دەوڵەتی فاشیستی ئەردۆغان هێزێکی ملیشیای سەربازی لە سوریا بۆ خۆی ڕێکخستووە. هەروەها ناوی سوپای نەتەوەیی سوریای لێناوە. بەتایبەت لە کاتێکدا ڕەخنەی بەربڵاوی لێکەوتەوە، ئەم هێزەی ناو نا سوپای نەتەویی سوریا. هێزی سوپای نەتەویی سوریا لە دژی کێ بنیات نراوە؟ دیارە لەو سەردەمەدا تورکیا بۆ خۆی هێزی داگیرکەری سوریا بوو. لە دۆخێکی ئاساییدا دەبوو ئەم هێزە بەرەنگاری هەر جۆرە داگیرکارییەک ببوایە، بە حکومی ئەوەی ناوی هێزی نەتەوەییە! هەروەها دەسەڵاتێکی داگیرکەری بیانی چون دەتوانێ سوپای نەتەوەیی وڵاتێکی دیکە دامەزرێنێت. هەروەها لایەنە نیشتمانیەکان لە بنەڕەتدا دژ بە داگیرکەری خاکەکیانن.
سوپای نیشتیمانیی سوریا (SNA) هێزێکە لەجۆری ڤاگنەر
ئێستا سوپای نیشتیمانیی سوریا (SNA) پەیوەندی بە کێیەوە هەیە و خزمەت بە کێ دەکات، بە تەواوی ئاشکرا بووە. سوپای نیشتیمانیی سوریا (SNA) سەر بە گەلانی سوریا نییە. ڕوونە کە ئەم هێزە بە تەواوی هێزێکە لە جۆری ڤاگنەر کە لە لایەن ڕووسیا ڕێکخراوە و لەپێناو بەرژوەندییەکانی بەکاریان دەهێنیت. ئەم هێزە هیچ ئامانج و ئارمانجێکی سیاسی نییە. پێدانی ناسناوی ئۆپۆزسیۆنی سوریا هیچ مانایەکی نییە. ئەگەر ئەم هێزه هی سوریا ببووا، ده بوو ئێستا له دیمەشق بێت. هەموو گروپەکانی سەر بە هەتەشە لە دیمەشقن. ڕژێمی بەعس ڕووخێنراوە و هەوڵەکان بۆ دروستکردنی سوریایەکی نوێ لە ئارادایە. هەتەشە هەوڵ دەدات خۆی بەڕێکخستن بکات و حکومەت بەپێی ویستی خۆی دابڕێژێت. لەکاتێکدا سوپای نیشتیمانیی سوریا (SNA)، لەدەرەوەی ئەو هەوڵ و ئامانجە سیاسیانە، بەتەواوی لەژێر فەرماندەیی هێزە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورکدا، هێرش دەکاتە سەر ناوچە خۆبەڕێوەبەرەکان و دەیەوێت ئەزموونی ڕۆژئاوا هەڵبوەشێننەوە. هەموو بڕیارەکان لەلایەن سوپای تورکیاوە دەدرێت. پاڵپشتی ئاسمانی، لۆجستیکی و تەنانەت بەڕێوەبردنیان لە لایەن ژەنەڕاڵەکانی تورکیاوە ئەنجام دەدرێت.
