکە و کوردستانەوە هەیە؟ پەدەکە زڕدایکەکەی کوردستانە، نە دڵی بە خەڵک و نە بە خاک و ئاوی ئەم وڵاتە دەسووتێت، قبووڵییەتی کوردستان نەک کەرت بکرێت، نەک بکرێت بە دوو پارچەوە، بەڵکوو هەلاهەلا بکرێت، بە مەرجێک قازانجی خۆی تێدا بێت، نەک هەر یەنەکە هەر هێزێکی دیکەی کوردستانی لەگەڵ پەدەکە بکەوێتە کێشە دەبێت هەڵوێستی دایکەڕاستەقینەکە بنوێنێ، دەبێت بە پەدەکە بڵێ حەق بە تۆیە! هەموو شتێکی ئەم وڵاتە هی تۆیە! یەنەکەش بە ناچاریی ئەو سیاسەتەی جێبەجێ کردووە لەگەڵ پەدەکە، هەر کە پەدەکە(زڕدایکەکە) ئیدعای خاوەندارێتیی هەموو شتێکی کوردستانی کردووە، یەنەکە ناچار بووە بڵێ ڕاست دەکەی هی تۆیە! چون گەر باوەشی بە قاچ و دەستی پەدەکەدا نەکردایە، هەر بەڕاستی پەدەکە منداڵەکە ( خاک و خەڵک) بێباکانە سەر دەبڕێت.