ئایە كۆمەڵگەی ئێزیدی بۆ چی حەفتا و چوار فەرمانی بەسەردا هاتووە و كۆمەڵكۆژ دەكرێت، نەلەبەر ئەوەیە كە دەست لەئیرادەی ئازاد، باوەڕ و چاند و كەلتوری رەسەنی خۆی بەرنادات و تەسلیمیەت و ملكەچ بوون قەبوڵ ناكات.
ساڵی ٢٠١٤كاتێك داعش لە سێ ئاب دا هێرشی كردە سەر ئێزیدیەكان بۆ ئەوە بوو، ویستی كۆمەڵگەی ئیزیدی بەتەواوەتی پاكتاو و لەناو و دەستبەرداری چاند و باوەڕی و داب و نەریتی كۆمەڵایەتی خۆیان ببەن، بەڵام ئەو هەوڵەیان بۆ نەچووە سەر و بەبەرخۆدانی شەرڤانانی یەپەگە و یەپەژە و قەسەدە و گەریلاكانی ئازادی كوردستان و كچ و كوڕانی بوێر و خۆنەویستی ئیزیدی و كەسانی خۆبەخش و فیدایی كۆمەڵگەی كوردستان ئێزیدیان لەقڕكردن و لەناوچوونی یەكجارەكی پاراست.
ئەو ئیزیدیانەی لەدەست چەتەكانی داعش رزگاریان ببوو لەخۆلەمێشی خۆیان و بەپشتن بەئێرادەی راستەقینەیان كەسایەتی نوێ خۆیان بۆنیاد نایەوە و لەگەڵ ئەوەشدا دامەزراوەی رێوەبەری و هێزی پاراستن و رێكخستەبوون و خزمەتگۆزاری كۆمەڵگەی ئێزیدیان دامەزراند و دەستیان بەبژیوی و ژیاندنەوەی خۆیان كردەوە. واتا تاكە هاوكاری و پشتیوانی ئەو كۆمەڵگە، بیر و هزری رێبەر ئاپۆ و رێنمایەكانی ئەو هزرزان و فەیلەسوفە مەزن بووە و هیچی تر. كەچی سەرەرای ئەو هەموو كۆسپ و ماڵوێران و كۆمەڵكۆژیانەش، دەوڵەتی داگیركەری تورك و هێزە بەكرێگیراو و دەستەمۆ كراوی پەدەكە و دەوڵەتی عێراق لەسەر ئێزیدیان رێككەوتن، بەبێ ئەوەی ئێرادەی ئێزیدیان بەبنەما وەربگرن. لەنۆی كانوونەوە ساڵی٢٠٢٠ەوە رێككەوتنێكی سێ قۆڵی دژ بەبوونی ئێرادەی سەربەخۆی ئێزیدییەكان لەلایەن هەر سێ هێزی رادەستبووی سیستەمی مۆدیرنیتەی سەرمایەداری"دەوڵەتی تورك"داعش" ـ پەدەكە ـ دەوڵەتی عراق"دژ بەكۆمەڵگەی ئێزیدی واژۆ كرد و لەو كاتەوە بەئاسن و ئاگر بەربوونەتە گیانی ئێزیدیان و شوێن و پێگەكەیان.
دەوڵەتی توركی داگیركەری لەئاسمانەوە و بەرێگەی ئیستخباراتی پەدەكە و حكومەتی ناوەند و بەكرێگیراوانی هەرێمی كادێر و كەسایەتی پێشەنگی ئێزیدیان دەكەنە ئامانج و كۆمەڵكۆژیان دەكەن. واتا ئەو ئێزیدیانەی پێشەنگی كۆمەڵگەی ئێزیدین بەهەر شێوەیەك بێ دەكەنە ئامانج و پاكتاویان دەكەن. لەلایەكی تر بەرێگەی گروپی چەتە و بەكرێگیراوانی هەرێمی هەوڵی دووبەرەكی و نانەوەی فینە و ئاژاوەگیری و دوورخستنەوەی چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی ئێزیدی دەدەن بۆ ئەوەی ئێزیدییەكان پەرتەوازە و یەكگرتوو نەبن، بەهەمانشێوە و بەهەزار و یەك كەڵەكەبازی هەوڵدەدەن ئەو گەنجە ئێزیدیانەی لەنێو رێزەكانی یەپەژە و یەژەشە و ئاسایشی ئێزیدیخانن بێ باوەڕ و دووربخەنەوە و دایانبڕن و هێزی پاراستنی ئێزیدیان پەرش و بڵاوە پێ و بێ هێزیان بكەن.
