پەدەکە وەک لقێکی ئاکەپە-مەهەپە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات

وەک چۆن پێشتر ئاکەپە بە نزیکبوونەوە لە مەهەپە دەیویست خۆی لە لەناوچوون رزگار بکات، ئێستاش روون و ئاشکرایە ئاکەپە-مەهەپە کە لەگەڵ هوداپارن لە رێگەی پاراستن-پەدەکەوە دەیانەوێت لە خۆیان لە رووخان قوتار بکەن.

سەرباری ئەوەی کەمتر لە دوو رۆژ بۆ هەڵبژاردنە مێژووییەکەی ٢٠٢٣ی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا ماوە دەبینین کە لە باشووری کوردستان بانگەشەی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی ئاکەپە-مەهەپە لە لایەن پەدەکەوە زیاتر بووە.

لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن لە تورکیا، دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە کاتێکی بینی لەبەرامبەر هاوپەیمانی رەنج و ئازادی دەیدۆڕێنێت، سەرەتا پارتی حزبوڵا هوداپاری راپێچی ناو هاوپەیمانێتیەکەی کرد و دواتریش سەرچەتەی حزبوڵای ئازاد کرد.

لەم قۆناغەدا وەک پێشتر رژێمی ئاکەپە-مەهەپە هاوشێوەی هەموو جارەکان پەدەکە و بارزانی خستەپێش خۆی و دەستیکرد بە جوڵاندیان. پەدەکە هەموو تواناکانی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی لە رێگەی سەرۆک عەشیرەتەکان و ریشسپییەکانەوە لەپێناو سەرکەوتنی ئەردۆغان لەم هەڵبژاردنەدا کۆبوونەوە ساز بکات.

لەسەر دەستی بارزانی زۆر یەک لە سەرۆک عەشیرەت و ریش سپییەکانی بۆتان و جۆلەمێرگ و هێڵی سەرسنوور بانگهێشت کران و داوای دەنگدان بە ئەردۆغانیان لێکرا. هاوکات لەلایەن پاراستن و میتیشەوە هەوڵی جیاجیا بەردەوام بوون.

لەگەڵ هەڵکشانی پێگەی پارتی چەپی سەوز بە پێشەنگایەتی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی، هەوڵەکانی ئاکەپە-مەهەپە لە باکوور چەندە زۆر بوون، هاوکات لە باشووریش هەمان ئەو کارانە کران. بە تایبەتی میدیای پەدەکە و بارزانی راستەوخۆ خزمەتیان بە پڕۆپاگەندەی هەڵبژاردن بۆ سەرکەوتنی ئەردۆغان کرد و هەوڵیان دا لە رێگە کاندیدەکانەوە بەرەی رەنج و ئازادی لاواز بکەن و بەم جۆرە گەل لە هەدەپە و پارتی چەپی سەوز دوور بخەنەوە. دواتریش سەرۆکی هوداپار سەردانی بارزانی و پارتە ئیسلامییەکانی باشووری کرد و بەمەبەستی پشتیوانی داوای هاوکاری لێکردن.

لەلایەکی دیکەوە بەر لە چەند رۆژ بەسەدان بارهەڵگری خەڵکی باکوری کوردستان لە شارۆچکەی سکتان لە نێوان دو خاڵی پشکنینی پەدەکە و یەنەکە گیریان خواردبوو، ئەوان دەیانویست زوو بگەڕێنەوە بۆ باکووری کوردستان و دەنگ بدەن. هەرچەندە شۆفێران باسیان لەوەکرد کە هیچ هۆکارێکی روونیان پێنەوتراوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان ئامانج لەو رێگرییە ئەوە بووە کە دەنگ نەدەن.

لەلایەکی دیکەوە بە گوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی لێکۆڵین پەدەکە- پاراستن کۆبوونەوەیان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر کرێکار و هاووڵاتیانی باکووری کوردستان سازکردووە کە بە هۆی پرسی سیاسی یاخود بۆ کار روویان لە باشووری کوردستان و لەو کۆبوونەوانەدا داوایان لێکردوون دەنگ بە ئاکەپە بدەن.

پەدەکە-پاراستن بە تایبەت هاووڵاتیانی باکوور کە لە هەولێر و دهۆک کاردەکەن، دەیانکەنە ئامانج و لەگەڵیان کۆدەبنەوە.

لە هەواڵەکەدا هاتبوو کە کۆمپانیا لانازی بنەماڵەی بارزانی لە هەولێر لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران لە کارگە و شوێنکارەکان کۆبوونەوەیان کردووە و پێیان راگەیاندوون کە ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ دەنگدان بەو مەرجەی دەنگ بە ئاکەپە-مەهەپە بدەن هەموو تێچووی گەشتەکەیان لە ئەستۆ دەگرن. هەروەها داوایان لێکردبوون کە دەبێت خزم، ناسیاو و هاوڕێکانیان قایل بکەن کە دەنگ بە ئاکەپە-مەهەپە بدەن.

هەر لە درێژەی هەواڵەکەدا سەرنج بۆ سەر کردەوەی جەردەوانەکان لە شڕنەخ راکێشراوە، بەتایبەتی کۆبوونەوەکانیان لە گەڵ خەڵک لە گوندی حسێن، کە تیایدا هەڕەشەیان لێکردوون کە دەبێت تەنیا دەنگ بدەن بە ئاکەپە- مەهەپە.خەڵکەکەش لە وەڵامدا وتوویانە: 'ئێوە جەردەوانیتان بەسەر ئێمەدا سەپاند، ئێمەش وەڵامی پێویستمان دانەوە، ئێستاش هەڕەشەمان لێدەکەن کە دەنگ بدەیەنە ئاکەپە-مەهەپە. جەردەوانی و دەنگدان بۆ ئێمە یەک شتە'.

کاتێک مرۆڤ لەو دۆخە ورد دەبێتەوە دەبینێت پەدەکە-پاراستن وەک لقێکی ئاکەپە –مەهەپە لە باشووری کوردستان کار بۆ سەرکەوتنی دەسەڵاتی ئەردۆغان دەکات. وەک چۆن پێشتر ئاکەپە لە رێگەی نزیکبوونەوە لە مەهەپە ویستی خۆی لە لەناوچوون رزگار بکات، ئێستاش دیارە و لەبەرچاوە کە ئاکەپە-مەهەپە کە لەگەڵ هوداپارن لە رێگەی پەدەکە-پاراستنیشەوە دەیانەوێت خۆیان لە رووخان و لەناوچوون قوتار بکەن.

هـ . ب