دوو خۆپیشاندەر لە بەغدا کوژران و دۆخی نائاسایی راگەیەنرا
دوو خۆپیشاندەر لە بەغدا کوژران و ١٩ خۆپیشاندەریش بریندار بوون. وڵاتانی جیهانیش نیگەرانی خۆیان بەهۆی دۆخی عێراق دەردەبڕن. سەرجەم گەشتەکانی عێراقیش تا کاتێکی نادیار راگیران.
دوو خۆپیشاندەر لە بەغدا کوژران و ١٩ خۆپیشاندەریش بریندار بوون. وڵاتانی جیهانیش نیگەرانی خۆیان بەهۆی دۆخی عێراق دەردەبڕن. سەرجەم گەشتەکانی عێراقیش تا کاتێکی نادیار راگیران.
خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەدر لە ناوچەی سەوزی بەغدا بەردەوامە و ئاڵۆزی تێکەوت.
بەپێی میدیاکانی عێراقی لە خۆپیشاندانەکاندا دوو خۆپیشاندە کوژراون و ١٩ خۆپیشاندەریش بریندار بوون. پێشبینی دەکرێت ژمارەی کوژراو و بریندارەکان بەرزبێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق قەدەغەی هاتووچۆی لە سەرجەم شارەکانی عێراق راگەیاند و وادەی کۆتایی هاتنی قەدەغەی هاتووچۆی ڕانەگەیاند.
مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکان رایگەیاند، داوا لە خۆپیشاندەران دەکات بە زووترین کات لە ناوچەی سەوز بکشێنەوە و بارودۆخی وڵات تێکنەدەن.
هەروەها میدیاکانی نزیک لە مەرجەعی باڵای شیعەکانی عیراق بڵاویانکردەوە ئەمشەو عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە بارەی دۆخی عێراق پەیامێک بڵاودەکاتەوە.
ئێران و ئەمریکاش کە بە هۆکاری ئاڵۆزیەکانی عێراق دەزانرێن، پەیامیان بڵاوکردەوە.
وەزارەتی ناوخۆی ئێران لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە: داوا لە هاوڵاتیانمان دەكەین تا ئاگاداریان دەکەینەوە سەردانی عێراق نەکەن. ئاماژەی بەوەشکردووە، کار لەسەر گەڕانەوەی زیارەتکارانی ئێرانی دەکات کە لە نەجەف و کەربەلادان،
باڵیۆزخانەی ئێران لە عێراق داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی كرد تا ئاگاداركردنەوەی زیاتر نەچنە بەغدا و کازمیە و سامەرا بەهۆی سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ لە پایتەختی عێراق.
باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لە راگەیەندراوێکدا نیگەرانی خۆی لە بارودۆخی ئەمڕۆی عێراق راگەیاند و دەڵێت، پێویستە لایەنەکان ئاشتی بپارێزن و خۆیان لە توندوتیژی بەدووربگرن.
لە دوایین پێشهاتیشدا، عێراق سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی راگرت و فڕۆکەخانەکانی داخست تاوەکو کاتێکی نادیار.
ف.ق