شارە جوانەكەی فەرەنسا بووەتە شوێنی كۆمەڵكۆژكردنی كوردان!
پاریس ئەو بوكە رازاوەی ناوەندی ئەوروپا؛ ئەو بەهشتەی كە زۆرینەی خەڵكی وڵاتان بە تاسەی بینینیەوەن و تامەزرۆن بۆ جارێکیش بێت سەردانی بکەن، جارێکیتر بووەوە بە شوێنی کۆمەڵکوژکردنی کوردان.
پاریس ئەو بوكە رازاوەی ناوەندی ئەوروپا؛ ئەو بەهشتەی كە زۆرینەی خەڵكی وڵاتان بە تاسەی بینینیەوەن و تامەزرۆن بۆ جارێکیش بێت سەردانی بکەن، جارێکیتر بووەوە بە شوێنی کۆمەڵکوژکردنی کوردان.
وڵاتی فەرەنسا وەكو شوێنی لەدایكبوونی دەوڵەت ـ نەتەوە و شوێنی لەدایكبوونی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕی خاوەن پێگەیەكی تایبەتە لە ئاست بۆنیادنانی سیستەمی جیهانی سەدساڵی بیستەم و بزوتنەوە كۆمەڵایەتیەكاندا و هەوڵدەدات ئەو پێگەیە مێژوویەی بپارێزێت. لەلایەكەوە بەهۆی لانكە و شوێنگەی لەدایكبوونی دەوڵەت ـ نەتەوە هەمیشە هەوڵدەدات دامەزراوەی دەوڵەت ـ نەتەوە وەكو چەكێك لەدەست خۆیدا بهێڵێتەوە و لەلایەكی دیكەوە دەیەوێت وا خۆی پیشانی دنیای دەرەوەی بدات كە فەرەنسا بەهۆی رێزگرتن و پەسەندكردنی پێوانەكانی دیموكراسییەوە لیبراڵەوە بووەتە شوێنگەیەك بۆ ململانێ بزوتنەوە مەدەنی و هاوچەرخ و شۆڕشگێڕییەكان و بەمشێوەیەش هەوڵیداوە خۆی لەئاستی وڵاتانی دیكەدا بەشێویەكی جیاواز وێنا بكات.
پاریس ئەو بوكە رازاوەی ناوەندی ئەوروپا؛ ئەو بەهشتەی كە زۆرینەی خەڵكی وڵاتان حەسرەتی بینینی دەكەن و دەیانەوێت بۆ ساتێكیش بووە سەردانی بكەن و لەنزیكەوە تەوافێكی ئەو شارە خەیاڵی و ئەفسوناویە بكەن و بەشێوەیەك لەشێوەكان سوكنایی تۆنیەتی دڵی پڕ لەمەراقیان بدەنەوە.
دەوڵەتی فەرەنسا هاوشانی دەوڵەتانی ئەڵمانیا و بەریتانیا دوای هەردوو شەڕە وێرانكەرە جیهانیەكانی یەكەم و دووەم بوونە ئەو جەمسەرانەی كە بتوانن جیهان لەنێوان خۆیاندا بەفۆرمی وڵاتانی کۆلۆنی بونیاد و لەنێوان خۆیاندا دابەشیان بكەن. فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا رۆڵی سەرەكیان لەدامەزراندنی دەوڵەت ـ نەتەوەكانی تورك، عەرەب و فارس لەرۆژهەڵاتی ناویندا گێڕا و تا ئەم چركە ساتەش خۆیان بەخاوەن و بڕیاردەری سەرەكی ئەو وڵاتانە دەبینن.
