سیاسەتی لەسێدارەدان؛ بۆنیادگەرایی قوڵتر دەكاتەوە

دەوڵەت و رژێمی ئیسلامی ئێران بەپێداگرییان لەسەر سیاسەتە كۆن و با بردوەكانی رابردوویان، بۆ بێدەنگكردنی شەقامی توڕە و بەشخوار...

دەوڵەت و رژێمی ئیسلامی ئێران بەپێداگرییان لەسەر سیاسەتە كۆن و با بردوەكانی رابردوویان، بۆ بێدەنگكردنی شەقامی توڕە و بەشخوار لەهەموو سكتەرەكانی كۆمەڵگە و بەتایبەتی بێ بەشبوونیان لەسەرەتایی ترین مافەكانی مرۆڤ، كە ئازادی بیروڕا و ئازادی جل و بەرگ پۆشین و گردبوونەوە لەدژی ناعەداڵەتی و رەنجخۆری، گرتنە بەری رێ و رێبازەكانی رابردووی لەلایەن رژێم فاشیست و دیكتاتۆری مەزهەبی و چەقبەستووی لەنێو دۆگماكانی چاخی ناویندا، چەمكی پەرچەكرداری لەنێو نەتەوە، رەگەز، ئەتنیك و قەومیەت و دین و مەزهەبە جیاوازەكان بەدامەزراوەیی دەكات، ئەم فۆرمە لەدامەزراوەیی رۆژ بەرۆژ تەشەنە دەستێنێت و دەبێتە زەمینە بۆ قوڵكردنەوەی ناكۆكییە ریشەیەكان و چەمكی بۆنیادگەرایی نەتەوەگەرایی، مەزهەبگەرایی و دینگەرایی و ئەتنیكگەرایی پەرە پێ دەدات.

هەرچەندە رژێمی ئیسلامی ئێران لەماوەی تەمەنی چل و سێ ساڵەی خۆیدا و بەدرێژایی ئەو ماوەیە كۆرسی دەسەڵاتداریەتی بەدەستەوەیە، بەنانەوە و دەنەدان و فۆتێكردن و پرۆپاگەندەیی چەواشەكارانە ویست و داخوازیەكانی گەلانی ئێرانی بەلارێدا بردوە بەسیاسەتی ئاژاوە بگێڕە و سیاسەت بكە، ناكۆكی نێوان پێكهاتە جیاوازەكان لەرووی "نەتەوەیی، دینی، مەزهەبی، چاندی و ئەتنیكیەوە" وەكو كارتێك لەبەرامبەر بەیەكدی، بەكارهێناوە، بەڵام ئەمڕۆكە ئێدی بارودۆخی دنیا و ئاستی هۆشیاری و تێگەیشتنی گەلان لەدیاردە و تێڕوانینیان لەبەرامبەر بە گۆڕانكاریە نێوخۆیی و هەرێمی و جیهانیەكان هاوشانی گەلانی دنیاش نەبێت، شتێكیان كەمتر لەگەلانی دیكەی جیهان نییە و هەموو پێكهاتەكان بەنۆرەی خۆیان دەتوانن پاشەرۆژ و ئێستا و داهاتوو بخوێننەوە، بۆیەش بەسیاسەتی مەقاش و قەمچی كەس رازی نابێت.

