"بێ دەنگی بەرامبەر تورکیا، شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ عێراق "
عەلی ئەلفاجی ڕاوێژکاری ڕاگەیاندن دەڵێت: " بێ دەنگی بەرامبەر بۆردومانەکانی تورکیا شەرمەزارییەکی گەورەیە بەنێوچەوانی حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عیراقەوە".
عەلی ئەلفاجی ڕاوێژکاری ڕاگەیاندن دەڵێت: " بێ دەنگی بەرامبەر بۆردومانەکانی تورکیا شەرمەزارییەکی گەورەیە بەنێوچەوانی حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عیراقەوە".
٢٠ رۆژ لەمەوبەر لە شاری بەغدای پایتەختی عیراق، وەک سەرەتایەک بۆ نزیک کردنەوەی پێکهاتە و کەمینەکانی کۆمەڵگای عیراق کۆنفرانسێک لەژێر ناونیشانی (بەرەو بەدیهێنانی بنەمای دادپەروەری و یەکسانی) ئەنجامدرا کە ئامانجی نزیکردنەوەی کوردانی فەیلی و ئێزدییەکان بوو، لە کۆنفراسەکەی شاری بەغدا ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی و ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدار و چالاکوانی و نوێنەرانی پێکهاتە و لایەنەکان ئامادە بوون.
عەلی ئەلفاجی ڕاوێژکاری ڕاگەیاندن لە بەغدای پایتەختی عیراق، یەکێک بوو لەو کەسایەتیانەی کە بەشداری کۆنفرانسەکە بوو، ناوبراو دەربارەی چەند پرسێکی وەکو ماف و مێژووی ڕەسەنی کەمینە و نەتەوە ڕەسەنەکانی عیراق، هەروەها هێرش و بۆردومانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆسەر ناوچەکانی ناوخاکی عێراق و بێ دەنگی حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق لەبەرامبەر پێشەڵکاری سەروەری عیراق لەلایەن دوڵەتی تورکیاوە، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
کەمینەکان بەشێکی ڕەسەنی کۆمەڵگای عێراقین
عەلی ئەلفاجی ڕاوێژکاری ڕاگەیاندن، دەربارەی گرنگی ئەنجامدانی گفتوگۆ کردن لەنێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگای عیراق لەپێناو بەهێز کردنی پێگەی ئەو پێکهاتە و کەمینانەی لە عێراق هەن و دووبارە تێکەڵ کردنیان بە کۆمەڵگای عێراق، وتی: "گرنگە کۆنفرانس و گفتوگۆ لەنێوان پێکهاتەکانی عێراق بکرێت، لەم ڕێگەیەوە دەتوانین زیاتر تیشک بخەینە سەر مێژوو و نەهامەتی پێکهاتە و کەمینە ڕەسەنەکانی کۆمەڵگای عێراق، لە ڕێگەی ئەنجامدانی کۆنفرانس و گفتوگۆ دەتوانن دەنگیان بگەیننە ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەی کە هەوڵدەدەن بگەنە ئاستی نیشاندانی ستەمکارییەکان دژ بە کەمینەکانی عێراق، و هەوڵدان لەپێناو بەدەستهێنانی مافی کەمینەکان چونکە ئەم کەمینەکانی عیراق بەشێکی سەرەکی کۆمەڵگای عێراقن" .
سیستەمی کۆتا لە پەرلەمانی عێراقی پێکهاتەکانی عێڕاق پارچەپارچە دەکات
سەبارەت بە نرخاندنی ئەو بڕیارەی کە کەمتر لە مانگێک لەمەوبەر دادگای فدڕاڵی لەسەر نەهێشتنی کورسی کۆتا لە پەرلەمانی عێراق دا، کە ئەم بڕیارە چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر نوینەرایەتیکردنی دەنگی کەمینەکانی عێراق، ئەو ڕاوێژکارە ڕایگەیاند: "بابەتی کورسی کۆتا لە پەرلەمانی عێراقی پێکهاتەکانی عێڕاق پارچە پارچە دەکات، نەهێشتنی سیستەمی کۆتا لە پەرلەمانی عێراق، پێکهاتەکانی عێراق یەکدەخاتەوە، چونکە لە ئیستادا لەسەر بنەمای نەتەوە و بیروباوەر و مەزهەب تەواوی کایەکانی عێراق دابەشکراوە، پێویستە ئێمەی عێراق یەک ماڵ بین و پێویست بەو جیاکارییە ناکات" .
