ئەردۆغان و ئاشتی کوجا مەرحەبا
کورد هەرگیز دەرگای ئاشتی پێوە نەداوە، ئەوە دەوڵەتی تورک و ئەردۆغان و ئاکەپەن دەیانەوێت جڵەوی شەڕو ئاشتی لەدەستی ئەواندا بێت، ئەمەش هەرگیز مانای ئاشتی نادات.
کورد هەرگیز دەرگای ئاشتی پێوە نەداوە، ئەوە دەوڵەتی تورک و ئەردۆغان و ئاکەپەن دەیانەوێت جڵەوی شەڕو ئاشتی لەدەستی ئەواندا بێت، ئەمەش هەرگیز مانای ئاشتی نادات.
ماوەیەکە لە تورکیا پڕوپاگەندەی ئاشتی گەرمە، لێ ئەم پڕوپاگەندەیە وێدەچێت جگە لە درۆیەکی گەورە هیچی تر نەبێت، لەبەر ئەوەی، نە دەرگای زیندانەکان کراوەتەوە و نە بواری دیداری ئاپۆ دراوە، نە پەلاماری سەر چیا سەرکەشەکان کوردستان ڕاگیراوە، ئەم پڕوپاگەندە تاک لایەنە پێش ڕاپۆرتی عەنبەرین زەمان و پێش تەوقە و چاک و چۆنیەکەی باخچەلی ئەردۆغان و ئاکەپە خستیانە میدیاوە، من هەر ئەو دەم بەدواداچوونی ئەوەم کرد داخۆ شتی واهەیە یان نا، هیچ ڕاستیەک بوونی نەبوو.
بانگەشەی ئاشتی قسەی ڕووت نیە، دەبێت هەندێک دەرخەرو نیاز پاکی تیابێت، تورکیا تائێستا هیچ ئاماژەیەکی ئاکاری بۆ ئاشتی نیشان نەداوە، وێڕای ئەوەی بیست و پێنج ساڵە ئاپۆ لەزیندانی ئیمراڵیە، ماوەیەکی درێژیشە دەرگای بینین و چاوپێکەوتنی بەڕودا داخراوە، ڕۆژنیە لێرەو لەوێ زمانی کوردی کۆت و بەند نەکرێت، ڕێگە بەخوێندنی کوردی نادرێت، لەسەر وتنی گۆرانی کوردی گەنج و لاوی کورد دەکوژرێن، زیندانەکان لیپن لە ئازادیخوازان، کەچی لەولاشەوە پڕوپاگەندەی ئاشتی دەکرێت، کورد هەرگیز دەرگای ئاشتی پێوە نەداوە، ئەوە دەوڵەتی تورک و ئەردۆغان و ئاکەپەن دەیانەوێت جڵەوی شەڕو ئاشتی لەدەستی ئەواندا بێت، ئەمەش هەرگیز مانای ئاشتی نادات.
هەموو ئاشتیەک پێویستی بەزەمینە سازیە، ئەمەش لە بارودۆخی وەک ئەوە نێوان بزاوتی ئازادیخوازی کورد و دەوڵەتی تورکیادا، زیاتر دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەتی تورک، چونکە ئەوەی ئەرکی زۆرتری ئاشتی لەئەستۆیە دەوڵەتە نەک ئەوهێزەی شەڕ بۆ مانەوەو ئازادی دەکات، بەڵام تورکیا لەپێناوی ئاشتیدا چی کردوە، ئێستاش تەنانەت وێنەی شەڕڤان یان گەریلا بگرە پێشمەرگەیەکیش لەناو مۆبایلدا ببینێت گیرو گازی دنیات پێدەکات، نەک هەر لەناو تورکیا، بگرە لەئەوروپاش بەردەوام پەرە بە ڕق و توڕەیی دەدات بەرانبەر کورد، کورد هەن لەئەوروپاش لە ترسی فاشیزمی کورد ناوێرن بەکوردی قسە بکەن، کەواتە ئاشتی چی؟.
من بەدواداچونم بۆ ئەو بابەتە کردو چەند سەرچاوەیەکی پەکەکە بەنەرێ وەڵامیان دایەوە، گوایە شتی وانیەو ئەوە درۆیەکی دەوڵەت زیاتر نیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەندەی من بزانم پەکەکە هەرگیز دەرگای ئاشتی دانەخستوەوهەمیشە ئامادەی ئاشتیە، لێ هەر ئێستا دەوڵەت لە هەموو باکوری کوردستان، کوردستانی تورکیا کار بۆ لەبیربردنەوەی زمانی کوردی دەکات و ئەو زمانە وەک زمانی نەفرەتلێکراو نیشان دەدات، ئەوەش دەچێتە خانەی جینۆسایدی شوناسەوە، ئایا ئاشتی لە نێو ئەو بارو دۆخەدا هیچ ئەرزشێکی هەیە، ئەمە پرسیارێکی سادەیە و هیچی تر.