هه‌موو جیهان و ناوچه‌كه چاویان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی ١٤ی ئایاری توركیا بوو. بێگومان وه‌ك چۆن سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی توركیا ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌یان به چاره‌نووسساز و گرنگ داده‌نا، ئه‌وا بۆ گه‌لی كورد چه‌ندین جار گرنگتر و چاره‌نووسسازتربوو. بۆیه‌ش گه‌لی كورد و هێزه دیموكرات و سۆسیالیست و رێكخراوه‌كانی ژنان و گه‌نجان كه‌وتنه به‌ره‌یه‌ك، چو‌نكه له توركیا چاره‌نووسی گه‌لانیتر و چین و توێژ و رێكخراوه دیموكراتیه‌كان، به‌نده به چاره‌نووسی گه‌لی كورده‌وه.
له توركیا پرسی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مێژوویه، هه‌مانكات سه‌رچاوه‌ی دیموكراتیزه كردن و گۆڕانكاری ریشه‌ییه، به‌بێ چاره‌سه‌ری دیموكراتیانه‌ی كێشه‌ی كورد، دیموكراتیزه كردنی توركیا هیچ واتای نییه. هه‌موو هێزه سیاسیه‌كانی توركیا ئه‌و راستیه باش ده‌زانن، بۆیه‌ش له‌ماوه‌ی سه‌د ساڵی رابردوو، ده‌وڵه‌تی توركیا سیاسه‌تی خۆی له‌سه‌ر كورد بونیادناوه، ئه‌ویش له‌ناوبردن و توانه‌وه‌و سڕینه‌وه‌ی شووناسی كورده له جوگرافیای توركیا. ده‌سه‌ڵاتی ئه‌كه‌په - مه‌هه‌په‌ش درێژكراوه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌یه.
گه‌لی كورد له باكووری كوردستان و توركیا له‌ماوه‌ی خه‌بات و تێكۆشانی په‌نجا و یه‌ك ساڵی رابردووی ته‌ڤگه‌ری ئازادی كوردستان به رێبه‌رایه‌تی رێبه‌ر ئاپۆ، ئاراسته و هێڵی تێكۆشانی خۆی دۆزیه‌وه‌ته‌وه، بۆیه‌ش ده‌زانێ چۆن سیاسه‌ت بكات و ده‌زانێ چۆن كاریگه‌ری له‌سه‌ر هاوسه‌نگیه‌كان بكات، هه‌مانكات له‌پێناو ئه‌وه‌ی گۆشگیر و لاته‌ریك نه‌بێ، بۆ ئه‌مه‌ش به‌رده‌وام له فره‌وان كردنی به‌ره‌ی تێكۆشانی خۆی ده‌گه‌ڕێت. بۆیه ئه‌مڕۆ له توركیا زۆربه‌ی هێزه چه‌پ و سۆسیالیسته‌كان، تا ده‌گات به به‌شێك له لیبڕاله‌كان، خۆیان نزیكی سیاسه‌تی كوردی ئازاد ده‌بینه‌وه‌و له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی كورد جموجۆڵ ده‌كه‌ن.
له 21 ساڵ له ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ردۆغان و پارته‌كه‌یدا، زۆرترین چه‌وسانه‌وه‌و كۆمه‌ڵكوژی و پیلانگێڕی و داگیركه‌ری له‌سه‌ر گه‌لی كوردستان به‌ڕێوه‌چووه، هه‌تا ئه‌و كاتانه‌ی كه به‌ناوی دیالۆگ و چاره‌سه‌ریش نزیك ده‌بووه‌وه، دیسان مه‌به‌ستی بوو ئه‌و پرۆسیسه دوژمنكارانه‌ی به‌ڕێگه‌ی نه‌رم جێبه‌جێبكات، كاتێك رێبه‌رایه‌تی گه‌لی كورد به‌و پیلان و فرتوفێڵه‌یان زانی، یه‌كسه‌ر رووه راسته‌قینه‌كه‌ی ده‌ركه‌وت. ئه‌نجام له هه‌شت ساڵی رابردوو، ئه‌ردۆغان و ده‌سه‌ڵاته داپلۆسێنه‌ره‌كه‌ی به ئاگر و ئاسن رووبه‌ڕووی گه‌لی كورد بۆته‌وه، نمونه‌ی ته‌قینه‌وه‌كانی پیرسوس و ئامه‌د و ئه‌نقه‌ر و دیلۆك، تا رووخاندن و تاڵان كردنی شاره‌كانی جزیره و شه‌رناخ و سووری ئامه، مشتێكن له خروارێك. به‌مه‌ش نه‌وه‌ستا، ده‌ستی به داگیركردنی رۆژئاوای كوردستان كرد و به‌هه‌مانشێوه داگیركاریه‌كانی بۆسه‌ر باشووریش په‌ره‌پێدا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هه‌موو چالاكه سیاسی و مه‌ده‌نی و رۆژنامه‌نووس و كارساز و خه‌باتكارانی تێكۆشانی دیموكراتی خسته كونجی زیندانه‌كان. له سه‌رووی ئه‌مانه‌ش سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی گۆڕی، بۆ سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی و له‌وباره‌شه‌وه هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی له ده‌ستور گۆڕی كه ده‌رفه‌تی جموجۆڵی سیاسی و دیموكراتی تیاهه‌بوو، ئه‌مه‌ش وای كرد كه ئه‌ردۆغان و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی وه‌ك دیكتاتۆرێك كه به‌هه‌ڵبژاردن هاتووه خۆی به‌سه‌ر توركیادا به‌سه‌پێنێ.
