پەکەکە پارتی ژنانی ئازادە

رێکخستنبوونی خۆبەڕێوەبەر بە واتای سیستمی نوێی ژنانی ئازادیشە. تێکۆشانی ژنان لە ناو پەکەکەدا و ئەو ئاستەی لە رێگەی پارتی ژنان پاژک پێی گەیشتووە، هێز و سەرکەوتنەکەی نیشان دەدات. ئەو ئاستە مۆدێلێک بۆ ژنانی جیهان دەخوڵقێنێت.

ئێمە ٤٥ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتەکەمان پەکەکە پیرۆز دەکەین کە بە تێکۆشانی خۆی مۆری لە مێژووداوە. پەکەکە لە دامەزراندنیەوە تائێستا بەرامبەر هەموو هێرشەکان وەستاوەتەوە و بەردەوام پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونی بە بنەما گرتووە. گەورەترین دەستکەوتی پەکەکە لە مێژووی تێکۆشانیدا، ئازادی ژنە. پەکەکە کە پێگەی ژنان لە شۆڕشدا بە گرنگ دادەنێت، پرسی ئازادی ژنی بۆ دوای سەرکەوتنی شۆڕش هەڵنەپەساردووە. بەبێ ریفۆرمکردن چارەسەری بە بنەما گرت و گۆڕانکاری ریشەیی و رادیکاڵی بە ئامانج گرت. ئەم شێوازە لە تێکۆشان هەڵەکانی بزوتنەوە شۆڕشگێڕیی و چەپەکان دووبارە نەکردەوە و لەپێناو ژناندا پێشکەوتنی ئافراند. ئەو رێپێوانەی پەکەکە بە پێشەنگایەتی ژنان لە ماوەیەک کورتدا دەستەبەر نەبوو، بە جەماوەریبوو، هەنگاو بە هەنگاو لە هەموو شوێنێک کۆمەڵگەی گۆڕی و ناسنامەی پێبەخشین. بە بیردۆزی، هێڵی رێبەرایەتی و رێکخستنبوونی گەل، داهاتووی گەلێکی دیاری کرد.

تاکە شوێنی ئازاد چیاکان بوون

ئەو بەرەوپێشچوونەی لەلایەن پەکەکەوە ئافرێندرا، بۆ راستی گەلێک کە لە کوردستان رووبەڕووی سیاسەتی سڕینەوە و نکۆڵی کراوەتەوە، واتایەکی گەورەی هەیە. تێکۆشانی پەکەکە سەرلەنوێ گەلێکی زیندووکردەوە کە سیاسەتەکانی کۆمەڵکوژی، دوورخستنەوە و سەرکوت لەلایەن دوژمنی بەسەردا جێبەجێ کرابوو و لە گۆڕستانی کۆنکرێتڕێژدا نێژرابوو. ئەو سڕینەوە و نکۆڵییە نەک هەر بە جەستەیی، لە دژی ناسنامە، مێژوو، زمان، کولتور، هونەر و هەموو بەهاکان کە گەلێک دەخوڵقێنێت و پێکیدەهێنێت، بەڕێوەچوو. گەلی کورد یەک لە دێرینترین گەلەکانی مێژووی مرۆڤایەتیە. دەیانویست کە ناوی گەلی کورد لە مێژوو بسڕنەوە.

مامەڵەی کۆلۆنیالیستی کە لە هەموو کوردستان کەوتووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، لێکەوتە و ئەنجامی مەترسیدارتری لە سەر ژنان هەبووە. رێبەر ئاپۆ وەک 'یەکەم ریز و نەتەوەی بندەست' ژنانی پێناسە کرد. ژنان وەک رەگەز لە دەووڵەت و بنەماڵەدا بندەست بوون و بە سیاسەتی کۆلۆنیالیستی و فاشیستی لە هەموو روویەکەوە بێئیرادەکرابوون. ژن گەورەترین خوڵقێنەری بەها نەەوەیی و کۆمەڵایەتیەکانە. دەوڵەتی تورک لە قۆناغی دامەزراندندا زۆر جار هێرشی کردەسەر ژنان. ئیرادە کە گەورەترین کۆڵەکەی ئازادییە، لەپێخرا. ئەو هێرشە هەمەلایەنە و درێژخایەنەی دوژمن، هیچ بوارێکی بۆ هەناسەدانی ئازادانەی گەلی کورد نەهێشتەوە. تاکە شوێنی ئازاد چیاکان بوون. چیاکانی کوردستان لە ئەستەمترین ساتەکاندا بوونە پەناگە بۆ گەلی کورد. جگە لە چیاکان، هەموو شوێنێک لە ژێر کۆنترۆڵی دوژمندا بوون و تیایاندا سڕینەوە و پاکتاو دەسەپێندرا. لەناو ئەو راستیەدا کۆلۆنیالیزم و گوشاریش لەسەر ژنان زیادی کرد. بۆ پساندنی ئەو زنجیر و کۆت و بەندانە و بەرەو هەواری ئازاد هەنگاوان، شەڕێکی بوێرانە، پێداگرانە و گیانبازانەی دەویست.

