بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ لە هێرشەکانی تورکیا و ئێران، وەزیری دەرەوەی عێراق بانگهێشتی په‌رله‌مان ده‌كرێت

بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر لەشکرکێشی توركیا و ده‌ستدرێژییه‌كانی ئێران سبه‌ینێ فواد حوسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق بانگهێشتی په‌رله‌مان ده‌كرێت.

بڕیاره‌ سبه‌ینێ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ له‌سه‌ر داوای ٥٠ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، فواد حوسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و بریكارێكی پێشكه‌وتوی وه‌زاره‌ت بچنه‌ په‌رله‌مانی عێراق و كۆبونه‌وه‌یه‌كی فراوان له‌سه‌ر لەشکرکێشی و ده‌ستدرێژییه‌كانی توركیا و ئێران بۆسه‌ر خاكی عێراق ساز بكه‌ن.

نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانیی حاكم زاملی، جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند كه‌ كاتژمێر ١١ی سبه‌ینێ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ کە دەکاتە بەرواری ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٢، هەریەک لە فوئاد حسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و نزار خه‌یروڵا، بریكاری پێشكه‌وتوی وه‌زاره‌ت بانگهێشتی په‌رله‌مان ده‌كرێن و كۆبونه‌وه‌یه‌كی پڕ له‌ گفتوگۆ ساز دەکرێت.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی نوسینگه‌ی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكی كوتله‌ی سه‌در و واژووی زیاترله‌ ٥٠ په‌رله‌مانتاره‌ كه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ده‌ستدرَژییه‌كانی توركیا بۆسه‌ر خاكی عێراق به‌رزیان كردبوه‌وه‌.

ف.ق