له باكووری كوردستان گه‌لی كورد خاوه‌ن ئه‌زمونێكی 30 ساڵیه له به‌شداربوونی پرۆسه‌ی سیاسی و خه‌باتی هه‌ڵبژاردن، بۆیه‌ش له‌وباره‌یه‌وه سیاسه‌تێكی رێك و پێك ده‌كات، هه‌موو ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ی به‌شداریش بووه به ئه‌نجامی باش و سه‌ركه‌وتووه ده‌ركه‌وتووه. بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لی كورد نه‌توانێ به‌ڕێژه‌یه‌كی بڵند و به ژماره‌یه‌كی زۆر و وه‌ك پارتیه‌ك و به‌لیستی خۆی نه‌كه‌وێته په‌رله‌مان، له‌وباره‌یه‌وه رێژه‌ی له سه‌دا ده‌یان دانابوو، به‌ڵام دووربینی سیاسی و رێككه‌وتنی دیموكراتیانه له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه دیموكراته‌كان، توانرا له هه‌ڵبژاردنی 7ی حوزیرانی 2015 ئه‌و به‌ربه‌سته‌ش تێپه‌ڕێنرێ، له‌وكاته‌وه تا ئێستا گه‌لی كورد به لیستی سه‌ربه‌خۆ و به‌ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ دۆستانی بۆجاری چواره‌م رێژه‌ی له سه‌دا ده تێده‌په‌ڕێنێت.
له هه‌ڵبژاردنه‌كانیتری سه‌رۆك كۆمار، گه‌لی كورد ویستی هێزی خۆی سیاسی نیشانبدات و وه‌كو كورد بكه‌وێته پێشبڕكێكی هه‌ڵبژاردن، له‌وباره‌شه‌وه هێز و توانای خۆی نیشاندا. له‌م هه‌ڵبژاردنه گه‌لی كورد سیاسه‌تی خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار گۆڕی، هۆكاره‌كه‌ش ئه‌و زوڵم و سته‌مه بوو كه له‌سه‌ره‌وه باسمان كرد كه له‌لایه‌ن رژێمی ئه‌ردۆغانه‌وه ئه‌نجامدرابوون. له‌لایه‌كیتریش ئه‌ردۆغان به‌و دوژمنایه‌تیه‌ی له‌ماوه‌ی ئه‌و 8 ساڵه نیشانیدابوو، هیچ هیوایه‌كی نه‌هێشتۆته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانكاریه‌ك له چه‌مك و ئاراسته‌ی سیاسه‌یه‌كه‌ی بكات. پێچه‌وانه ده‌رچوونه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا مه‌ترسی گه‌وره له‌سه‌ر گه‌لی كورد و هێزه ئازادیخوازه‌كان و ژنان و گه‌نجان و ده‌سكه‌وته‌كانیان دروست ده‌كات. بۆیه باشترین رێباز ئه‌ویش رێككه‌وتنه له‌گه‌ڵ ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌ی كه ئه‌وانیش مه‌به‌ستیان رووخانی ئه‌ردۆغان و رژێمه‌كه‌یه‌تی، هه‌روه‌ها گۆڕانكاریه له سیسته‌می به‌ڕێوه‌چوونی توركیا.