ئەم كردەوە نامرۆڤی و دۆژمنكاریانە لەبەرامبەر بەئێزیدیان هەموو لەبەرچاوی دەوڵەتی ناوەندی عێراقەوە پێكدێت كە چی دەوڵەتی عێراقیش لەشوێن هەڵوێست و نزیكبوونێكی ئەخلاقی و ویژدانی لەبەرامبەر بەو كردەوە و سیاسەتە چەواشەكاریانەی دژ بەبوون و شۆناسی ئێزیدیان دەكرێت ببێتە وەڵام و كاردانەوە نیشان بدات، كەچی ئەو بەخۆی ئاسانكاری بۆ پاكتاوكردنی كۆمەڵگەی ئێزیدی دەكات. دە ساڵ لەسەر كۆمەڵكۆژی ئێزیدیان بەدەست چەتەكانی داعش تێپەڕ دەبێت كە چی تا ئێستا هەرێمی شەنگاڵ وەك وێرانەیەك ماوەتەوە و هیچ ئاسانكاری و خزمەتگۆزاریەكی پێ رەوا نەبینراوە و برینەكانیان رۆژانە دەكۆلێنەوە. هیچ هەوڵدانێك بۆ گەڕانەوەی ئەو ئێزیدیانەی لەدەست چەتەكانی داعش دا ماوەنەتەوە یا خۆی بەرێگەی ئەو چەتانە لەبازاڕەكانی كڕین و فرۆتن وڵاتان ئاوارە و دەربەدەر كراون لەئارادا نییە و بگرە دەوڵەتی ئێراق و دامەزراوەكانی خۆشیان لێ دەدزننەوە.
دەوڵەتی عێراق دەبوو لەماوەی ئەم دە ساڵەدا ئەوانەی دەستیان لەكۆمەڵكۆژی كۆمەڵگەی ئێزیدیدا بووە، چە بەشێوەیەكی راستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ دادگایی بكردبا و سزای پێویستیانی بدابایە كەچی لەو بابەتەشدا بەشێوەیەكی سیاسیانە و دووڕوویانە نزیك دەبێتەوە و نایانەوێت بەهیچ چەشنێك خۆی لەتۆخن و قەرەی دادگایی كردن و سزادانی ئەو كەسانە بدات؛ چونكە بەشی سەرەكیشی لەئەستۆی دەوڵەتی ناوەندی بەخویەتی.
لەشێوینی قەرەبوو كردنی كۆمەڵگەی ئێزیدی؛ هەوڵدەدەن ئێزیدیان زیاتر لەشوێن و واری خۆیان دەرخەن و ئاسانكاری بۆ دەركەوتن لەجێ و واری باو باپیرانیان دەدەن.
وڵاتانی ئەوروپاش بەهەمان عەقڵیەت نزیك دەبنەوە؛ لەشوێن ئەوەی هاوكاری ئێزیدیان بكەن لەجێ و واری خۆیان بمێننەوە و بوون و داب و نەریت و چاند و باوەڕی و شۆناسی خۆیان بپارێزن كە چی ئەوانیش لەسەر ناوی هاوكاری ئێزیدیان، بۆ دەرەوەی وڵات راكێشیان دەكەن. ئەمە بۆ ئەو ئێزیدیانەشی لەدەست چەتەكانی داعش بەهاوكاری هێزەكانی سوریای دیموكراتیك و هێزەكانی یەبەشە و یەژەشە رزگار كراون، لەهەرێمی ئێزیدیان دامەزراوەیەكی هاوكاری و پزشكی دانامەزرێنن بۆ گەڕانەوەی ئەو رزگاربووانەی دەستی داعش بۆ نێو ئامێزی كۆمەڵگەكەیان، هەر بەپەلەپڕۆزكێ بەرێگەی نچێرڤان بارزانی و پەدەكە و دامەزاروەی گۆایە بە"ناوی سەنتەری رزگاربوانی كوردی ئێزیدی لەدەستی داعش" كە ناوەندەكەیان لەدهۆك داناوە؛ بەپەلە رەوانەی وڵاتانی دەرەوە و ئەوروپایان دەكەن و بەڵگە زیندووەكانی ئەو كۆمەڵكۆژییە لەناو دەبەن؛ ئامانج لەوەیە كە ئەو رزگاربووانەی دەستی گروپە چەتەكانی داعش لەژێر ناوی پاراستن بەشێوەیەكی تر ئەو كۆمەڵكۆژییەیان لەبیر ببنەوە و لەلایەكی تر بۆ ئەوەی رووی راستی وڵاتانی ئەوروپایی و دەوڵەتی تورك و سیستەمی سەرمایەداری بەدەر نەكەوێت و لە دادگاییەكی عادیلانە بۆ پەردە لەسەر كردەوەكانی پشت پەردەیان هەڵنەماڵێن دەریاندەخەنە دەرەوە و سەرەڕای ئەو هەموو داكۆكیەی بۆ دادگایی كردنی ئەو چەتانە كە چی دەوڵەتی عێراق و سوریا و تورك و ئەمریكا و ئەوروپاش خۆیان لێ دەدزنەوە.
