بە دیمەن

شەڕڤانی یەپەژە هاڤین: لە تشرین و قەرەقۆزاق مێژوو دەنووسینەوە

شەڕڤانی یەپەژە هاڤین قامیشلۆ لە بەرەکانی پێشەوەی بەرخۆدانی قەرەقۆزاقەوە، گوتی: "وەک چۆن لە کۆبانێ مێژوومان نووسییەوە، لە پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرینیش مێژوو دەنووسینەوە و شکست بە دوژمن دەهێنین".

شەڕڤانی یەپەژە هاڤین

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ٨ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ـەوە بە چەکی قورس و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرش دەکاتە سەر قەرەقۆزاق و تشرین. شەڕڤانانی قەسەدە و یەپەژە و ئەنجوومەنی سەربازیی مەنبەج بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکان بەرخۆدان دەکەن.

شەڕڤانانی یەپەژە لە بەرەی قەرەقۆزاق بەرامبەر دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە سەنگەرەکانی پێشەوەدان. شەڕڤانی یەپەژە هاڤین قامیشلۆ کە لەو بەرەیەدا جێ دەگرێت، وەها هەڵسەنگاندنی بۆ بەرخۆدانی هێزەکانیان کرد:

"وەک شەڕڤانانی قەسەدە و یەپەژە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک وەڵامی بەهێز دەدەینەوە. ئەم بەرخۆدانە وای کرد سپوای دەوڵەتی داگیرکەری تورک نزیکی هەرێمەکانمان نەبێتەوە و پاشەکشە بکات. هەڤاڵان ڕێگەیان نەدا دوژمن پێ بنێتە نێو بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق. بەم دواییانە ژمارەی چەتەکانی دەوڵەتی تورک زیاتربوون. بەڵام ئێمە لە قەرەقۆزاق بەرامبەر هێرشەکان بەرخۆدانێکی مەزن دەکەین. دوژمن هەرچەند بیەوێت خاکەکەمان داگیر بکات هەوڵەکانی شکست دەهێنێت.

بۆ ئەوەی دوژمن پێ نەخاتە نێو خاکەکەمان، بەڵێن و پێداگریمان دووپات دەکەینەوە. نەوەک هەر گەلی ڕۆژئاوا، پێویستە هەمووان بزانن ئێمە شوێنکەوتەی هەڤاڵە شەهیدەکانمان دەبین و پاشەکشە ناکەین. هەر هەڤاڵێکمان شەهید دەبێت بۆ ئێمە دەبێتە سەرچاوەی پێداگری لەسەر سەرکەوتن. وەک شەڕڤانانی پارێزەری هەرێمەکە، بەرامبەر هێرشەکانی دوژمن وەڵامی بەهێز دەدەینەوە و شکست بە دوژمن دەهێنین.

وەک چۆن لە کۆبانێ بەرامبەر چەتەکانی داعش شەڕمان کرد و مێژوومان نووسییەوە، لە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاقیش مێژووی بەرخۆدان دەنووسینەوە و شکست بە دوژمن دەهێنین".