لەبارەی هێرشی دژی قاسم سولەیمانی و موهەندیس داوای لێپێچینەوە لە کازمی دەکرێت

داواکاری گشتی عێراق بڕیاریدا سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق موستەفا کازمی ڕەوانەی لێکۆڵینەوە بکات پەیوەست بە دۆسیەی بەئامانجگرتنی «فەرماندەکانی سەرکەوتن» و «پێشێلکردنی سەروەریی فڕۆکەخانەی بەغداد» .

بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکانی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی کە دوێنێ ئاشکرا بووە و لە ٤ ی نیسان دەرچووە، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی لە وەڵامی نوسراوی پەرلەمانتار حسێن مونس، دادگای لێکۆڵینەوەی ئیتیحادی ڕاسپاردووە، ڕێکاری یاسایی بگرنەبەر لەبارەی نوسراوەکە.

پەرلەمانتارەکە داوای کردبوو، دۆسیەیەک دژی سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری و سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق موستەفا کازمی بجووڵێنرێت و لە داواکاریەکەدا هاتووە: «بەگوێرەی ئەو ئەرکانەی بە دەزگاکە سپێردراوە، پەیوەست بە پاراستنی سیستم و ئاسایشی دەوڵەت، پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل، پاراستنی سامانی دەوڵەت و کەرتی گشتی، هاوشان لەگەڵ هاوکاریکردن لەگەڵ دادگا و دەزگا پەیوەندیدارەکان لە دۆزینەوەی دەستوبردی کارە تاوانکارییەکان، داوا دەکەین ڕێکاری یاسایی دژی سەرۆکی پێشووی دەزگاکە موستەفا کازمی بگیرێتە بەر، بەهۆی کەمتەرخەمی لە بەرامبەر ژمارەیەک کارمەندی دەزگاکە لەبارەی پێشکەشنەکردنی زانیارییە ئەمنییەکان بە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان. 

لە داواکاریەکەدا هاتووە، ئەو هەنگاوە دەیتوانی گەشتە مەدەنییەکانی فڕۆکەخانەی بەغداد بخاتە مەترسیەوە کە لە بەرواری ٣/١/٢٠٢٠  فڕۆکەخانەکە موشەکبارانکرا و  بووە هۆی شەهیدبوونی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ئەبو مەهدی موهەندس و میوانی عێراقی ژەنڕاڵ قاسم سولەیمانی و یاوەرەکانیان. هەروەها رووداوەکە زیانێکی زۆری بە سامانی گشتی گەیاندووە."

ف.ق