وتەی ساڵ و سەدە.. دوایین رەستە کە داگیرکەرێک گوێی لێبوو!

ئەو رۆژەی بەفر گڕی گرت و ئاگر لەسەر پشتی دوژمن کرایەوە، رەستەیەک، پڕ بە باڵای مێژوو، تەژی لە ورە و پڕاوپڕ لە هزر و بڕوا، بە گوێی داگیرکەرێکدا درا، کە لە کوردستان چارەنووسی تەنیا مردنە، چونکە دەمێکەیە ئەم خاکە "گۆڕستانی فاشیستانە".

دیمەنی ئۆپراسیۆنە شۆڕشگێڕیەکەی مانگی رابردوو لە شاخی ئامێدی بڵاوکرایەوە، ئۆپراسیۆنێک کە ناوی رۆڵەیەکی ئازا و بە ئەمەگی باشووری وڵات لە یەخەی درابوو، رۆڵەیەک کە سنگی خۆی کردبووە قەڵغان بۆ ریشەکێشکردنی داگیرکەری لە سەر خاکی پیرۆز.. هەڵمەت دێرەلوک..

ئەوەی روویدا هەمووان رەنگە وەک ژمارە بزانن.. ٦١ داگیرکەر بە سزاگەیەندران.. لەو دیو ژمارەکانەوە یار و نەیار زۆر قسە و نرخاندنیان لەسەر کردووە، چۆن کراوە و بۆچی کراوە و چ واتایەکی لە پشتەوەیە.. نامهەوێت ئەوانە دووبارە بکەمەوە.

ئەوەی لێرەدا دەمهەوێت باسی بکەم دیمەنی چرکە بە چکەی ئەو ئۆپراسیۆنەیە، کە گەریلا تی ڤی بڵاویکردەوە.. هەر بەفر بوو گڕی دەگرت، کوردەواری وتەنی ئاگر لە سەر پشتی دوژمن کرابووە، زاڵبوون و باڵادەستی گەریلا، زەبوونی و بێچارەیی دوژمن، سەرباری ناهاوسەنگی لەرووی چەک و ژمارەوە، زۆر بە ڕوونی دەبینرا.

ئەوەی بەناو ئەو بەفر و سەرمایەدا بەشاخدا هەڵدەزنا و بە گژ دوژمنی داگیرکەردا دەچوو، مەحاڵە.. جەستە نەبوو، رۆحێکبوو، تۆپەڵێک لە بڕوا و رقی پەنگخواردووی پیرۆز.

گەریلا بە ژیاندۆستی ناسراوە، نەک هەر گەلەکەی و گەلانی دەوروبەری، بەڵکو دار و بەرد و ئاژەڵ و پەلەوەری وڵاتەکەشی بەم کانیە بێکۆتاییەی خۆشەویستی پاراو و تێرئاوبوون، بەڵام ئەوەشی دەست بۆ ئەم نیشمان و گەل و خاک و دار و بەردە درێژ بکات، دەکەوێتە بەر رقی پیرۆز پارێزەرانی راستەقینەی نیشتمان..

گرتەیەکی دیمەنە سەرتاسەر شانازی و شکۆمەندیەکەی ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێڕیی شەهید هەڵمەت دێرەلوک لە شوێنێکدا مرۆڤ دەباتە لوتکە، پشتت وەک چیا قایم دەکات، پڕدەبیت لە شانازی و بەخۆت دەڵێیت "منیش هەم"، چونکە دەبینیت، شورایەک لە پۆڵا، باوەڕێکی پتەو و ئیرادەیەکی قایم وڵاتەکەت دەپارێزێت.. گەریلایەک کە دوا فیشەک لە داگیرکەرێک دەدات.. بە روونی دوا پەیامی پێدەدات، قسەی دڵی من و تۆ و هەموومان دەکات.. "مافی ئەوەتان نییە لە کوردستاندا بژین".

ئەمە بەکرداری کردنی ئەو دروشمەیە، کە دەمێکە لە شەقامەکان بە گوێی دوژمندا دراوە.."کوردستان.. گۆڕستانی فاشیستان".. ئەو رەستەیەی بووە کۆتا رەستەیەک کە داگیرکەرێک بەر لە مردنی بیبیستێت، کۆتا وتە و قسەی گەلێکە بۆ هەموو داگیرکەر و کۆلۆنیالیستەکان، قسەی ساڵ و سەدە و سەردەمەکانە، وەک خودی سەرکەوتنە، دەبێت بە پیتی زێڕین لە لاپەڕەکانی مێژوودا بنوسرێتەوە، نەوە بۆ نەوەی بیگێڕنەوە.. ئەمەیە نهێنی لە بننەهاتنی ئەو گەلەی پلان و پیلان نەماوە لە دژی نەگێڕدرابێت و کوشتار و ئازار نەماوە بەسەری نەهاتبێت و نەیچەشتبێت.. خەنجەر و ژەهری خۆیی نەماوە بەجەستەی ئاشنا نەکرابێت. ئەمەیە مانیفیستی خۆڕاگری و کۆڵنەدان.. ئەمەیە سەلماندنی ئەوەی "ئیرادە و ویستی مرۆڤ لە هەموو تەکنەلۆژیا و چەکی مۆدێرنی دوژمن گەورەترە".

حەق وایە لە دەروازەی هەموو گوند و شارێک، لە لێواری هەموو کانیاو و قەراغی هەموو روبارێک، لە ژێر سێبەری هەموو دارێک روو لە هەموو داگیرکەر و خائین و ناپاکێک بنوسرێت.."مافی ئەوەتان نییە لە کوردستاندا بژین".

تێبینی: ئەو وتەیە لە خولەکی ٤٩ی دیمەنی چالاکیەکەدایە

هـ . ب