دەوڵەتی عێراق ئەو دامەزراوەی كۆمەڵگەی ئێزیدی لەسەر ناوی خۆبەرێوەبەری دیموكراتی شەنگاڵ دایانمەزراندوە و نوێنەرایەتی ئیرادەی راستەقینەی كۆمەڵگەی ئێزیدی دەكات پەسەند ناكەن و بگرە دەیانەوێت بەهەموو شێوەیەك هەڵیوەشێننەوە و بڵاوەی پێ بكەن و نایانەوێت ئێزیدی خاوەن سیستەمی رێوەبردن و پاراستن و ئابوری و چاندی ـ كەلتوری خۆی بێت؛ چونكە لەراستیدا دەوڵەتی ناوەندی عێراق و پەدەكە و دەوڵەتی تورك ئەوەی داعش نەیتوانی بەزەبری هێز و كۆمەڵكۆژی بەئەنجامی بگەینێت، ئەوان دەیانەوێت تەواوی بكەن. لەكاتی سەردانەكەی دوو مانگی رابردووی تەیب ئەردۆغان بۆ بەغدا و هەولێر خالێكی نێوان هەر سێ لایان، پرسی لەناوبردن و بێ ئیرادە و تەسلیم وەرگرتنی كۆمەڵگەی ئێزیدی بوو؛ بۆ ئەوەش رێككەوتنێكیان لەو بارەیەوە واژۆ كردوە. پرۆژەی بەناو بارزگانی و گەشەپێدانی رێڕەوی بەسرە ـ موسل ـ رەبیعە ـ توركیا بەمەبەستی پارچەكردنی كۆمەڵگەی ئێزیدی و گەماڕۆدانی كۆمەڵگەی ئێزیدیەكان و خنكاندنی سیستەمی خۆبەرێوەبەری ئێزیدییەكانە.
ئەردۆغان"داعش" لەقۆناخی یەكەمدا ویستیان بەزەبری چەتەكانی داعش و كۆمەڵكۆژی جەستەیی كۆمەڵگەی ئێزیدی لەناو ببەن، لەقۆناخی دووەمدا بەدووبەرەكی و نانەوەی فیتنە و ئاژاوەگیری و هێرشی فرۆكەی بێ فرۆكەوان و بەئامانجگرتنی كەسایەتی پێشەنگی ئێزیدیان و لەقۆناخی سێیەمدا بەرێگەی ئەو رێككەوتنە سێ قۆڵییەی پەدەكە ـ دەوڵەتی تورك ـ دەوڵەتی ناوەندی عێراق بەئامانجن بە رێگەی بەو پرۆژەیەیە لەسەر ناوی گەشەپێدانی ئابوری عێراق كە مێشك و داڕێژەری ئەو پرۆژەیە دەوڵەتی داگیركەری تورك و شەڕی تایبەتە كۆمەڵگەی ئێزیدی رووبەرووی قڕكردن و لەناوبردن و بێ ئێرادەیی و تەسلیمەت بكەنەوە.
ئەوەتا ئەو هاوپەیمانییە سێ قۆڵییەی دژ بەئێزیدیان لەدەهەمین ساڵیادی كۆمەڵكۆژی ئێزیدیان لەشوێن ئەوەی دەوڵەتی عێراق كۆمەڵكۆژی ئێزیدیان بەفەرمی وەك ژینۆساید بناسێت و سیستەمی خۆبەرێوەبەری دیموكراتی ئێزیدیان بەفەرمی قەبوڵ و هێزەكانی پاراستنی شەنگاڵ"یەبەشە و یەژەشە و ئاسایشی ئێزیدیان" و دامەزراوە سیاسی و مەدەنی و كۆمەڵایەتیەكانی ئێزیدیان پەسەند بكات كە چی بە هەندێ وەعد و وەعید"سۆز و بەڵێنی"سەرخەرمانانە بەئێزیدیان دەیەوێت گەلەكەمان"ئێزیدیان" هەڵخەڵەتێنێت. سەرۆكوەزیرانی عێراق سودانی بانگەشەی دابەشكردنی زەوی بەسەر ئێزیدیان دا دەكات و بەلێنی دروست كردنی حەوت بۆ هەشت هەزار خانووی نێشتەجێ بوون لەشەنگاڵ دەدا. یانێ سودانی دەیەوێت زەوی ئێزیدیان بەسەر خودی خۆیاندا دابەش بكات و ئەوانەشی ملكەچی دەوڵەت و داواكاریەكانی بن و رادەستبوون پەسەند بكەن؛ خانوویان بۆ دروست بكات، بەڵام هەر هەمان دەوڵەت لەلایەكی تر بەبڕیارێكی سیاسی و نانیشتیمانی"پارتی ئازادی و دیموكراسی ئێزیدیان"پادێ" بەبیانۆی گۆایە ئەو پارتەی ئێزیدیان نزیكە لەپەكەكەوە قەدەغە دەكات. حكومەتی عێراق و تا ئاستێك دەوڵەتیش كەوتوونەتە دوی سیاسەت و شەڕی تایبەتی دەوڵەتی داگیركەری تورك و دەیانەوێت چاولێکەری ئەو دەوڵەتە بكەن. دەوڵەتی عێراق بەخوشی باش دەزانێت كە هاوكار و پشتیوانی داعش دەوڵەتی تورك و پەدەكەیە لەهەرێم، و لەكاتی پەلاماردان بۆ سەر عێراق تاكە هێزێك كە پاراستنی یەكپارچەیی و كەرامەت و روومەتی تاكی عێراق و حكومەت و دامەزراوەكانیشی كرد، گەریلاكانی ئازادی كوردستان و ئەو كەسانە بوون كە هەڵگری بیروبڕوا و رێنمایی و هزری رێبەر ئاپۆ بوون.
