ناوەندی نوسەرانی ئێران: دەبێت دژی سەرکوت و سێدارە دەنگ هەڵبرین

ناوەندی نوسەرانی ئێران، سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر وەریشە مورادی و پەخشان عەزیزی و هەروەها تۆمەتبارانی دۆسیەی ناسراو بە "شارۆچکەی ئیکباتان"ی شەرمەزارکرد و داوای کرد هەمووان لە دژی سەرکوت و سێدارە دەنگ هەڵبڕن.

ناوەندی نوسەرانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بە بۆنەی ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٢٠١٩ بە توندی سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر وەریشە مورادی و پەخشان عەزیزی و شەش تۆمەتباری دۆسیەی ناسراو بە دۆسیەی شارۆچکەی ئیکباتانی شەرمەزار کرد.

لە راگەیەندراوەکەدا سەبارەت بە دۆسیەی وەریشە مورادی و پەخشان عەزیزی رایگەیاندووە، "ئەو دوو زیندانییە لە پرۆسەیەکدا دادگایی کراون کە لە مافەکانی هەبوونی پارێزەری هەڵبژێردراو، دەستڕاگەیشتن بە دۆسیە و بەرگریی کردن لە خۆیان لە دادگا بێبەشکرابوون و سزاکەیان بە گوێرەی خواستی ناوەندە ئەمنییەکان پێشوەختە دیاریکرابوو."

هاوکات سەبارەت بە دۆسیەی شارۆچکەی ئێکباتانیش کە بەتۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی بەسیج سزای لەسێدارەدان بەسەر شەش گەنجی ئەو شارۆچکەیەدا سەپێندراوە، ناوەندی نوسەرانی ئێران جەختی لە نادادپەروەرانەبوونی پرۆسەی دادگایی و سزاکە کردووەتەوە.

ناوەندی نوسەرانی ئێران راشیگەیاندووە: "پاڵپشت بە رۆح و جەوهەری گشتیی پەیڕەو و پرۆگرامی ناوەندەکەمان سزای سێدارە بە سزایەکی نامرۆڤانە دادەنێین و سەپاندنی ئەم سزایە بۆ هەر تۆمەتبارێک، بە هەر تۆمەت و روانینێکیەوە بە توندی شەرمەزار دەکەین".

ئەو ناوەندە وێڕای داکۆکی لە گەڕاندنەوەی ماف بۆ زیانلێکەوتووان و قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٢٠١٩ و سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی رایگەیاندووە: "پێویستە هەمووان لە دژی سەرکوت و سێدارە دەنگ هەڵبرن".