سازش لەسەر مافی پێکهاتەکانی عێراق ناکەین
سەبارەت بەوەی کە ئەنجامدانی کۆنفرانس و گوفتوگۆ لەنێوان پێکهاتەکانی عێراق تێرکەرە بۆ قەرەبەبووکردنەوەی ئەو پێکهاتە و کەمینانەی کە ستەمیان لێکراوە وەکو پێکاتەی کوردانی فەیلی و ئێزدی، ناوبراو وتی: "بەڵی ئەنجامدانی کۆنفرانس و گفتوگۆ زۆر گرنگە بۆ بەرزکردنەوەی دەنگمان و بێ دەنگ نابین و پاشەکشێ ناکەین و سازش ناکەین لەسەر مافەکانمان، بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی کۆنفرانس و گفتوگۆ و گەیاندنی دەنگەکانمان بۆ ڕێکخراوە مەدەنییەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بەردەوام دەبین تا دەگەینە ئامانجەکانمان" .
بێ دەنگی بەرامبەر تورکیا شەرمەزارییەکی گەورەیە بەنێوچەوانی حکومەتەکانی عێراقەوە
هەروەها دەربارەی ئەوەی کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک رۆژانە بەردەوامە لە بۆردومانکردنی ناوچەکانی ناوخاکی عێراق، هۆکاری بێ دەنگی و نەپاراستنی سەروەری عیراق لەلایەن حکومەتی ناوەندی چیە؟، عەلی ئەلفاجی بەم شێوەیە قسەی کرد: "ئەم بێ دەنگیە لەبەرامبەر بۆردمانەکانی تورکیا شەرمەزارییەکی گەورەیە بەنێوچەوانی حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عیراقەوە، ئەم بێ دەنگیە نیشانەی لاوازی و بێ هێزی کەسایەتی دەوڵەت و حکومەتە، بەلای کەمەوە حکومەتی عیراق دەتوانێت بانگهێشتی باڵیۆزی تورکیا بکات و نامەیەکی توندی پێ بگەینێت و دەتوانێت سیستەمی بەرگری ئاسمانی بخاتەکار و نیشانی تورکیا بدات کە عێراق خاوەن هێزە و دەتوانێت سەروەری خۆی بپارێزێت، بەڵام بێ دەنگی نیشانەی لاوازی کەسایەتی بەهێزی ئەم حکومەتانەیە" .
لەوانیە عێراق لەپشتی پەردەوە ڕێکەوتنی لەگەڵ تورکیا کردبێت
لەکۆتایدا، لە درێژەی قسەکانی دەربارەی بی دەنگی عێراق لەئاستی هێڕشە داگیرکارییەکانی تورکیا و دەربارەی ئەگەری بوونی جۆرە ڕێککەوتێک لە نیوان حکومەتی عێراقی و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، بۆ بێ دەنگی حکومەتی عێراق لە بەرامبەر بوردوومانەکانی تورکیا، عەلی ئەلفاجی وتیشی: " لەوانیە ڕێکەوتنێکی لەم جۆرە هەبێت، دوو بۆچوونیش هەیە لەوانەیە بێ دەنگی بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا لە نێو خاکی عێراق بۆ لاوازی حکومەت بگەڕێتەوە یان لەوانەشە ڕێکەوتنێکی پشت پەردە هەبێت کە ڕای گشتی ئاگاداری نیە" .
ف.ق