ژنی ئازاد لە وڵات و سەربەخۆیی بەنرخترە

رێبەر ئاپۆ وتی، 'ئاستی ئازادی ژن، ئاستی ئازادی کۆمەڵگا، ئازادی کۆمەڵگاش ئاستی دیموکراتیکی گشتی دیاری دەکات. ئافراندنی ژنی ئازاد، لە وڵات و سەربەخۆبوون بەنرخترە'. رێبەر ئاپۆ لە دامەزراندنی پەکەکەوە تائێستا بەشداری ژنان لە تێکۆشانی بە بنەماگرت. ئەو ئامانجەی پەرەپێدا و ویستی کە شۆڕشی کوردستان لەسەر ئاستی نێونەتەوەییدا ببێتە شۆڕشی ژنان. تێبینی ئەوەی کرد کە شۆڕشی نەتەوەیی بە بێ شۆڕشی ژن لە ئاستی ئازادیدا کەموکورتی دەبێت و لە پێگەی ژندا گۆڕانکاری دروست ناکات. ئەوەی پێویستی بەوە هەبوو تەنیا ژنان نەبوون. لە پەیوەندییەکانی ژن-پیاو لە ناو پەکەکەدا پێودانگی ئازادی بە بنەما گیران و پەرەسەندنەکانی شۆڕشی کوردستان لە کەسایەتی شۆڕشی ژناندا بە بنەما گیرا. لەبەر ئەوەی پەکەکە لە سەرەتاوە تائێستا بە گوێرەی ئەو راستیە دەجوڵێتەوە، بەردەوام سەرکەوتووە. پەکەکە وەک پارتی ئەو ژنانەی کە خواست، بەشداربوون، بەرخودان و رێکخستنبوون بەرەو ئازادی بەڕێوەدەبات، پێناسە دەکرێت. پەکەکە بووە پێشەنگی شۆڕشی ئازادی ژنان.