فەرەنسا تا ئێستاكە خۆی بەمیراتگەری دەوڵەتی سوریا دەزانێت و رێگە نادات بەهیچ شێوەیەك هیچ جۆڵانەوەیەك یا گۆڕانكاریەك یا خۆد بزاڤێكی مەدەنی لەدەرەوەی پلان و بەرنامەكانی ئەو لەو وڵاتە سەرهەڵبدات. لە دوای ساڵی 2011 و كاتێك هاوشانی سەرهەڵدانی گەلان لەوڵاتانی عەرەبی، یا خۆد بەهاری وڵاتانی عەرەب، لەسوریاشدا گەلانی سوریا راپەرین و ئاگری راپەڕینیان لەشارە كوردیەكان داگیرساند و لەلایەن كوردەوە ئاڵای بەرخۆدان و تێكۆشان جاڕدرا و وردە وردە كورد هێز و ئیرادەی خۆی بۆنیاد دەنا، بەبێدەنگی و لەناكاو لەناو جەرگەی فەرەنسا و لەشارە لوکس و جۆانەكەی پاریسدا لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٣ هەر سێ ژنە تێكۆشەر و شۆڕشگێڕی كورد" ساكینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز"بەشێوەیەكی دەڕندانە كۆمەڵكۆژكران. ئەوە لەكاتێكدا شوێنی مانەوەی ئەو سێ ژنە تێكۆشەر و شۆڕشگێڕە لەناوەندی شار و لەژێر چاودێری و كۆنترۆڵی هێزە ئەمنی و ئیستخباراتی و كامیراكانی چاودێریدا بوو. فەرەنسا و هێزە ئەمنی و ئیستخباراتیەكانی رۆڵێكی كارایان لەپاڵپشتیكردنی میتی تورك گێڕا بۆ تیرۆرکردن و كۆمەڵكۆژكردنی ئەو سێ ژنە تێكۆشەر و شۆڕشگێڕە، چونكە دامودەزگاكانی ئەو دەوڵەتە لەدۆزینەوەی بكەراندا هیچ هەوڵێكی نەدا و بگرە بەربەستی لەبەردەم لێكۆڵینەوەكان درۆست دەكرد.
دەوڵەتی فەرەنسا بەروونی لەوە ئاگادار بوو كە چەخماخەی شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن كوردەكان و بەدەست ژنان لێدراوە، بۆیە ویستی بەو كۆمەڵكۆژیە رێگە لەسەرهەڵدان و راپەڕین و ئامانج و ئاواتی سەدان ساڵەی كوردان بگرێت، واتا فەرەنسا هەرچۆن هەمیشە هەوڵیداوە لەنێوخۆدا بزوتنەوە شۆڕشگێڕی و كۆمەڵایەتیەكان بەلارێدا بەرێت، بەهەمانشێوە رێگای لەبەردەم ئەو كۆمەڵكۆژكردنی هەر سێ ژنە كوردی تێكۆشەر و شۆڕشگێڕ خۆش كرد، ئێستاكەش دوای دە ساڵ لەو رووداوە دڵتەزێن و كارەساتبار و كۆمەڵكۆژیە كە دەوڵەتی فەرەنسا و دام و دەزگا ئیستخباراتیەكانی رۆڵی كارایان تێدا گێڕا و كارئاسانیەكی باشیان بۆ میتی توركی ئەنجامدا و هەرجارە بەبیانویەك خۆیان لەئاشكراكردنی راستیەكان دزییەوە؛ ئەمڕۆكەش جارێكی تر لەنێو جەرگەی پاریسدا پەلاماری ماڵی ناوەندی چاندی كوردانیاندا و كۆمەڵكۆژی كوردانیان دووبارە كردەوە.
فەرەنسا وەكو ناوەندی دیموكراسی ئەوروپا زۆر جار خۆی وەها وێنا دەكات، كە لەئەوروپای دیموكراسیدا ئەو تاكە وڵاتە پێشەنگایەتی پراكتیزەكردنی پێوانەكانی دیموكراسیەت دەكات و رێز لەمافەكانی مرۆڤ دەگرێت، دەیەوێت ئەوەش وەكو رێزگرتنی دەوڵەتی فەرەنسا لەو دیموكراسیە لیبراڵەی بەڕێوە دەچێت نیشان بدات و تێكۆشانی سەدان ساڵەی بزوتنەوە شۆڕشگێڕی، كرێكاری و ژنان و گەنجان بەنەدیو دابنێت. ئەم كارەشی لەپێناو جۆانكردنی رۆی رەش و قیزەونی دەوڵەت ـ نەتەوە دەیەوێت بەگەل بفرۆشێت.
