لە بەلوچستان هێرشکرایە سەر پاسێکى سوپاى پاسداران و ٢٠ کوژراوى لێکەوتەوە

قەرارگەى قودسی هێزی زەمینیى سوپاى پاسداران رایگەیاند، هێرشێکى خۆکوژی کراوەتە سەر پاسێکى هێزەکانیان. ئاژانسى هەواڵی ئێرانیش بڵاویکردەوە، لەو هێرشەدا بەلانیکەوە ٤٠ پاسدار کوژراون و بریندار بوون.

بەپێى راگەیاندراوێکى قەرارگەى قودسی هێزی زەمینیى سوپاى پاسدارانى ئێران هێرشەکە لە سنووری چانعەلی لەسەر رێگاى شاری خاش – زاهیدان لە پارێزگاى سیستان و بەلوچستان روویداوە.

هاوکات لەگەڵ ئەوەى قەرارگەى قودسی هێزى زەمینیى سوپاى پاسداران هۆکاری هێرشەکەى بۆ کردەیەکى خۆکوژی گەڕاندووەتەوە، بەڵام ئاژانسى هەواڵی فارس، کە نزیکە لە سوپای پاسدارانەوە هۆکاری تەقینەوەکەى پاسەکەى بۆ بۆمبێکى چێندراو لەسەر رێگاى پاسەکە گەڕاندووەتەوە.

لە راگەیانداوەکەى قەرارگەى قودسی سوپاى پاسداران دا ئاماژە بە ژمارەى کوژراوان و برینداران نەکراوە، بەڵام ئاژانسى هەواڵی کۆماری ئیسلامیى ئێران بڵاویکردووەتەوە، کە لەو هێرشەدا ٢٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ٢٠ کەسی تریش بریندار بوون.

بەگوێرى هەندێک لە سەرچاوەکانى تری هەواڵ، لەوهێرشدا ٤٣ کەس لە ئەندامانی سوپاى پاسداران کوژراون و بریندار بوون.

هێزەکانى جەیشول عەدل بەرپرسیارێتیى ئەو هێرشەى لە ئەستۆ گرتووە.

جەیشول عەدل رایگەیاندووە، هەموو سەرنشینەکانى ئەو پاسەى سوپاى پاسداران لەو هێرشەدا کوژراون.

ر.م