ئێران "فەرماندەیی سوپای ناوەكیی" دامەزراندووە

بەشێک میدیاکانی رژێمی ئێران بڵاویانکردەوە، لە ئێران "فەرماندەیی سوپای ناوەکی" دروستکراوە.

لەگەڵ هەڕەشە ناوەكییەكانی روسیا و زۆر بوونی نیگەرانیەكان لەسەر ئاستی جیهاندا، ئێرانیش بۆ یەكەمجار باسی لە دامەزراندنی "فەرماندەیی سوپای ناوەكی" كرد.

ماڵپەڕی فەرمی و زمانحاڵی ئێران "ئیرنا" رۆژی دووشەممە ١٤ی ئادار بڵاویکردەوە: "ئەركی دەزگای فەرماندەیی سوپای ناوەكی، پاراستنی دامەزراوە ناوكییەكانی ئێرانە".

ئەوە لە کاتێکدایە، دەزگا ئەمنییەکانی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکەن "شانەیەكی تیرۆریستیان" دەستبەسەركردووە، كە "پەیوەستن بەئیسرائیلەوە" و خواستویانە بە ناوی "كارگەیەكی هۆهنگ كۆنگییەوە" خۆیان لە كارمەندێكی بەشی"IR6"  لە ناوەندی ناوەكی فۆردۆ نزیک بكەنەوە. وێستگەى ئەتۆمیی فۆردۆ لە نزیک قوم یەکێک لە گرنگترین وێستگە ئەتۆمییەکانی ئیرانە.

ئەو پێشهاتانە لە کاتێکدایە، کە لەم چەند ساڵەی دوایدا وێستگەى ئەتۆمیی نەتەنز و بەشێک لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان، ناوەندە موشەکییەکانی سوپای پاسداران و ژمارەیەک لە ناوەندە ئەمنی و سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران بۆردومانکراون، یان تەقینەوە تیایاندا روویداوە.

ژ.ت