ئێران و رێگەی پڕ لەهەواز و نشێوی شۆڕش

" شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی كە لەلایەن كۆمەڵناس و هزرزان رێبەر ئاپۆوە وەكو فەلسەفەیەكی نوێ بۆ ژیانێكی ئازاد دامەزراوە ترسێكی گەورەی خستە دڵ و دەروونی زۆرێك لەدەسەڵاتدارانەوە".

شۆڕش دوای ساڵێك لەهەوراز و نشێوی ژانی لەدایكبوونی ژیانێكی شایستەی بەمرۆڤ و تاكەكانی كۆمەڵگەی مرۆڤیی ئێرانی بەدوای خۆی دا بەجێ دەهێڵێت و هەنگاو بەهەنگاو تێپەڕی دووهەمین ساڵی خۆی دەبێت. ئەو شۆڕشە لەو یەك ساڵەی تەمەنی خۆیدا لەكۆمەڵگەی ئێران فەرهەنگ و چاندێكی نوێی هێناوەتە ئاراوە. ئەو فەرهەنگەش، فەرهەنگی ژن و ژیان و ئازادی بوو. ئێران ناوێكی ژنانە و نازناوی یەك لەخوداوەندانی پێش سەرهەڵدانی كۆمەڵگەی چینایەتی و دەسەڵاتدارێتی پیاوسالارییە كە لەسەر ئەو خاكە ژیارێكی بێ كێشە و ئاشتیانە و هاوسەنگی نێوان تاك و كۆمەڵگە ئیدارە و بەرێوە بردووە. دوای تێپەڕبوونی چەند قۆناخێك و دەستبەسەرداگرتنی نرخ و بەهاكانی ژنەوە، رەنگە ناوی ئێران گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەڵام ناوەرۆكی خۆی پاراستووە.

وڵاتی ئێران بەهۆی رۆڵ و پێگە مێژوویی و كۆمەڵایەتیەكەی خاوەنی ماتە وزەیەكی لەبن نەهاتووە كە بتوانێت لەپاڵ پێشەنگایەتی كردنی فەرهەنگی كەوانەی زاگرۆس - تۆرۆس پێشەنگایەتی بۆ فەلسەفەیەكی نوێی ژیان بكات. ئەو فەلسەفەیەش دەتوانێت لەسەر هەموو رۆژهەڵاتی ناوین و جیهانیش بەكاریگەر بێت. هەروا كە لەشۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا بینیمان، چۆن لەماوەی چەند كاتژمێر و رۆژدا شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی كەوتە سەر زمانی تاك بەتاكی گەلان و چین و توێژەكان لەجوگرافیای ئێران و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین و جیهانیش. هەر ئەمە خۆی ئەو راستیەمان بۆ روون دەكاتەوە كە وڵاتی ئێران خاوەن پێگەیەكی مێژوویی و جوگرافی و كۆمەڵایەتی وەهای هەیە هەر چەشنە گۆڕان یاخود وەرچەرخانێك لەو وڵاتە دەبێتە داینەمۆیەك بۆ گۆڕانكاریەكی گەورە لەسەر ئاستی جیهان. بۆیە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی كە لەلایەن كۆمەڵناس و هزرزان و ئەندازیار رێبەر ئاپۆوە وەكو فەلسەفەیەكی نوێ بۆ ژیانێكی ئازاد دامەزراوە ترسێكی گەورەی خستە دڵ و دەروونی زۆرێك لەدەسەڵاتدارانەوە. ئەو ترس و دڵەڕاوكێیە تەنیا بەرپرس و دەسەڵاتدارانی ئێرانی نەگرتەوە؛ بەڵكو هەر زوو لەسەر ئاستی هەرێمی و جیهانیش سیستەمی پیاوسالاری و زهنیەتی چەقبەستووی پیاوان و سیستەمی دەسەڵاتداریەتی جیهانی بەشێوەیەك لەشێوەكان كەوتنە دژایەتی كردنی و ویستیان شۆڕشەكە بەلارێدا ببەن.

سەرەرای هەموو هەوڵدانەكانیش نەیانتوانی مەرامە گڵاوەكانیان بەسەر شۆڕش و شۆڕشگێڕان بسەپێنن یاخود رەوتی شۆڕش بگۆڕن، چونكە ئەو شۆڕشە، شۆڕشێكی ژیانی و هزرییە و كێ بیەوێت بەمەنتالیتە و عەقڵیەتی دەسەڵاتدارێتی نزیكی ببێتەوە ئەوا لەدەرئەنجامدا یا ئەوەتا شۆڕش دەریدەخاتە دەرەوەی بازنەی ئەو ژیانەی بۆی تێدەكۆشێت، یا ئەوەتا خۆی بەدەستی خۆی گۆڕ بۆ خۆی هەڵدەكەنێت. بەناچاریش بێت، هەندێ لەوڵاتان و كەسایەتیە دەسەڵاتدارەكان بۆ مەرام و بەرژەوەندی وڵاتەكانیشیان بێت لەبەردەم مایك و زۆمی كامێراكاندا دروشمی ژن، ژیان، ئازادیان ووتەوە و خۆیان بەپشتیوان و هاوكاری گەلان و ئازادیخوازان لەوڵاتی ئێران پیشاندا و لەپشتەوەش كەوتنە وێزەی شۆڕشەكەی و لەگەڵ كاربەدەستان و دەسەڵاتدارانی رژێمی ئێران پەیوەندییەكانیان پەرە پێدا و وەكو كارتێك لەبەرامبەر بەشۆڕشگێڕان و شۆڕش برەویان بەدانوستاندن و پەیوەندییە دووقوڵی و سێ قووڵیەكانیان دا. هەر لە یەك بەیەكی وڵاتانی ئەوروپاوە بگرە تا ئەمریكا و وڵاتانی ئاسیای ناوین روسیا و چینیش لەناودا لەگەڵ ئەو رژێمە خوێنمژەی لەئێران لەسەر دەسەڵاتە پەیوەندییەكانیان دووبارە پەرەیان پێدایەوە.