دەوڵەتی تورک کورد بە دوژمنی سەرەکی خۆی دەبینێت و بە ئامانجی دەگرێت و دەڵێت: "نابێت کورد لە هیچ شوێنێکی جیهاندا خاوەن ناسنامە و ستاتۆی خۆی هەبێت." هەرێمی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا بە پێشەنگایەتی کورد دامەزراوە. ئەم ناوچانە بە شەڕی داعش ڕزگار کراون و بە شێوەیەکی دیموکراتیک ڕێکخستن کراون. لە هەرێمە خۆبەڕێوەبەرەکاندا هەموو گەلان، کولتوور و بیروباوەڕەکان ئازادانە دەژین و نموونەی پێکەوەژیانیان خوڵقاندووە. ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە و بزووتنەوەیەکی ڕۆشنگەرانەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم مۆدێلە کە بە دەستبەردار بوون لە نەریتەکانی ناسیۆنالیسم پێناسە دەکرێت هەموو گەلان دەگرێتەوە و هەروەها دەرفەتێکی سەرسوڕهێنەرە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەوڵەتی تورک لەبری ئەوەی ڕێگە بە چارەسەری کێشەکان بدات، بە پێچەوانەوە هەوڵەکانی بۆ لەناوبردنی ئەم مۆدێلە خێراتر کردووتەوە.
سوپای نیشتیمانیی سوریا (SNA) دژی چی دەوەستێتەوە؟
دەوڵەتی تورکیا گوێی بە ناڕەزایەتیە جیهانیەکان نادات. هەموو هێزەکان دەیانەوێت ململانێکانی سوریا کۆتایی پێ بهێندرێت. هۆشداری و نیگەرانی هەیە لەوەی داعش سوود لەو دەرفەتانە وەربگرێت و خۆی ڕێکبخاتەوە. هەروەها داوا لە ڕژێمە نوێیەکەی سوریا دەکرێت، هەموو نەتەوە کەمینەکان و گروپە ئایینییەکان لە سیستەمی داهاتوودا بەشدار بکرێت. لە کاتێکدا تورکیا پێچەوانەکەی ئەنجام دەدات. بەناو سوپای نیشتیمانیی سوریا (SNA) بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەیەوێت هێزەکانی قەسەدە لە ڕۆژئاوای فورات دووربخاتەوە و هەرێمە خۆبەڕێوەبەرییەکان لەناوببەن. کێشەی سوپای نیشتیمانیی سوریا (SNA) لەگەڵ کورد یان هەرێمە خۆبەڕێوەبەرییەکان چییە؟ بەناو، دژی دەسەڵات دروست بووە و لە ئۆپۆزسیۆندا بووە. ڕژێمی بەعس ڕووخێنرا؛ ئیتر ئۆپۆزسیۆنی چی؟
هەرێمە خۆبەڕێوەبەرەکانیش دژی ڕژێمی بەعس بوون. کاریگەرترین و پراکتیکیترین ئۆپۆزسیۆنیان پێکهێنا. ملکەچی دەسەڵات نەبوون و خۆبەڕێوەبەرییەکی دیموکراتیکی بەدیلیان بنیاتنا. ئەوان پشتیان بە هیچ حکومەت و هێزێکی دەرەکی نەبەستبوو. ئێستا دەتانەوێت ئەم ئیدارە دیموکراتیکە و کوردان بە گشتی بە گروپە چەتەکان کە لە چیچانەکانەوە تا ئویغورەکان و داعش پێکهاتووە لەناوببەن و ئەویش لە ڕێگای سوپای نەتەوەییەوە.
هەروەها دەوڵەتی تورک گوشار دەخاتە سەر هەتەشە و دەڵێت: "پێویستە بیانییەکانی ناو قەسەدە دەربکرێن". لێرەدا مەبەست لە کوردانی باکور و باشور کوردستانە کە هاتوون بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا شەڕی داعش بکەن. کورد وەک بیانی لە سوریا دەناسێنرێت. بەڵام لەناو خودی هەتەشەدا و سوپای نیشتیمانیی سوریا (SNA) بەهەزاران ئویغور، چیچان، ئۆزبەک و خەڵکی وڵاتانی جیاواز هەن و کەس ناڵێت ئەمانە لەوێ چی دەکەن. بەڵکو کورد کە خاوەن خاکی خۆیە بە "بێگانە" دەناسێنێت و داوای ڕۆیشتنیان لە سووریا دەکات. جگە لەوەش بەوجۆرەش کە دەڵێن کوردێکی زۆر لەدەرەوە نەهاتووە. زۆربەی ئەوانەی بۆ شەڕی داعش هاتبوون لە ڕاستیدا گەڕاونەتەوە. ئەوەی لێرەدا پێویستە ببینرێت دوژمنایەتی بێ سنوور و شەڕی دەروونی دەروونی دەوڵەتی تورکە.
