سبه‌ینێ دووه‌مین قۆناغی گه‌مارۆدانی ئێران له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا ده‌ستپێده‌كات. به گوێره‌ی ئه‌م هه‌نگاوه هه‌موو ئه‌و وه‌ڵاتانه‌ی نه‌وت له ئێران ده‌كڕن، ده‌خرێنه ژێر ئه‌و گه‌مارۆیه.
باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق دۆگلاس سلیمان به‌ر له چه‌ند ڕۆژێك له لاپه‌ڕه‌ی خۆی له تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان باسی له ١٢ داواكارییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا كرد ده‌رباره‌ی گه‌مارۆی سه‌ر ئێران كه ٦ له‌و داواكارییانه په‌یوه‌ندی به هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه هه‌یه. تیایدا هاتووه، پێویسته ڕژێمی ئێران ڕێز له سه‌روه‌ریی حكوومه‌تی عێراق بگرێت و ڕێگه بدات كه میلیشیا شیعه‌كان ده‌ست له چه‌ك به‌رده‌ن و سه‌رله‌نوێ ڕێكبخرێنه‌وه له چوارچێوه‌ی هێزه‌كانی دیكه‌ی حكوومه‌تدا.
ده‌ستێوه‌ران له كاری ناوخۆ
له به‌رانبه‌ر لێدوانه‌كانی ناوبراودا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕی. ئه‌حمه‌د مه‌حجوب وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه و ڕایگه‌یاند، چه‌ند لێدوانێكی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا ده‌رباره‌ی گه‌مارۆی سه‌ر ئێران، په‌یوه‌ندییان به كاروباری ناوخۆی عێراقه‌وه هه‌یه.
ناوبراو ڕاشیگه‌یاند، به‌شێك له‌و لێدوانانه ده‌رباره‌ی ئاسایشی ناوخۆی عێراقن، ئه‌مه‌ش به مانای پێشێلكردنی ڕێزگرتن له سه‌ره‌وه‌ریی وه‌ڵاتانه كه بنه‌مای سه‌ره‌كیی قانوونی نێوده‌وڵه‌تییه. هه‌روه‌ها له هه‌ڵسوكه‌وتی دیپلۆماتی ناوه‌شێنه‌وه.
له ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه: «عێراق ده‌ستوه‌ردان له كاری ناوخۆیی، چاكسازیی ئاسایشی ناوخۆ و پێگه‌ی هێزه‌ئه‌منییه‌كان ڕه‌ت ده‌كاته‌وه. داوا له باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ین ئه‌و په‌یامانه بسڕێته‌وه و جارێكی دیكه دووباره‌ی نه‌كاته‌وه.»
s.m