گه‌لی كورد له‌م هه‌ڵبژاردنه به ئه‌ردۆغان و رژێمه‌كه‌یان گووت، جێگه‌تان له كوردستان نییه، ئێمه خۆمان بڕیار له‌سه‌ر شێوازی به‌ڕێوه‌چوونی خۆمان ده‌ده‌ین و راسته‌وخۆش كاریگه‌ری له‌سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌نقه‌ره ده‌كه‌ین. واتا ئه‌و سیاسه‌ته‌ی گه‌لی كورد له دژی ئه‌ردۆغانی نیشانداوه، له ئێستادا باشترین رێگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی فاشیزم و ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌وی بڕووخێ و ئه‌وه‌ی ده‌بێته سه‌رۆك كۆماری نوێش له ژێر كاریگه‌ری سیاسه‌تی كوردا بمێنێته‌وه. به‌هه‌مان شێوه سه‌رۆك كۆماری نوێ ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانێ، چ رۆژێك گه‌لی كورد ده‌ستی لێ بكێشێته‌وه ده‌كه‌وێت. بۆیه ده‌بێ ئه‌وه بزانرێت ته‌ڤگه‌ری ئازادی كوردستان له سه‌ر بنه‌مای ستراتیژێك سیاسه‌تی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه ده‌بات، هه‌مانكات ده‌توانێ زۆر به‌خێرای و له سه‌ربنه‌مای پره‌نسیبی سیاسه‌تی دیموكراتی، گۆڕانكاری بكا و چه‌قبه‌ست نه‌بێ و خۆی راده‌ستی قه‌ده‌ر نه‌كات. ده‌بێ بۆ زۆر كه‌س هه‌ره‌س نه‌كرێت، به‌ڵام حه‌قیقه‌تێكی سیاسه‌تیش له كوردستان به‌وشێوه‌یه كه پێویسته زۆر به‌خێرای جموجۆڵ بكه‌یت، ئه‌گه‌رنا له‌ژێره‌وه ده‌مێنیته‌وه، ئه‌وكات كه‌س به‌هاوارته‌وه نایه‌ت.
هه‌موو هیوایه‌ك هه‌ڵچنین له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مان راست نییه، واتا هه‌موو پرسه‌كان به‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مانه‌وه چاره‌سه‌ر نابن. له‌لایه‌كیتریش هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مان به‌شێكن له ستراتیژی سیاسه‌تی دیموكراتی، بۆیه نابێ به كه‌م و سووك سه‌یر بكرێت. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات چه‌نده به رێبازێكی فره‌وانتر و هه‌مه‌لایه‌نتر و رێكخستنیتر نزیك ئه‌و پرۆسه‌یه ببینه‌وه، ئه‌وه‌نده ئه‌نجامی زیاتر به‌ده‌ست ده‌خه‌ین. له‌لایه‌ك زه‌مینه بۆ تێكۆشان فره‌وانتر ده‌كه‌ین، له‌لایه‌كیتریش ئیراده‌ی سیاسی دیموكراتیانه‌ی گه‌لی كورد به‌هێزتر ده‌كه‌ین. بۆیه پێویسته هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له ده‌وری كۆبكه‌ینه‌وه‌و هیچ خێڵ، بنه‌ماڵه، توێژ و كه‌سێك بۆ داگیركه‌ران نه‌هێڵینه‌وه.
له‌م هه‌ڵبژاردنه ته‌ڤگه‌ری ئازادی له باكوور به دوو رێككه‌وتن به‌شداری كرد، یه‌كێكیان له كوردستان و یه‌كێكیشیان له توركیا، ئه‌نجام له ژێر چه‌تری رێككه‌وتنی ره‌نج و ئازادی گشتی كۆكرده‌وه. له‌وانه‌یه ره‌خنه‌ی ئه‌وه بكرێ كه ئه‌و هێز و لایه‌نانه به‌گشتی پێگه‌یان لاوازه و پێویست ناكرێت ئه‌و رۆڵه‌یان پێبدرێت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بتواندرێت سیاسه‌تێكی به‌رفره‌وان و یكانگیر له‌گه‌ڵ ستراتیژی سیاسه‌تی دیموكراتیانه‌دا به‌ڕێوه بچێت، پێویسته هه‌موو ئه‌و هێز و لایه‌نانه كۆبكرێنه‌وه، ئه‌گه‌ر هێشتا زیاتریش هه‌بن پێویسته به‌هێنرێن. ده‌وڵه‌تی توركیا هێزه سیاسیه‌كانی پارچه كرده‌وه‌و كردوونی به دارده‌ستی خۆی، زۆربه‌شیان ته‌نها به‌ناو ماون، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی رۆحی سیاسی زیندو ببێته‌وه و یه‌كێتی و یه‌كریزی نێوان هێزه كوردستانی و توركیایه‌كان دروست ببێ، پێویست به سیاسه‌تێكی به‌مجۆره‌یه. بۆیه سیاسه‌تی دیموكراتی كه له 2015 وه له ژێر ناوی هه‌ده‌په و له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش به‌ناوی پارتی چه‌پی سه‌وز به‌ڕێوه چوو، له‌وباره‌یه‌وه نمونه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه‌یان نیشانداوه.