سوپای تورکیا زۆر بە خراپی هێزەکانی سوپای نیشتیمانیی سوریا (SNA) بەکار دەهێنێت و دەیاننێرێتە بەرەی شەڕ و بەکوشتیان دەدات. بەڵام سەربازەکانی خۆیان بەکوشت نادەن؛ چەندە زیان بە کورد بگەیەنن ئەوان لێ سوودمەند دەبن. هەروەها کاتێک ئەو هێزانە دەکوژرێن، تەرمەکانیان ناگەڕێندرێتەوە بۆ تورکیا. هەروەها تێچووی ئەم هێزانەی سوپای نەتەوەیی بۆ سوپای تورکیا زۆر کەمترە. واتە ژیانیان لای دەوڵەتی تورک هەرزانترە. تەنانەت زۆربەی تەرمەکانیان لە بەرەکانی شەڕدا دەمێنێتەوە. دەوڵەتی تورک تەنها سوودیان لێدەبینێت.
کەواتە لەسەر ئەم بنەمایە نابێت بە هیچ شێوەیەک سوپای نیشتیمانیی سوریا (SNA) وەک هێزی سوپای نەتەوەیی و سوریا هەژمار بکرێت. لەبەر ئەوەی بەتەواوی بەکرێگیراو و چەتەی دەوڵەتی تورکن. ئەوان بۆ سوریا شەڕ ناکەن؛ بەڵکوو لەژێر فەرمانی دەوڵەتی تورک و بۆ پلانە گڵاوەکانی ڕەوانەی مەرگ دەکرێن. ئەگەر بڵێین گروپە چەکدارەکان لە سوریا چەکەکانیان دادەنێن و دەچنە ناو سوپای نوێیەوە ئەوە ئاساییە. بەڵام سوپای نیشتیمانیی سوریا (SNA) جیاوازە و دوورە لەو مەسەلەیە، ئەگەرچی هەتەشە جارێ بەس بینەرە. تەنانەت وا دەردەکەوێت کە هەتەشە لەگەڵ دەوڵەتی تورک گەیشتبێتە ڕێککەوتن بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمەکانی خۆبەرێوەبەری، یان لانیکەم تورکەکان ئەو ڕێککەوتنەیان سەپاندووە.
بە گشتی دەوڵەتی تورک دەیەوێت هێزەکانی (قەسەدە) هەڵبوەشێنێتەوە و ئەم داواکارییەی لە ئەمەریکا و هاوپەیمانان بە دەیان جار دربڕییوە. دەڵێت: "زیندانەکانی داعش یان بە ئێمە یان بە هەتەشە بسپێرن. ئەمە مانای چییە؟ ئەگەر ڕادەستی هەتەشە بکرێت، بەدڵنیاییە هەر هەموویان ئازاد دەکرێن. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە داعش لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە هەڕەشە نابینرێت. واتە وەک پێشووتر بەڵگە نامەی زۆر بڵاو بووەتەوە دەوڵەتی تورک هەمیشە هاوپەیمانی داعش بووە. لەکاتێکدا هەموو جیهان دەڵێن داعش مەترسیە، هەروەها دەوڵەتی تورک بانگەشەی ئەوە دەکات کە "ئەمریکا دەیەوێت بە بیانووی هەڕەشەی داعش لە سوریا بمێنێتەوە و بەو شێوەیە یارمەتی پەکەکە بدات". بۆیە بە ڕوونی دەردەکەوێت دوژمنایەتی دەوڵەتی تورک دژ بە گەلی کورد لە چ ئاستێکدایە.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی ڕۆناهی