یەپەژە ناسنامەی ٣ شەهیدی بڵاوکردەوە

فەرماندەیی گشتیی یەپەژە ناسنامەی ٣ شەهیدی بڵاوکردەوە کە لە شوێن و کاتی جیاواز شەهیدبوون.

فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) لەسەر ماڵپەڕی خۆی، بە ڕاگەیاندراوێک ناسنامەی ٣ شەهیدی بڵاوکردەوە کە لە شوێن و کاتی جیاواز شەهیدبوون.

یەپەژە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا دەڵێت: "شۆڕشی ڕۆژئاوا بۆ تەواوی گەلانی بندەست دەرفەتی نوێی بۆ خۆڕێکخستنی ئافراند، بۆ تەواوی پارچەکانی کوردستان بووە مزگێنی ژیانێکی نوێ. بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلان بەرامبەر زیهنیەتی پیاوسالاری کە ماسکی داعشی پۆشیووە، تا ڕۆژی ئەمڕۆ تێکۆشانێکی بێ وێنە دەکات. بە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان سنوورەکانی دەوڵەت نەتەوە هەڵوەشانەوە و تەواوی گەلانی جیهان کە داخوازی ئازادی و یەکسانی دەکەن، بوونە یەک دڵ و یەک ڕۆح".

یەپەژە ئاماژە دەکات بە ڕۆڵی گەلی باکووری کوردستان لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان و دەڵێت: "هاوڕێیانمان بەروار و شیمال و ئارژین بەرامبەر سیستەمی قڕکەری تورک، هەڵوێستیان وەرگرت و بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەی ئازاد و دیموکراتیک، ڕوویانکردە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان".

هەروەها دەڵێت: " هاوڕێیانمان بەروار و شیمال و ئارژین لە بەرواری جیاواز لە هەڵمەتەکانی ڕزگارکردندا شەهیدبوون و چوونە کاروانی نەمرانەوە".

لەبارەی سێ شەهیدەکەوە دەڵێت: " هاوڕێمان حەلیمە یاشار بە ناسناوی بەروار دڵخواز، خەڵکی ناوچەی گەڤەری شاری جولەمێرگی باکووری کوردستانە. هاوڕێ بەروار لە ساڵی ٢٠١١ پەیوەندی بە ڕیزەکانی تێکۆشانی ئازادی کوردستانەوە کرد. لەگەڵ پێشکەوتنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، جێگای خۆی لە بەرەکانی جەنگی ڕۆژئاوای کوردستان گرت. هاوڕێ بەروار بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە بە ڕۆحی فیداکارییەوە تا کۆتایی، بە ئایدیاڵی بەرزی ژیانێکی ئازادەوە تێکۆشا. لە ساڵی ٢٠١٤ لە کاتی بەرگریکردن لە شکۆی گەلەکەی لە بەرەکانی تەل کۆچەر لە دژی چەتەکانی داعش شەهید بوو.

هاوڕێمان سورگون تاش، بە ناسناوی ئارژین مێردین، لە ساڵی ٢٠١٤ لە باکووری کوردستانەوە بە گیانی بەرپرسیارێتی نەتەوەییەوە پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەپەژە کرد. گەشتی هاوڕێ ئارژین بۆ ڕۆژئاوای کوردستان لە تەمەنێکی گەنجەوە دەستی پێکرد. هاوڕێ ئارژین ئەم ڕۆحە گەنجانەی لە هەر ساتێکی ژیانی پیشاندا. هەرچەندە کاتێکی زۆر کورت بوو، بەڵام ڕەنجێکی زۆری دا بۆ بەدەستهێنانی ئازادی گەلەکەی. بەم ئیرادەیە بەشداری هەڵمەتەکانی ڕزگارکردنی کرد و لە ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٦ لە دێرک پەیوەندی بە کاروانی نەمرانەوە کرد.

هاوڕێمان سەەڤی بەهار بە ناسناوی شیمال زیلان خەڵکی ناوچەی باشکالی وانە. وڵاتپارێزیی گەلی وان لە کەسێتی هاوڕێ شیمال بەڕوونی ڕەنگی دایەوە. داخوازی هەرە مەزنی هاوڕێ شیمال ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بوو، بۆ ئەمەش بەشداری ڕیزەکانی شۆڕش بوو. لە بەرەکانی شەڕ دژی چەتەکانی داعش جەنگا. بەرامبەر تاریکیی سەردەم بوو بە شەڕڤانێکی ڕووناکی کە نوێنەرایەتی یەکسانی و ئازادی دەکەن. هاوڕێ شیمال لە کاتی هەڵمەتی ئازادی هۆل، لە ٣ ی ئاداری ٢٠١٦ چووە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە".

یەپەژە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان و تەواوی گەلی کرد دەکات و دەڵێت: "بۆ مانەوەی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا، بەڵێنی مەزنکردنی تێکۆشان دووپات دەکەینەوە.

ناسنامەی هاوڕێیانی شەهیدمان بەم جۆرەیە:

ناسناو: بەروار دڵخواز

ناو و پاشناو: حەلیمە یاشار

ناوی دایک: نارنج

ناوی باوک: ڕەجەب

شوێن و کاتی شەهیدبوون: تەل کۆچەر/٢-١-٢٠١٤

 

ناسناو: ئارژین مێردین

ناو و پاشناو: سورگون تاش

ناوی دایک: فاتمە

ناوی باوک: جەعفەر

شوێن و کاتی شەهیدبوون: دێرک/ ١١-١-٢٠١٥

 

ناسناو: شیمال زیلان

ناو و پاشناو: سەڤگی بەهار یەڵدز

ناوی دایک: فەلەکناز

ناوی باوک: عەبدولباقی

شوێن و کاتی شەهیدبوون: هۆل/٣-٣-٢٠١٦".