مەحموود شاهروودی، سەرۆکی پێشووی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە مەبەستی چارهسهری نەخۆشییەکەی لە ٢١ سێپتهمبهر/٣٠ی سەرماوەز، سەردانی شاری هانۆڤهری ئەڵمانیای کردبوو. دوابەدوای بڵاوبوونهوهی دیمەنی شاهروودی لە مێدیاکانی ئەڵمانیا كه لە کلینیکە تایبەتەکان چارهسهری وهردهگرێت، زۆرێک لە ڕێکخراو و کەسایەتییەکان، لە دادگهی فێدراڵیی ئەڵمانیا، دۆسییەیان لەسەر ناوبراو کردەوە.
سەرەڕای ئەوانەش دەزگای دادی ئەڵمانیا و دەزگای ئەمنی ئەو وهڵاتە، ڕێگەیان دابوو کە شاهروودی بەبێ کێشە وهڵاتی ئەڵمانیا بەجێ بێڵێت.
هێلین ئەڤریم سۆممەر، پهرلهمانتاری پارتیی چەپ، ئەو باسەی بردە پهرلهمانی فێدراڵ و پرسیارێكی ئاراستهی حكوومهت کرد و داوای ڕوونكردنهوهی لێ کرد؛ «ئایا لە دژی ئەو کەسەی کە بڕیاری لەسێدارەدانی هەزاران کەسی دەرکردووە، هیچ لێپرسینەوەیەک کراوە یان نا؟»
وەزارەتی دادی ئەڵمانیا بهناوی حکوومەتی فێدرالیی لە ڕۆژی ٣١ی ژانوویە/١١ی ڕێبەندان، وەڵامی پرسیارەکەی دایەوە. وەزارەتی داد ڕایگەیاند: ئەگەر ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ شاهروودی، پشتڕاست بكرێنهوه و ناوبراو جارێکی دیكه سەردانی ئەڵمانیا بکات، بڕیاری گرتنی بۆ دەردەچێت.
لە وەڵامەکەی وەزارەتی دادی ئەڵمانیادا هاتووە؛
«داواکاری گشتیی دادگهی فێدراڵ، دوای ئەوەی کە ٥ی ژانوویە/١٥ی بەفرانبار زانی کە سەرۆکی پێشووی دەزگای دادی ئێران لە ئەڵمانیایە، بە گومانی ئەوەی کە تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام داوه، دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووه. لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوە و زانیارییە بهدهستخراوهكان لەسەر ئەو بابهته، داوای زانیاری لەسەر ئەرک و پلەی ناوبراومان لە کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە. ئێستاش داواکاریی گشتی ٥٠ دۆسیەی سزادان و زانیاریی لەسەر شاهروودی لەبەردەست دایە.»
هێلین ئهڤریم سۆممەر، لەدوای هەڵسەنگاندنی وەڵامی وەزارەتی داد، ڕایگەیاند؛ پێویسته ئەوانەی تاوانیان لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام داوە، سزا بدرێن.
شاهروودی لەنێوان ساڵەکانی ١٩٩٩ - ٢٠٠٩ سەرۆکی دەزگهی دادی ئێران بوو، لەو ماوەیەدا به هەزاران کەس کە منداڵانیشیان لەنێو دابوو، بە فەرانی ناوبراو لە سێدارە دران.
ش. م