بەمەبەستی شەرمەزارکردنی دەوڵەتی ئێران کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
چالاکوانی ناسراوی مافەکانی مرۆڤ و پەیامنێری پێشووی بەشی فارسی دەنگی ئەمریکا کیانوش سەنجەری بە ئامانجی شەرمەزارکردنی دەوڵەتی ئێران کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
چالاکوانی ناسراوی مافەکانی مرۆڤ و پەیامنێری پێشووی بەشی فارسی دەنگی ئەمریکا کیانوش سەنجەری بە ئامانجی شەرمەزارکردنی دەوڵەتی ئێران کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، دوێنێ ئێوارە کیانوش سەنجەری ڕۆژنامەنووس و پەیامنێری دەنگی ئەمریکا لە ئێران کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ئاماژە بەوەشکراوە، کیانووش سەنجاری وەک ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرانبەر سزادانی زیندانیانی سیاسی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
پێشتر، کیانووش سەنجەری لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە زیندانیانی سیاسیی پەیامێکی ئاڕاستەی دەسەڵاتی دادوەری ئێران کردبوو و رایگەیاندبوو، "ئەگەر فاتیمە سپێهری، نەسرین شاکرەمی، تۆماج ساڵحی و ئارشام ڕەزایی کە زیندانییکراوی سیاسین تا کاتژمێر ٧ی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە لە زیندان ئازاد نەکرێن و هەواڵی ئازادکردنیان لە ماڵپەڕی هەواڵی دادوەریدا بڵاو نەکرێتەوە، ئەوە لە بەرامبەر دیکتاتۆرییەتی خامنەیی و هاوکارەکانی کۆتایی بە ژیانی خۆم دەهێنم".
هەروەها، لە کۆتا پەیامی ئاماژەی بەوەکردووە، "نابێت هیچ کەسێک لەسەر ئازادی رادەبڕین زیندانی بکرێت، ناڕەزایەتی دەربڕین مافی هەموو هاوڵاتییەکە. لەدوای ئەم پەیامە کۆتایی بە ژیانی خۆم دەهێنم، ئێمە ژیانمان بە عەشق بەخشیووە نەک بۆ مەرگ."
جێگای ئاماژەیە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ۲۰۱٦، کیانووش سەنجەری ڕۆژنامەنوس و پەیامنێری دەنگی ئەمریکا لە واشنتن دوای چەند ساڵێک ژیان کردن لە وڵاتە گەڕابووەوە بۆ ئێران و چەند ڕۆژێک دوای گەڕانەوە دەستگیرکرا، دواتر لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە سزای ۱۱ ساڵ زیندانی کردن و دوو ساڵ قەدەغەکردنی دەرچوون لە وڵات بەسەردا سەپێنرا.
ئەو ڕۆژنامەنووسە دوای بەسەربردنی سزاکەی، لە مانگی نیسانی ۲۰۲۱ ئێرانی جێهێشت و لە ئەمریکا نیشتەجێی بوو، بەڵام پاش ماوەیەک گەڕابووەوە بۆ ئێران. لە چەند مانگی ڕابردوودا، کیانووش سەنجەری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بابەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی بڵاو دەکردەوە.