پارتی ئازادی و دیموكراسی ئێزیدیان"پادێ"؛ هەڵگری بیروراكانی ئازادی و هزری فەلسەفی رێبەر ئاپۆیە و هیچ پەیوەندیەكی رێكخستنی لەگەڵ پەكەكەش دا نییە و ئەو بڕیارەی دادگای باڵای عێراق، بەتەواوەتی بڕیارێكی سیاسی و بەفیتی دەوڵەتی داگیركەری تورك و پەدەكە دەركراوە و هیچ بنەمایەكی یاسایی و ئەخلاقی تێدا بەدی ناكرێت. ئەم بڕیارە سیاسییەی دەوڵەتی عێراق هاوشێوەی ئەو لێدوانە چەواشەكاریانە بوو كە ئیستخباراتی پەدەكە و حكومەتی ناوەندی لەسەر سوتاندنی دوكان و بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دەریانكرد.
ئەوەی كەرامەت و روومەتی دەوڵەتی عێراقی لەكاتی پەلاماری گروپە چەتەكانی داعش بۆ سەر عێراق و بەتایبەتی ناوچەكانی ماددەی ١٤٠پاراست، پەكەكە و هزر و رامانی رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوو، كە چی ئێستا ئەو دەوڵەتە بەقەباحەتەوە پارتی ئێزیدیان"پادێ"بەهۆی قەبوڵكردنی هزر و رامانەكانی رێبەر ئاپۆ قەدەغە دەكات.
دەوڵەتی عێراق ئەوەش دەزانێت ئەو سەركردە عێراقیانەی لەكاتی پەلاماری چەتەكانی داعش هاوكار و پشتیوانی داعشیان كرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی خاكی عێراق هەموویان بۆ توركیا هەڵهاتن و دەوڵەتی تورك وەك سەرپەنایەك بۆ خۆیان هەڵبژارد و بارزانی و پەدەكەش بەیعەتیان بەخەلیفەی داعش"ئەبوبەكر بەغدادی"دا. ئێستاش بۆ ئەوەی خۆیان لەكێشە نێوخۆیی و دەرەكییەكان رزگار بكەن و گەلانی عێراق بەلارێدا ببەن و چەواشەیان بكەن، هانایان بۆ هوونینەوە و تەنینەوە ئەو بۆختان و درۆ و دەلەسانە بردوە.
دەوڵەتی عێراق و بەرپرسانی حكومەت و كەسایەتی ئاینی ـ مەزهەبی و سیاسی لەشوێن ئەوەی بەرپەرچی هەوڵە داگیركاریەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك بدەنەوە و سەروەری و یەكپارچەیی خاكی عێراق و كەرامەتی تاكی عێراقی و سیادەكەی بپارێزن، بوونەتە كەوا سوری بەلەشكەری سوپا و جەندەرمە و گروپە چەتەكانی سەر بەدەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ سەر عێراق و وەك چاولێكەری لەدەوڵەتی تورك نزیكی كۆمەڵگەی ئێزدی و گەلی كورد دەبنەوە، ئەوە بێ رێزی و بێ حۆرمەتی و چەواشەكاریەكی سیاسی دور لەهەموو پێوانە مرۆڤیەكانە دژ بە ئێزیدیان و شكاندنی كەرامەت و روومەتی تاكی عێراقییە بەگشتی، چونكە ئەو رێچكەیە، رێچكەی دەوڵەتە داگیركەر و فاشیستەكانی هاوشێوەی دەوڵەتی تورك و لەچەشنی نزیكبوونەوەی رژێمی گۆڕبەگۆڕی سەدام حسینە و داهاتووی داگیركەری و دیكتاتۆری و ملهۆڕی و فاشیزم لە هەڵوەشاندنەوە و لەناوچوون رزگار ناكات.