ژنان لە رێگەی بە سوپابوونەوە ناسنامەیان بەدەستهێنا

بە سوپابوونی ژنانی ئازاد، گەرنتی و دەستەبەری بەرجستەی ئەو ئامانجەبوو. بە سوپابوونی ژنان کە سی ساڵی پڕکردووەتەوە، وەک بوار و بەستێنی هێزی پاراستنی رەوا و ئازادی رۆڵێکی زۆر گرنگی گێڕاوە. ئەو ژنەی لە ژیان دووردەخرایەوە، بێهێز و بێ ئیرادەکرابوو، خاوەنی هیچ مافێکی هەڵبژاردن نەبوو بۆخۆی و لە بڕیاردان داماڵدرابوو، یەکەمجار لە گۆڕەپانی شەڕ و سوپادا بەرەوپێش برا. گەورەترین شەڕی ئەو، لە دژی ئەو حوکم و بنەمایانەبوو کە متمانەی بە ژنان نەبوو و ژنانی بە کەم و بچووک دادەنا. ئەو حوکمە کە بە رەگەزپەرستی کۆمەڵایەتی تێراو دەبێت، یەک لە لەمپەرە گەورەکانی بەردەم ژنانی پێکهێناوە. ژنان کە یەکەم شەڕیان دژی ئەو حوکم و بیرکرندەوەیە ئەنجامدا، ئەو حوکمدانەیان تێکشکاند و دەرگای سەرکەوتنیان کردەوە. ئیرادە، بڕوا و ناسنامەی بەدەستهێنا. گرنگترین شتیش زانستی رەگەزی بەدەستهێنا. ئەوەس نەک هەر لە ئاستی تیۆریدا لە دژوارترین هەلومەرجی شەڕدا تاقیکرایەوە. ئەو بەرەوپێشچوونە تێگەیشتن و چەمکی کوردیشی لەلای دوژمن گۆڕی. هەروەک سەکینە جانسز لە زیندانی ئامەد لەبەردەم ئەشکەنجەگەران سەری دانەنەواند، ئیرادە و بەرخودانی ژنانی نیشاندا کە دوژمن بەرامبەر دۆشداماو و تاساوبوو، دواجار ناچار بوو کە رێزی لێبگرێت. بە گوێرەی بیردۆزی پەکەکە ژنان گەورەترین بەرخودانیان لە پێداگری لە سەر کەسایەتی ژنی ئازاددا بینی و لە هەموو کایەکانی ژیاندا بە گوێرەی ئەوە جوڵانەوە. کەسایەتی ژنی ئازاد کە بۆ ئافراندنی ناسنامەی کوردی ئازاد رۆڵێکی سەرەکی گێڕا، لە رێگەی پاژکەوە ناسنامەی بیردۆزی بەدەستهێنا و رێکارەکانی پێشەنگایەتی ئەوەشی خوڵقاند.

فکری ڕزگاری ژن فکرێکی کۆمەڵایەتییە

وڵاتپارێزی، فکر و ئیرادەی ئازاد، ڕێکخستنبوون، تێکۆشان، ئەخلاق و جوانی توخمی سەرەکی ئایدۆلۆژیای ڕزگاریخوازی ژنە. فکری ئازادی ژنان فکرێکی کۆمەڵایەتییە کە ڕێگای چارەسەری کێشەی ئازادی نیشاندەدات. ئەمەش گوزارشت لە ڕزگاربوون لە سیستەم و فکری پیاو ساڵاری دەکات. شەهید سارا تا بێریڤان، لە بێریتان تا زیلان و کۆتا شەهیدەکانمان، هەموو ئەو شەهیدانەی کە خۆلقێنەری میراتی تێکۆشانمان  نوێنەرایەتی ئەم هێلە دەکەن. بەبێ ڕەچاوکردنی ئەم بنەمایانە، تێکۆشانی ئازادی ناتوانیت سوود بە کۆمەڵگا بگەیەنێت و ببێت بە وڵامیک لە ژیاندا. ئەو هەنگاوە بەهێزانەی کە لە لایەن پاژکەوە بۆ تێکۆشانی ئازادی نراوە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کۆمەڵگا و هەموو لایەکەوە دروست کردووە، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی کە بگەن بە ئاستێکی بەرفراوان و جیهانی، لەبەر ئەوی کە هەموو بنەماکانی تێکۆشانیان بە وردی جێبەجێ دەکرد. ئەم توخمانە لەگەڵ ئازادی تاک و ئازادی کۆمەڵگا و نەتەوەیدا دەبن بە یەک، سوود بە یەکتر دەگەیەنن و بە بەهای ئیرادە، زانست، ڕێکخستن بوون، ئەخلاق و جوانی ژنان گۆڕانکاری دروست دەکەن. واتا لە هەموو لایەکەوە ژن بە ژنبوونی خۆی دەرازێنێتەوە و ئاستی ئازادی کۆمەڵگا دەپارێزێت. هەروەها پارێزگاری لە سەنگەرەکانی ئازادیش دەکات.

