وەک دەزانیین رۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت سنە لە بواری پێشەنگایەتی هزری و رێکخستنی شۆڕش رۆلێکی کاریگەری هەبوو، لە ئاستێکدا کە توانی بە دروشمی ژن ژیان ئازادی ئەو نارەزایەتیانەی کە زیاتر لە چوار دە هەیە کەڵەکە بوون تێپەڕی قۆناخێکی نوێ بکات و شۆڕش تەنیا لە نێو چینێکی تایبەتی کۆمەڵگە قەتیس نەبێت و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بخاتە نێو خۆیەوە و ئیرادەی گۆڕانکاری ریشەیی لە نێو گەلدا بهێنێتە ئاراوە.
وەک دەزانین بەم شێوازە توانی گوتاری شۆڕش کە برییتیە بوو لە تێکۆشان دژی پیاوسالاری و ناوەندگەرایی، لە هەمان کاتدا گەڕاندنەوەی ئیرادە بوو بۆ کۆمەڵگە ، هەرێمە پەراوێز کراوەکان وەکوو؛ بەلووچستان، خوزستان و بناری زاگرۆس و قەراخەکانی دەریای کاسپیەن، بکاتە ناوەندی هێز بۆ یەکلا کەرەوەی گۆڕانکارییەکان و تێکشکاندنی هزری ئێرانشاری.
لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا، بە دروست بوونی دەوڵەت-نەتەوە بەردەوام هەوڵدراوە لە سەر ناوی ئێرانشاری پەراوێزەکان بخەنە خزمەتی ناوەند؛ ئێستا چ لە بواری دەوڵەمەندی فەرهەنگییەوە بێت یان دەوڵەمەندی سەرچاوە ئابوورییەکان.
هونەر و زمانی گەلانی ئێران لە خزمەتی ئێرانشاری کە هاو جووت کراوە لەگەڵ ناسنامەی فارس- شیعە تووشی توانەوە بووە. لە بواری ئابووریشدا هەمان شت روویدا و بە دروست کردنی کارگە و کارخانە گەورەکانی بەرهەمهێنان لە ناوەند ساز کراون و پەراوێز تەنیا وەکوو عەممارێک بەکار هاتووە و دەوڵەمەندی ژێر زەوینی و سەر زەوینیەکانی خراوەتە خزمەتی پرۆژەکانی ناوەند.
لەم یەک سەدەیە دا گەلانی ئێران و لە سەروو هەمووشیاندا گەلی کورد لە پێناو گەیشتن بە ناسنامەیەکی ئازاد و بوون بە گەلێکی خاوەن ئیرادە تێکۆشانی کردووە، بۆ ئەم یەکەش فیداکاری زۆری نوواندووە و باشترین رۆڵەکانی بەخت کردووە.
تێگەیشتنی دەسەڵاتی ناوەند لە بەرامبەر ئەم داخوازیانە زۆر رووکەشانە بووە هیچ کات هەوڵی نەداوە تێ بگات و هەنگاو بەرەو چارەسەری هەڵگرێت. لە دەوڵەتەکانی پێشوودا وەک رۆحانی لە بەرامبەر داخوازی گەلان، باسی مەنشووری شەهروەندی کرا و ئامادە نەبوون دان بە ناسنامەی سیاسی و فەرهەنگی گەلانی ناو ئێران بنێن.
ئێستاش لە گەرمەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی کە چیدی رژێم ناتوانێت بەردەوام بێت و رەوایی لە دەست داوە. رەئیسی لە پارێزگای سنە باس لە پرۆژەگەلی وەک دروست کردنی فڕۆکەخانەی سەقز و کێشانی رێگای ئاسن بۆ سەر مەرزی باشماخ دەکات. ئەوان دەیانەوێت بەم جۆرە گوتارانە داخوازی گەلی کورد و گەلانی ئێران تەنیا لە پەنجەرەی ئابووریدا سەیر بکەن.
پرسی بنەڕەتی ئەوەیە؛ دوای ئەم هەموو خوێن رشتنە و گرتن و بێ سەروو شوێن کردنی شۆڕشگێڕان؛ وەڵامی رەئیسی چییە؟ لەو کاتدا کە ئەو دێتە سنە چارەنووسی چالاکوانی کورد جوانا سنە سێ مانگ دەبێت رفێنراوە و دیار نییە. هەر وەها لە مەریوان تەرمی هاوشارییەک بە کەلەپچە کراوی لە نێو چەم دەدۆزریتەوە. ئارمیتا گراوەند کچێکی حەڤدە ساڵە بە دەستی رژێم تەنیا لە بەر دەرکەوتنی قژی کوژرا. ماڵباتی ژینا ئەمینی و پارێزەرەکەی تاوانبار دەکرێن و زیندا دەکرێن ، لە هەمان کاتدا دوو ساڵە چارەنووسی ئیدریس فەقیهی دیار نییە و وەڵامێک بە ماڵباتەکەی نادەنەوە. لێرە تاوانبار جێگای قوربانی گرتووەتەوە و دۆخەکە ئاوەژۆ بووە. تەنانەت ماڵباتی قۆربانیەکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ئەو ماڵباتانەی کە رۆڵەکانیان بۆ داخوازی ئازادی شەهید بوون بە بیانووی پڕ و پووچ وەک؛ دژایەتی رژێم و تێکدانی ئارامی وڵات و ... دەدرێنە دادگا.
لە سنوورەکان رۆژانە کۆڵبەران و ئەسپەکانیان دەدرێنە بەر دەستدرێژی گولللە و دەکوژرێن کە تەنیا لەبەر پەیدا کردنی پاروویەک نان دەچن بەرەو پیر مەرگەوە.
بۆیە لە وڵاتێک کە بووەتە گۆلی خوێن؛ هاتنی رەئیسی و باس کردن لە کێشانی رێگای ئاسن زیاتر لە تەنزێکی تاڵی مێژوویی و بە لاڕێدا بردنی داخوازییەکانی گەلانی ئێران شتێکی دیکە نییە. هەر وەها ئەوانەی دەکەونە شوێن رەئیسی دەبنە بەشێک لە رژێم، دەبێت بپرسن لە کوێی ئەم تابلۆیەدا جێگایان گرتووە؟!
مێژوو نیشانی داوە دەوڵەتەکان رێگایەک دروست ناکەن کە بەرژەوەندی لەشکری نەبێت و ئامانجی سەرکوت کردنی کۆمەڵگە نەبێت. ئەگەر سەرنج بدەین لە سەردەمی جەنگەکاندا زۆرترین رێگاکان بۆ کوردستان و بۆ دوور دەست ترین شوێنەکان کێشراون. ئێستاش باس لە پرۆژەی کێشانی رێگای ئاسن لە سەر هەمان رەوت بۆ داگیرکردنێکی زۆرترە نەک بۆ بووژانەوە ئابووری.
هـ . ب