فەرەنسا لەم دوو دەیەی دوایی سەد ساڵی بیستدا زۆر هەوڵیدا لەلای كوردان خۆی وەكو دۆست پیشان بدات، كوردانیش تا ئاستێك باوەڕیان بەوە هێنابوو كە دەوڵەتی فەرەنسا دەیەوێت جیاواز لەو لۆژیك و عەقڵیەتە كۆنە داگیركەریەی خۆی سیاسەتێكی نوێ و مرۆڤانە پەیڕەو بكات؛ بۆیەش لەلای كوردان ئەو قەناعەت و باوەڕە خەریك بوو چەكەرە بستێنێت كە فەرەنسا ئێدی هاوشێوەی مێژوویی رابردووی بیر لەداگیركاری ناكاتەوە و دەیەوێت رۆڵی نوێ لەدەوڵەتی مۆدێرن و یاسا بگێڕێت و بەو نزیكبوونەوەیە لەكوردانیش رەنگە دۆستایەتیەكی راستەقینە پێشبخات و دەیەوێت بەم نزیكبوونەوە ببێتە هۆی ئەوەی كوردانیش ئەو سیاسەتە داگیركاری و کۆلۆنی و بەكرێگیراویەتیەی لەناوچەكە پێشیخستبووە، لەبیر خۆیان بببنەوە و لاپەڕەیەكی نوێ لەپەیوەندی و دۆستایەتی و سیاسەتی نێوانیان هەڵبدەنەوە؛ بەڵام بەداخەوە هەرجارە كە كوردان و بزوتنەوە ئازادیخوازەكەی دەیانەوێت هەنگاوێكی نوێ هەڵبگرن، فەرەنسا و شارە بوكینە و جوانەكەی دەبنە شوێنی قەسابخانە و سەلاخی كردنی كوردان و كۆمەڵكۆژی دوای كۆمەڵكۆژی لەسەر كوردان بەڕێوە دەبەن.
ئەگەر ئەمڕۆ لەناوەندی فەرەنسا و لەناو جەرگەی پاریس جارێكی تر كوردان هێرشیان دەكرێتە سەر و هەڕەشە لەكوردان و سیاسەتمەداران و نوێنەرانی كوردان دەكرێت، ئەوە بەبێ هیچ گۆمانێك دەستی خۆدی دەوڵەتی فەرەنسای تێدایە و دەبێت كوردانیش ئەو راستیە باش ببینن و فریوی دۆستایەتی ساختە و درۆینەی فەرەنسا نەخۆوەن و بەسیاسەتی درۆرینە و چەواشەكارانەی ئەو دەوڵەتە هەڵنەخەڵەتن.
دەبێت هەر كەس و تاكێكی كورد بزانێت كە هێرشی سەر ماڵ و ناوەندی چاندی كوردان و كۆمەڵكۆژكردنی كوردان لەم كاتەدا، پشتیوانیەی راستەوخۆی فەرەنسایە لەمانەوەی رژێمی خوێنمژ و دیكتاتۆری ئەسەد لەسوریا و پشتیوانی لەئەردۆغانی فاشیست و بەردەوامی بەسیاسەتی كۆمەڵكۆژكردنی كوردان لەسەدساڵی بیست و یەكەمدا، ئەوەش لۆژیكی دەوڵەت ـ نەتەوە و ئەو وڵاتانەیە كە پشتیوانی لەدەوڵەتانی داگیركەری سەر كوردستان دەكەن.
هـ . ب