سوپای ژنان ئازادی لەگەڵ خۆیدا هێنا

سەرکەوتنی ژنان لەنێو گەریلادا، چەندین سەرکەوتنی بەدوای خۆیدا هێنا. سوپا کە هەمیشە بە کارەکتەری پیاو دەناسرایەوە، بۆ یەکەمجار لەنێو پەکەکەدا بە خۆبەڕێوەبەری ژن نرخێندرا. ئەو سوپایەی بە دەستی چەوسێنەران ڕێگەی بۆ کۆمەڵکوژی و قڕکردنی جڤاکی و ئیکۆلۆژی و نایەکسانی دەکردەوە، لەنێو پەکەکەدا بە خۆبەڕێوەبەریی ژن خۆی ڕێکخست و گۆڕا بۆ سوپای یەکسانی و ئازادی کە بەدوای مافی ستەملێکراو و ژناندا دەگەڕێت. وەک سیستەمی پاراستنی ڕەوا، زانستی ڕەگەزی لە شێوازی ڕەنگ و پێشەنگایەتی ژناندا شێوەی گرت. ئەو تێکۆشانەی لە هەموو گۆڕەپانەکانی ژیاندا هاوشان لەگەڵ ئەمەدا ئەنجامدرا، وایکرد ناسنامەی ژنی ئازاد کاربکاتە سەر سەربەخۆیی وڵات و مافی مرۆڤ و ئاستی دیموکراسی و هەموو بەها جڤاکییەکان. ئەو ژنەی زانینی دەست کەوتووە، جڤاکێکی هۆشیاری ئافراند و لەگەڵ ئازادی ژندا، جڤاک ئازاد بوو.

ژن نەک هەر بەو شەڕەی لە چیا دەیکات، بەڵکو لە هەموو گۆڕەپانەکانی ژیاندا، گەیشتوەتە ئەو ئاستەی ببێتە هێزێکی پێشەنگ لە شەڕی دژی سیستەمدا. ئەو ژنەی پێش دامەزراندنی پەکەکە نەیدەتوانی لە ماڵەوە دەربچێت، ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە پێشەنگایەتی شۆڕشەکانی گەل و ئۆپۆزسیۆنی جڤاکی دەکات. ژن دەمامکی سیستەمی پیاوسالاری لابرد، ناسنامەی ژن کە بەهۆی ئەو سیاسەتانە سڕابووە، هەمدیسان دەرکەوتەوە. هەروەها ئەو قڕکردنەوەی لەلایەن ئاین و دەوڵەت و خێزان و سیستەمەوە لەسەر ژنان پیادە دەکرێت، خرایە پێش چاو. نەک هەر ئەم ڕاستییەی شیکردەوە، بەڵکو پیشانیدا، پێویستە ئایدۆلۆژیا و تێکۆشان و بنیاتنانی ژیانی ئازاد چۆن وەک ئەڵتەرناتیڤێک پێش دەخرێت.

لەلایەکی ترەوە، گرنگ بوو هۆشیاریی کۆیلایەتی و بیرۆکەی ڕزگاری ژن بگاتە پێناسەیەکی دروست. لە ئایدۆلۆژیای پەکەکە و پاژکدا پێوەر بۆ ژنی ئازاد هەرگیز ئازادی تاکەکەس نەبووە و بە هێزی پیاو نەپێوراوە. هەروەها ئەو تێگەیشتنەی بۆ ئازادی شیکردەوە کە سیستەم پێشکەشی ژنانی دەکرد، لەبەرامبەردا ئەڵتەرناتیڤێکی پێشخست. لەگەڵ تێکۆشانی بەردەوام لە هەموو گۆڕەپانەکانی ژیاندا، ئامانجەکە خۆی دیتەوە لە فراوانکردنی ئامانجی ئازادی و وەگەڕخستنی پۆتێنشیاڵی ژن و بەرەوپێشبردنی ئازادی بە ڕەنگ و جەوهەری ژن و دەرخستنی بوو لە جڤاکدا. ئەم شتە لە سوپابوونی ژن تا ڕێکخستن و هەموو خەباتەکانی ژن و نوێنەرایەتی ژن، بەم جۆرە پێشکەوت.