له‌باكوور و توركیا چه‌ند هێزێك هه‌یه كه ده‌رفه‌تی سیاسیه‌ت كردنیان له‌گه‌ڵ نه‌ماوه، چو‌نكه ئه‌وانه ده‌ستیان به خوێنی شۆڕشگیڕ و وڵاتپارێز و رۆشنبیر و رۆژنامه‌نووس و كارساز و خه‌ڵكی ئازادیخواز و دیموكراتخواز سووره، ئه‌وانیش له كوردستان حیزب و لكۆنترا یان به‌ناوێكیتر حیزب و ڵڵا، ئێستاش ناوی خۆیان گۆڕیوه به "هودا پار"، له توركیاش مه‌هه‌په‌یه‌كان و ئه‌وانه‌ی له‌و جیابوونه‌ته‌وه، به‌هیچ جۆرێك ده‌رفه‌تی سیاسه‌تیان له‌گه‌ڵ نه‌ماوه، له ئێستادا ئه‌كه‌په‌ش هاتۆته ریزی مه‌هه‌په‌یه‌كان. هودا پار و مه‌هه‌په‌یه‌كان نوێنه‌رایه‌تی فاشیزم و هێڵی كۆنترای و دوژمنایه‌تی مرۆڤه پێشكه‌وتنخواز و ئازادیخوازه‌كانن له كوردستان و توركیا. بۆیه پێویسته به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌رفه‌تی سیاسیان بۆ نه‌كرێته‌وه.
هوداپاریه‌كان كه تاوانبارن به كوشتنی كه‌سایه‌تی و رۆشنبیر و ئازادیخوازی كورد مو‌سا عه‌نته‌ر و سه‌واش بوڵدان و زیاتر له 17 هه‌زار كوردی بێ تاوان. بۆیه ده‌بێ بزانرێ كاتێك ده‌ست بخرێته ده‌ستی ئه‌وانه، واتا ده‌ست ده‌خیته ده‌ستی بكوژی 17 هه‌زار كورد. هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی و راگه‌یاندنی باشوور ماوه‌ی 10 ساڵه ده‌یانه‌وێت ره‌وایه‌تی سیاسی بده‌نه هودا پار و وه‌ك پارتیه‌كی سیاسی كوردی ئیسلامی نیشانی رای گشتی كوردستانی بده‌ن، له‌وه‌ش زیاتر سنووری خۆیان تێده‌په‌ڕێن و دێن به‌راوردی ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ هه‌ده‌په و هێزه كورده ئازادیخوازه‌كان. هه‌تا به بۆنه و بێ بۆنه له هه‌ولێر فه‌رشی سووریا‌ن بۆ راده‌خه‌ن و یارمه‌تی ماددی و مه‌عنه‌وی ده‌درێن و وه‌ك پشتیوانی بۆ سیاسه‌ته داگیركه‌ریه‌كانی ئه‌كه‌په - مه‌هه‌په به‌هێز ده‌كرێن. له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شمان بینی سه‌رۆكی په‌ده‌كه پێشوازیه‌كی فه‌رمی له سه‌رۆكی حیزبی كۆنترا، هودا پار زه‌كریا كرد، به‌ڵام رێگه‌یان نه‌دا په‌رله‌مانتارێكی هه‌ده‌په له فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر بێته‌خوارێ و بچێته نوێنه‌رایه‌تیه‌كه‌ی له هه‌ولێر!! بۆیه كاتێك ده‌ستی زه‌كریان گرت ده‌بووا ئه‌و هۆنراوه‌یه‌یی عه‌بدوڵڵا په‌شێویان به‌ناوی "ماچ" به‌بیر هاتبووایه‌وه، كاتێك له هاوینی 1991 چوون ده‌ستی سه‌ددامیان گرت و ماچیان كرد!!