لەسەد ساڵی رابردوو، بزوتنەوەكانی رزگاری نەتەوەیی بەگۆڕكردن و بەرێكخستنكردن و پاڵپشتی ئەتنیكی و قەومی هەستی نەتەوەیی و ئەتنیكیان لەزۆر شوێنی جیهاندا هێنایە جۆش و بەبەكارهێنان و جۆڵاندنی هەستی قەومی و عەشیرەیی و دینی و ئەتینكی، دەسەڵاتە ناوەندپارێزە زەبەلاحەكانیان بۆ چەندین دەوڵەت ـ نەتەوەیی بچووك، بچووككردەوە و ئەو دەسەڵاتانەیان لەشان و شەوكەت خست و هێمای باڵادەستیان لەگەڵ عەرش و ئاسماندا كردە یەك. هەرچەندە لەدەرئەنجامی پێشكەوتنەكانی رۆژ، قۆناخی رزگاری نیشتیمانی و بزوتنەوە نەتەوەیی و دینیەكان بەرەو لاوازی رۆشتوون، بەڵام ئەمە لەهەموو شوێنێكی دنیادا مەرج نییە، هاتنەوە گۆڕەپانی ململانێیە هەرێمیایەتی و جیهانیەكانی زلهێزێكی هاوچەشنەی چین و روسیا و رووبەرووبوونەوەیان لەگەڵ ناتۆ و ئەمریكا و ئەوروپا زەمینەی ململانێیە نێو هێزە هەرێمی و خۆجەییەكان لەگەڵ دەسەڵاتدارە ستاتۆپارێزەكاندا بەرەو ئاقارێكی تر دەبەن.

بەدرێژایی ئەم چل و سێ ساڵە كە رژێمی فاشیزمی دینی ـ مەزهەبی، دیكتاتۆری ئێران گەلان لەئێران بەهەموو شێوە دەچەوسێنێتەوە، بەڵام گەلانی ئێران سەرەرای ئەو هەموو بێ رێزی و هەڵسوكەوتە بێ عەداڵەتی و نامرۆییەی رژێم و حكومەتی وڵاتەكەیان دەستیان بۆ توندوتیژی نەبردوە و هەوڵیانداوە، كێشەكانیان بەبێ تەداخۆلكردن و دەستێوەردانی هێزی دەرەوە كێشانەیان لەگەڵ حكومەت بەشێوەیەكی ئاشتیانە و مرۆڤیانە و مەدەنیانە و دیموكراسیانە چارەسەر بكەن. ئەم نزیكبوونەوە لۆژیكیەی گەلانی ئێران پێشینەیەكی مێژوویی، فەلسەفی و ئەخلاقی و كەلتوری هەیە و تا ئەم چركە ساتەش گەلانی نێو چوارچێوەی سنورەكانی ئێران بەو مەنتالیتەوە و پەرەنسیپانەوە نزیكی دەسەڵات بوونەتەوە. بەڵام لەهەمان كاتیشدا گەلان كاتێك ببینن دەسەڵات بەهیچ شێوەیەك گوێ بەداخوازیەكانیان نادات، ئەوەو بێ یەك و دوو رووبەرووی بوونەتەوە و تیشەیان لەریشەكەی دەسەڵاتداوە.

رژێمی فاشیستی دینی ـ مەزهەبی ئێران لەهەناسە بڕكێدایە و ئێدی هاوشێوەی سەرەتاكانی شۆڕش كەس دڵی بۆ رژێم لێ نادات، رژێم خۆشی ئەم راستیە باش دەزانێت، بۆیەش تا كات بەفریوو نەچووە، دەبێت رژێم بەخۆداچوونەوەیەكی جددی بكات. ئەگەر نایەوێت گەل هاوشێوەی حكومەتەكانی لیبی و تونس و میسر و سوریا و ئێراق و ... هتد رووبەروویان ببنەوە، دەبێت بەپەلە دەست بخاتە سەر برینە قوڵەكانی كۆمەڵگە و هەوڵی ئاشتەوایی بدات لەگەڵ گەلاندا و لەشوێنی ئەوەی توندئاژۆیی و دووبەرەكی و ترس و تۆقاندن بۆ دەرەوە هەناردە بكات، هەوڵی ئاشتی و پێكەوە ژیان و رێزگرتنی دراۆسێتی و سیاسەتی خزمەتگۆزاری هاوبەش كە بەرژەوەندی گەلان بەبنەما بگرن وەكو رێكارێك بگرێتە بەر.