وڵاتە زلهێزەكان لەمەڕ پشتیوان و هاوكاریان بۆ شۆڕش لەدڵەوە نین و كەی بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسیەكانیان بخوازێت ئەوا بەپەلە لەگەڵ كاربەدەستانی رژێمی دیكتاتۆر و داپڵۆسێنەر و فاشیزمی ئێران دەكەونە دانووستانەوە و هەموو بەها مرۆڤیی و دیموكراسی و ماف و ئازادییە كۆمەڵایەتی و تاكەكەسیەكانیشی لەناودا دەكەنە قوربانی و هیچ باكیان بەوەش نییە و نایا كە كێ لەلایەن ئەو رژێمەوە دەگیردرێت، دەكوژرێت یاخود رووبەرووی ئازار و ئەشكەنجە و تەجاوز و لەسێدارەدان دەبێتەوە، تەنیا هەندێ جار وەكو كارتێكی گوشار لەبەرامبەر بەیەكدی بەكاری دەهێنن، هەروا كە رژێمی ئێرانیش لەم ماوەیەدا بینیمان چەندین كاری وەكو بابەتی دۆسیەی ئەتۆمی، ئاڵوگۆڕی زیندانیان و ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكان و بەشداربوون لەشەڕی نێوان روسیا و ئۆكرانیا وەكو بیانو و كارتی سیاسی - دیبلۆماسی لەنێوان یەكتردا خستە نێو بازاڕی سیاسەتە چەپەڵ و دوور لەپێوان و پرەنسیپە ئەخلاقیەكانیان، سیاسەتی بانێك و دوو هەوایان گرتووە پێش؛ كە نەشیش بسووتێت و نەش كەبابەكە. ئەوەی راستی بێت دەمامكی ئەو وڵاتانە و دیموكراسی لیبراڵ و سیستەمی مۆدیرنیتەی كاپیتالیستی ئیدی ناتوانێت لەوەی زیاتر تاك و كۆمەڵگەی ئەوروپی و ئەمریكا و جیهانیش هەڵخەڵەتێنن و تەمەنی دەسەڵاتدارێتی خۆیان درێژە پێ بدەن. ئەگەریش بەراستی ئەو وڵات و هێزانە دەیانەوێت خزمەتەتێكی راستەقینە بەتاك و كۆمەڵگەی مرۆڤیی و مرۆڤایەتی و بەتایبەتی كۆمەڵگە و نەتەوەی ژنان بكەن، با بەجەسارەتەوە رووبەرووی مێژوویی پڕ لەچەوساندنەوە و بەكۆیلەكردنی تاك و ژنان و كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ببنەوە و لەدڵەوە رەخنەدانی كردار و بیركردنەوە و هەڵسوكەوتە نامرۆڤیەكانیان بدەن.

شۆڕش دەبێت فێر بێت لەسەر پێی خۆی راوەستێت، پشت بەئیرادەی گەوهەری خۆی ببەستێت و چاوەڕوانی هیچ هێز و لایەنێك نەبێت كە ببێتە هاوكار و هاوپشتیوانی. پێوان و پرەنسیپی شۆڕش زۆر لەوەی كە دیارە بڵند و بەرزتر و ئاگرینە. كێ بەهەڵە نزیكی ئەو شۆڕشە ببێتەوە، ئەوا بەبێگومان تینی ئاگرینی شۆڕش بەرووی دا كڵپە دەستێنێت و دەیسووتێنێ. ئەمە خوێندنەوەی بۆ رژێمیش وەهایە، ئەگەر رژێم بیەوێت لەبەرامبەر بەهێرش و گوشارەكانی سیستەمی مۆدیرنیتەی سەرمایەداری لەسەر بمێنێتەوە یاخود ئەگەر بیەوێت بەردەوامی بەبوونی خوی بدات، ئەوا دەبێت هاوشانی شۆڕش و پێوانەكانی ئەو شۆڕشە دەست بەریفۆرم و وەرچانی مێژوویی بكات، وەگەرنا رژێمیش لەلایەن گەلانی ئێران و ئاڵاهەڵگرانی شۆڕشەوە دەخرێنە تەنەكەی زبڵەوە و لەلاپەڕەكانی مێژوو دەسڕدرێنەوە و روورەشی دنیا و قیامەت دەبنەوە.