گه‌لی كورد له باكووری كوردستان و توركیا سیاسه‌ت بۆ خۆی ده‌كات، واتا خاوه‌ن ستراتیژێكه و تێكۆشان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هێڵه به‌سه‌رخات. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه وه‌كو چۆن بۆ سه‌ده‌ی دووه‌می كۆمار به‌ناو ده‌كرێت، سه‌ده‌ی یه‌كه‌م به‌بێ كورد كۆمار دروست كرا، به‌ڵام سه‌ده‌ی دووه‌می كۆمار ناتوانێ به‌بێ كورد و هێزه دیموكراتخوازه‌كان بێ، راسته هێزه فاشیست و نه‌ته‌وه‌په‌رست و دیكتاتۆری له توركیا به‌هێزه، به‌ڵام له‌كه‌سایه‌تی رێككه‌وتنی ره‌نج و ئازادی‌دا ئیدی گه‌لی كورد مۆری خۆی له سه‌ده‌ی دووه‌می كۆمار دا. ئه‌وه‌ی لاوازیه پێویسته كاربكرێت بۆ پاكردنه‌وه‌ی هێزه فاشیست و كۆنه‌په‌رسته‌كانی داگیركه‌ری له كوردستان، بۆ ئه‌مه‌ش پێویستی به خه‌بات و تێكۆشانی زیاتر هه‌یه، له‌لایه‌كیتریش بۆ ئه‌وه‌ی هێزه ئازادیخواز و دیموكراتیه‌كان له توركیا به‌هێزتر له گۆڕه‌پانی سیاسی ده‌ركه‌ون، پێویست به رێككه‌وتنی زیاتر ده‌كات، بۆیه ده‌بێ ئه‌وه وه‌ك ستراتیژی به‌رده‌وام سه‌یر بكرێت، واتا رێككه‌وتن له كوردستان و له توركیا شێوازی خه‌باتی تاكتیكی و كاتی نییه، به‌ڵكو ستراتیژیه و پێویسته به‌رده‌وام ئه‌و رێككه‌وتنانه نوێ بكرێنه‌وه و فره‌وان بكرێن.
ده‌سكه‌وته‌كانی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ش زۆرن، ده‌بێ ببینرێن و بكرێنه بنه‌ما بۆ تێكۆشانێكی زیاتر، ئه‌گه‌ر له‌و هه‌لومه‌رجه سه‌خت و نا به‌رابه‌ره دا كه هه‌ر ده‌نگێك " له‌ناو قوڕگی شێر ده‌رخراوه" توانراوه ئه‌و رێژه‌یه له ده‌نگ و ئه‌و ژماره‌یه له په‌رله‌مانتار به‌ده‌ستبخرێن، ئه‌وا له دۆخێكی ئاسایدا ئه‌و رێژه و ژماره‌یه ده‌بێته دووقات. بۆیه له‌گه‌ڵ بینینی كه‌موكوڕی و خاڵه لاوازه‌كان كه پێویسته راوه‌سته‌یان له‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام سه‌ره‌تا پێویسته خاڵه به‌هێزه‌كان ببینرێن، تاكو بتوانرێ خاڵه لاوازه‌كان ریشه‌ی چاره‌سه‌ر بكرێن.
ئه‌وه‌ی ئێستا چاوه‌ڕێ ده‌كرێت، ئه‌ویش چۆن بتوانرێ له خولی دووه‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماردا، ته‌خت و تاجی ئه‌ردۆغان چۆن سه‌رنگووم بكرێت. ده‌بێ چۆن خه‌باتێك بكرێ و شه‌و رۆژ بخرێته سه‌ر یه‌كتر بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی‌تر ئه‌ردۆغان نه‌توانێ به‌رده‌وامی به‌و زوڵم و سته‌م و زۆرداریه‌كانی بداته‌وه. به‌بێ ساردبوونه‌وه‌و بیركردنه‌وه له هیچ شتێكی جیاوازتر، پێویسته به رۆحێكی گه‌رم و زۆر به‌جۆش و خرۆش، هه‌موو پێكه‌وه خه‌بات بكه‌ن و بنخستنی ئه‌ردۆغان بكرێته ئامانجی سه‌ره‌كی. ئه‌وكات ده‌رفه‌ت زیاتر ده‌كرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌باتی دیموكراتیانه زیاتر به‌ره‌و پێشه‌وه بچێت. واتا له ده‌ره‌وه‌ی رووخاندن و بنخستن و سه‌رنگووم كردنی ئه‌ردۆغان، رێگه‌یه‌كیتر بۆ گه‌لی كورد و خه‌ڵكی ئازادیخواز و دیموكراتخواز و ژنان و گه‌نجان نه‌ماوه‌ته‌وه.
ف.ق