سەرکەوتنی هەرە مەزن ڕێکخراوبوونی ژنانە

یەکێک لە مەزنترین دەسکەوتەکانی تێکۆشانی ئازادیی پەکەکە، دامەزراندنی پارتی ژنانە. لە ساڵی ١٩٨٧ لەگەڵ یەکەم ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان یەجەوەکە، پاشان لە ساڵی ١٩٩٥ لەگەڵ یەکەمین سوپای سەربەخۆی ژنانی یەجەوەکە و لە بەردەوامیشدا لەگەڵ پەژەکەکە و پەژەئا و پاژک ئەم قۆناغە پەرەی سەند.و گوزارشت لە شەرەفمەندترین مێژووی تێکۆشانی ئازادی ژنان دەکات. پاژک دیدگا و دڵنیایی ئایندەیەکی ئازاد هەم بۆ ژنانی کورد و هەم بۆ هەموو ژنانی جیهان مسۆگەر دەکات. لە پێناو پاراستنی ئەو سەنگەرانەی ئازادی کە دەست کەوتوون، لەپێناو بەدەستهێنانی ئەو ماف و گۆڕەپانانەی کە داگیرکراون، پێویستی تێکۆشانێکی درێژخایەن و بەردەوام لە گۆڕەپانی سەربازی و ئایدیۆلۆژی و ڕێکخراوەییدا بەسەرماندا دەسەپێنێت.

ڕێکخراوی سەربەخۆش گوزارشت لە سیستەمی نوێی ژنی ئازاد دەکات. تێکۆشانی ژنان لەناو پەکەکە و تا ئەو ئاستەی بەحزبی بوونی ژنان خۆی لەنێو پاژکدا دەرخست، هێز و سەرکەوتنی ئەمەی پیشاندا. ئەم ئاستە نەک تەنها بۆ پاژک و جەنگاوەرەکانی، بەڵکو بۆ ژنانی هەموو کوردستان و جیهانیش مۆدێلێک دەئافرێنێت. زەمینە بۆ دەستکەوتی نوێ و گەردوونیی ژنان خۆش دەکات و ئومێد دەبەخشێت. بە ئەزموونی تێکۆشانی خۆی، بە ئەزموونی ئایدیۆلۆژی و ڕێکخراوەیی، بناغەیەکی بەهێز بۆ پێکهێنانی شۆڕشی ژنانی جیهان پێشکەش دەکات. شۆڕشی ڕۆژهەڵات نیشانی دا کە ژنان لە جڤاکدا تا چەند گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە هەریەکەیان هێزی پێشەنگایەتی شۆڕشەکەی هەیە. ئەو پێشکەوتنەی ئێمە لە ئازادیدا بەدەستمان هێنا، ئومێدێکی گەورە  دەبەخشێتە شۆڕشی ژنانی جیهان بە پێشەنگایەتی پەکەکە و پاژک.

لە سەدەی بیست و یەکەمدا کە بە سەدەی ژنان پێناسە دەکرێت، ئەو تێکۆشانی ئازادییەی ژنان بەشێوەیەکی یەکسان ئەنجامی دەدەن، ڕۆڵێکی بنەڕەتیش دەگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشە جڤاکییەکاندا. پاژک پێشەنگی ئایدۆلۆژیی خۆیەتی، هەروەها بنەڕەتیترین هێزی هۆشیاری ڕەگەزی و خۆپاراستنە کە بناغەی ئازادی ژن دەچەسپێنێت. ڕێکخستن و هۆشیاری و خۆپاراستن هەنگاوە سەرەتاییەکانی ئازادی پێکدەهێنن. هێرشەکانی ئەمڕۆ بۆ سەر ژنان و گەل، گرنگی ئەمە دەردەخەن. بە ڕۆڵی پێشەنگایەتی خۆی دژی ئەو کێشانە دەوەستێتەوە وا سیستەم دەیخاتە بەردەم ئازادی ژن، لێرەشەوە ڕێباز و ئەڵتەرتانیڤێک پێشکەش دەکات.

