كۆنگره‌ی دیالۆگی نه‌ته‌وه‌یی سووریا كه له شاری سۆچیی وه‌ڵاتی ڕووسیا به سه‌رپه‌رشتیی ڕووسیا ئه‌مڕۆ ( ٢٩ ژانوویه‌ی ٢٠١٨) ده‌ست پێده‌كات و سبه‌ینێش به‌رده‌وام ده‌بێت، ئێران و تورکیا بەشداری کارای تێدا دەکەن. هه‌ریه‌كه له ئەمەریکا، فەڕه‌نسا، بەرێوەبەرایەتیی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دێمۆكراتیی باکووری سووریا (ڕۆژئاوا) «هاوپه‌یمانه‌تیی نیشتمانیی سووریا» و «هەیئەی تەنسیقی سووریا» ڕایانگه‌یاند، بەشداری كۆبوونه‌وه‌ی سوچی نابن.
بەرێوەبەرایەتیی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دێمۆكراتیی باکووری سووریا ده‌رباره‌ی چۆنیەتی بەرێوەچوونی «کۆبوونەوەی سۆچی»، ڕەخنەی لە ڕووسیا گرت و ڕایگەیاند: ڕووسیا لە لایەکەوە ڕێگه‌ی بە تورکیا داوە هێرش بکاتە سەر عه‌فرین، لەلایەکی دیکەوە خۆی وەکو سەرپەرشتیاری چارەسەری قەیرانی سووریا پیشان دەدات.
خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی باکووری سووریا له‌و باره‌یه‌وه ڕایگه‌یاند: هەرچەندە ئێمە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی گەلانی سووریا تێدەکۆشین، کەچی هەمیشە لە گفتوگۆکانی ئاشتیی سووریا دوور دەخرێینەوە و وا وێناش دەکرێین کە هیچ پەیوەندییەکمان بە بارودۆخی سووریاوە نیە.
خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی باکووری سووریا ڕاشیگه‌یاندووه: وێڕای ئامادەباشیمان بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی سۆچی، دەوڵەتی تورکیا به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ڕووسیا ڕێگریان دروست کرد. هاوکات
ئەمڕۆ له كاتێكدا تورکیا هێرشی دڕندانە دەکاتە سەر گەلەکەمان، پرسیار لە سەر جدییەتی کۆبوونەوەی سۆچی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا دێنێتە پێشەوە. کاتێک کە خەڵکی عه‌فرین بۆردومان دەکرێت، مەحاڵە لە وەها کۆبوونەوەیەکدا رێگه‌ی چارەسەری بدۆزرێتەوە. ئێمە وەکو بەرێوەبەرایەتیی سیاسیی باکووری سووریا، بە پێداگیرییەوە ڕایدەگەیەنین کە وەکو لایەنێکی چارەسەری ئامادەین بەرپرسیاره‌تی و ئەرکەکانمان جێبەجی بکەین، به‌ڵام بە هیچ شێوەیەک قەبووڵ ناکەین کە دەست لە رۆڵی سیاسی و کاریگەرییە سەربازییەکەی باكووری سووریا وەربدرێت. سەپاندنی هەلومەرجی پێشوەختیش دەکەوێتە هەمان چوارچێوەیهوه. بڕوامان بە چارەسەریی ئاشتیانە هەیە و پشتگیریشی لێدەکەین، بێ ئەوەی کە تورکیا دەستی تێوەربدات.»
له درێژه‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی بەرێوەبەرایەتیی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دێمۆكراتیی باکووری سووریا هاتووه:
«داوا لە ڕووسیا دەکەین کە بە دوو فاقی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو بابەتەدا نەکات. لە لایەکەوە بە ڕاشکاوانە پشتگیریی دەوڵەتی تورکیا ده‌كات کە بە فرۆکە و هەموو جۆرە چەکێک پەلاماری گەلانی سووریا بدات، لەلایەکی دیكه‌وه بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەوڵی چارەسەری دەدات. هەروەها ناشێ گەلی کورد، عەرەب هەروەها ئێزدی، خریستیانی و عەلەوی رووبەرووی شەڕی پاکتاوکردن بکرێنەوە.»
خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی باکووری سووریا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه، گەلەکەمان لە عه‌فرین کراوه بە قوربانی ڕێكکەوتنە سیاسییەکەیان، کەچی وا خۆیان پیشان دەدەن کە ئامانجیان پاراستنی بەرژەوەندی گەلی سووریایە. لە پێناو چارەسەرییەکی ڕووكه‌شانه‌دا، بەشێکی ئەو گەلەیان کردۆته قۆچی قوربانی. ئەوەش وا دەردەخات کە هیچ ڕێگه‌یەکی چارەسەریی ڕاستەقینە بەدی ناکرێت، جگە لەو چارەسەرییەی کە بەسەر گەلدا دەیسەپێنن و لە دەزگه‌کانی ڕاگەیاندا بانگەشەی بۆ دەکەن. ئامانجەکەشیان تەنیا پاراستنی بەرژەوەندییەکانیانە.
ش. م