دادگای باڵای فیدراڵی عێراق شێوازەکانی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشکرا دەکات

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ڕووندەكاتەوە دەدات و شێوازەکانی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشکرا دەکات.

سەنتەری ڕاگەیاندانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە بارەی میكانیزمەكانی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت دەسەڵاتەکە یان بۆ زۆرینەی پەرلەمان دەبێت یان بە بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆک کۆمار.

سەنتەری دادگای فدڕاڵی ڕوونیکردووەتەوە، ڕێگەی یەکەم بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، پەیوەستە بە ماددەی ٦٤ لە دەستوری هەمیشەیی عیراق، كە بەپێی ئەو ماددەیە، دوو بژاردە دیاریكراوە، یەكەم لەسەر داوای یەك لەسەر سێی پەرلەمانتارانە.

لە بارەی ڕێگەی دووەمی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، ڕوونیکردووەتەوە، لەسەر داوای سەرۆك وەزیران و بە رەزامەندی سەرۆك كۆمار دەبێت.

ئاماژە بەوەكراوە كە جگە لەو دوو بژاردەیە، هیچ لایەنێكی دیكە بە دادگای دەستوریشەوە، دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی نییە، چارەسەركردنی گرفتە سیاسییەكان تەنها لەسەر بنەمای ئەحكامەكانی دەستور دەبێت.

سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا"نوری مالیكی"، رایگەیاند؛ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پەرلەمانی عێراق قەبوڵكراو نییە و چوارچێوەی هەماهەنگیش داوای ئەو كارەی نەكردووە و دژی ئەو بۆچوونەش دەوەستێتەوە. ئامانجی وروژاندنی ئەم بابەتەش پێش دانیشتنی ٢٦ی مانگ، بڵاوكردنەوەی ترسە لەناو پەرلەمانتاراندا، بەتایبەتی پەرلەمانتارە سەربەخۆوەكاندا بۆ ئەوەی بەشداری كۆبوونەوەكە بكەن. تەنانەت پەرلەمانتارانیش دەزانن ئەو رەستەیە هیچ راستیەكی تێدا نییە.

سەرۆك فراكسیۆنی پەدەكە؛ ڤیان سەبری لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دوێنی رایگەیاندبوو؛ ئەگەر رۆژی بیست و شەشی مانگ سەرۆككۆمار هەڵنەبژێردرێت، ئەوا هیچ رێگەیەك نامێنێت بۆ دەربازبوون لەم تەنگەژەیە؛ جگە لەهەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن.

عەلی تەمیمی شارەزا لەیاسای عێراقیش دەڵێت:"بەپێ بڕیاری ژمارە ٢٤ی ساڵی ٢٠٢٢ی دادگای فیدراڵی و بەپشتبەستن بەماددەی ٧٢ی دەستوری عێراقی، ئەنجوومەنی نوێنەرانی تەنیا ماوەی ٣٠ رۆژی لەبەردەمدا ماوە بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار و ئەو بەروارەش رۆژی ٦ی نیسانی داهاتوو بەكۆتا دێت. واتا ئەگەر لەدانیشتنی رۆژی ٢٦ی ئەم مانگەدا نەتوانرا كاندیدی پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار یەكلایی بكرێتەوە، ئەوە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەتوانێت دانیشتنەكە تەنها تا رۆژی ٦ی نیسانی داهاتوو دوابخات و ئەگەر ئەو ماوەیەش تێپەڕێت، ئەوە ئەو كاتە ئێمە دەكەوینە سەرپێچیەكی روون لەبڕیارەكەی دادگای فیدرالیدا.

ف.ق