پێداگریی ژن لەسەر ژیانی ئازاد

شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا دوای بەسوپابوونی سەربەخۆی ژنان لە کوردستان و دامەزراندنی پاژک پێشکەوت، هەروەها شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕۆژهەڵات، پێداگری ژنانی لەسەر جڤاکی ئازاد و داهاتوویەکی ئازاد و هێزی بونیادنانی خۆیان دەرخست. ئەمڕۆ جەنگاوەرانی پاژک بە تێکۆشانی خۆیان لە هەموو گۆڕەپانێکدا بە تایبەت لە چیاکانی کوردستان، دەیسەلمێنن کە ڕێکخراوترین و ڕادیکاڵترین هێزی خۆپاراستنی ڕەوان. بەرخۆدانی ژنانی کورد لە بەرامبەر هەموو هێرشەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک بە پشتیوانی ناتۆ، پێداگری ژنانە لەسەر ژیانێکی ئازاد. لەم شەڕەدا، بەدەستهێنانی هەر سەنگەرێک تەنیا لە چیادا سنووردار نییە، شەڕێکە لە دژی هەموو پراکتیزەیەکی ڕەگەزپەرستی جڤاکی، تێکۆشانە لە دژی هێرشکردنە سەر ژنان لەلایەن دەوڵەت و جڤاک و سیستەمەوە. بۆیە سوپا ناوازەکانی ژنان لە کوردستان لە ژێر ناوی یەژاستار و یەپەژە و هەپەژە و یەژەشە هێزی پاراستنی ڕەوای هەموو ژنانن و ئەو سەنگەری ئازادییەن کە بە ناوی ژنانی جیهانەوە شەڕ و بەرخۆدان دەکەن، ئەو ژنە شەڕڤانە ئەنتەرناسیۆنالیستانەی ئەم ڕاستییەیان بینی و چوونە ڕیزی گەریلا، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن. بەهێزترین وەڵام بۆ یادکردنەوەی شەهیدانمان و شەهیدە ئەنتەرناسیۆنالیستەکانمان کە لە سەنگەرەکانی ئازادیدا بۆ ئەم ئامانجە شەڕیان کرد، تاجدارکردنێتی بە شۆڕشی جیهانیی ژنان. ژنۆلۆژی و کۆنفیدراڵیزمی ژنانی تەڤگەری ئازادیی ژنان، بنەڕەتیترین و ستراتیژیترین هەنگاون بۆ ئەم ئامانجە.

لە هەموو کاتێک بەهێزترین

بەم هۆیەوە، جارێکی تر ژیانی شەهیدەکانمان و دوا قسەکانیان بیردەهێنینەوە کە بەردەوام دەیانگوت: وەک جەنگاوەرانی پەکەکە و پاژک، لە یەکەم ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ بە بانگەشەی سەرکەوتنەوە بەڕێ کەوتین، هەلومەرج و ئاستەنگەکان هەرچییەک بن، ئێمە بەرخۆدان دەکەین. ئێمە هەرگیز سازش لەسەر ئەم پێوەرانە  ناکەین کە سەرکەوتنی تێکۆشانەکەمان مسۆگەر دەکات. هێرش بۆ سەر هێز و پێشەنگانی تەڤگەرەکەمان هەرگیز نامان وەستێنێت. ئێمە میراتی بەرخۆدانمان لە هەموو شەهیدەکانمانمانەوە وەرگرتووە، ئەو ژنانەی لە مێژوودا بەرخۆدانیان کردووە، پێشەنگەکانمان لە پەکەکە و پاژک کە پێداگرییان لەسەر تێکۆشانی ئازادیی ژنان کردووە، بە شێوەیەکی دروست ئەم میراتە دەپارێزین و ئەم تێکۆشانە بە سەرکەوتن تاجدار دەکەین. بە شەرەف و هێزی ئەم میراتە داستانئامێزەی بەرخۆدان، تێدەکۆشین بۆ ئافراندنی پاشەڕۆژێکی ئازاد و پاراستنی ئەو دەستکەوتانە، ئەم تێکۆشانە لە هەموو گۆڕەپانێکدا بڵاودەکەینەوە و سەردەکەوین. ئێمە بەشی ئەوەندە هۆشیاری و ڕێکخستن و هێزمان هەیە. وەک جەنگاوەرانی پاژک لە ڕووی ئایدۆلۆژی و ڕێکخستن و سەربازییەوە لە هەموو کاتێک بەهێزترین. ئێمە زۆر لە پێشوو زیاتر ئیرادە و ئومێدمان هەیە. هەمیشە دەستکەوتی نوێ بۆ ئەم دەستکەوتانە زیاد دەکەین، پێکەوە میراتی بەرخۆدانمان بەرەو سەرکەوتن دەبەین و دەیگوازینەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو. ڕاستی ژن و ژیان و ئازادی بە هەموو لایەکدا بڵاودەکەینەوە، دەیگوازینەوە بۆ ئایندە و لە هەموو کاتێکدا بڵاوی دەکەینەوە.

 

* ئەندامی مەجلیسی پاژک.