گەلانی ئێران لەم قۆناخەدا و ماوەی سێ مانگە بەدرۆشمیش بێ، فەلسەفەیەكیان بۆ خۆیان هەڵبژاردوە و دەیانەوێت لەروانگەی ئەو فەلسەفەیەوە سەیری كێشە و پرسە كۆمەڵایەتی، هزری، سیاسی، نەتەوەیی و رەگەزیی و ئەتنیكی و ئەخلاقیەكانی نێوخۆدی ئێران و رژێم بكەن، ئەو گەلە بەدرێژایی راپەڕین و ناڕەزایەتی و چالاكیەكانیان، ئەگەر هەڵسوكەوتی نەشیاوی هێزە سەركۆتكارەكانی رژێم نەبێت، بەدەر لە درۆشم و وێنەی شەهیدان و هێنان بەرباسی داواكاریەكانیان و رێپێوان دەستیان بۆ ئامرازێكی تر كە رەنگ و بۆنی توندوتیژی پێوە دیار بێت، نەبردوە، بۆیەش رژێم دەبێت ئەو هەلە مێژووییە لەدەستنەدات و هەوڵنەدات دواهەمین دەرفەتەكانی گۆڕانكاری ئاشتیانە هەروا بەئاسانی لەدەستی بچێ.

گرتنە بەری سیاسەتی سێدارەدانی مرۆڤەكان لەسەر ئاستی دنیا ئێدی وەكو پاشڤەڕوتی و دۆگمبوون و چەقبەستوویی سەیر دەكرێت و تەنانەت ئەو سعودییەی عەرەبستان كە رۆژانێك رژێمی ئێران وەكو وڵاتێكی دواكەوتوو پێناسەی دەكرد، ئەمڕۆكە لەبواری ماف و ئازادییە تاكەكەسی و كۆمەڵایەتیەكان بەچەند هەنگاوێك ئێرانی تێپەڕ كردوە و لەداهاتوویەكی نزیكدا رەنگە ببێتە نموونەیەك بۆ وڵاتانی هەرێمەكە و هەندێ شوێنی تری ناوچەكەش.

سیاسەتی لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران و ناڕازیان و چالاكڤانان بۆ بەدەستخستنی مافە زەوتكراوەكانیان، خۆی لەخۆیدا لەدژی شەرع و ئاین و پرەنسیپە گەردوونیەكانی مافی مرۆڤە. رەنگە لەپێشتردا گەل لەبەرامبەر بەلەسێدارەدانی رۆڵەكانیان بێدەنگیان هەڵبژاردوە، بەڵام ئێدی هیچ ویژدانێكی زیندوو ئەو سیاسەتە قەبوڵ ناكات و بگرە لەئەگەر دەست بردن بۆ وەها كارتێك بۆ دامركاندنی گەلان، لەدرێژمەوداشدا نەبێت، مل بۆ بۆنیادگەرایی دینی، مەزهەبی، ئەتنیكی، نەتەوەیی دەكێشێت و ئێدی گەل نە درۆشم و پلانكارد و رێپێوان؛ بەڵكۆ ئامرازەكانیان رەنگە جیاوازتر بێت. لەوەها حاڵەتێكدا ئێدی بارودۆخ لەكۆنترۆڵی هەموو لایەك دەردەچێت و هەم دەسەڵات و هەمیش وڵات وێران دەبێت، بۆیەش تا دەرنگ نەبووە، دەبێت رژێم و حكومەتی دیكتاتۆر و فاشیستی ئێران بەخۆی و سیاسەتەكانیدا بچێتەوە تا رەق و توڕەیی گەل كڵپە و ژێر و روویان نەكردوە.

سیاسەتی لەسێدارەدان بەواتایەكی دێكە، واتا بەدەستی خۆت گۆڕی خۆت هەڵكۆڵین دێ. ئەو رژێمانەی لەم چەند ساڵەی دوایی نمونەیەكی بەرچاو و ئاشكران كە بەزەبری هێز تۆڵەی چەندین ساڵەی خۆیانیان سەندەوە و ئەو راستیەش دیارە كە هیچ هێز و دەسەڵاتێك ناتوانێت لەدرێژمەودادا درێژە بەتەمەنی دەسەڵاتداریەتی خۆی بدات.

 ژ.ت