مەزلوم عەبدی: ئەنجامێکە لە ئوردن بەدەست هاتووە بە ئەرێنی دەبینین

مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە بارەی بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکەی ئوردن کە سەبارەت بە ڕۆژەڤی سوریاوە ئەنجامدرا وتی: "ئەنجامەکە بە ئەرێنی دەبینین."

مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) سەبارەت بە بەیاننامەی کۆتایی دیدارەکەی دوێنێی ئوردن سەبارەت بە داهاتووی سوریا بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

مەزلوم عەبدی لە هەژماری ئێکسی شەخسی خۆیدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی عەقەبە کە لە ئوردن بەڕێوەچوو ڕایگەیاند: "دەرئەنجامی کۆبوونەوەی عەقبەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی سەبارەت بە سوریا بە ئەرێنی دەبینین، لە هەمان کاتدا پاڵپشتی لە هەوڵەکانی وڵاتانی عەرەبی بۆ مسۆگەر کردنی سەقامگیری لە سوریا دەکەین. هەروەها جەخت لەوە دەکەینەوە کە کۆتایی هێنان بە هەموو چالاکییە سەربازییەکان لەسەر خاکی سوریا وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بۆ بەرەو وتووێژێکی بنیاتنەرانە بە گرنگ دەبینین. پێک هێنانی ئارامی لە سوریا بە بەشداریی هەموو لایەنەکان و داننان بە یەکڕیزی وڵات دەستپێدەکات، ئەمەش زەمینە بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی دەڕەخسێنێیت."