بەگوێرەی هەواڵی میدیاکانی عێراق، ئێوارەی دوێنێ لەگەڵ ئەوەی خۆپیشاندەران چەندین جار ویستوویانە بچنە ناو گۆڕەپانی تەحریرەوە کە یەکەم گۆڕەپانی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانە لە بەغدا و عێراق، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕوویان بونەتەوە و بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کردووە و زیاتر لە ١٠٠ خۆپیشاندەریش برینداربوون.
لە شاری ناسرییەی ناوەندی پارێزگای زیقاریش، دوێنێ ئێوارە خۆپیشاندەران ڕژانە گۆڕەپانی حبوب و بەهۆی دروستبوونی ئاڵۆزیش لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەئەمنییەکان سێ کەس بەهۆی بە کارهێنانی گوللـە و گازی فرمێسك ڕێژەوە کوژران و زیاتر لە ٤٠ کەسیش بریندار بوون.
بەردەوامی خۆپیشاندانەکانی بەغدا و بەشێک لە شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، لە کاتێکدایە چەند ڕۆژێکە باس لە ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سەرەکییەکانی عێراق دەکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان، کە بەپێی ئامارەکان تائێستا لە خۆپیشاندانەکاندا زیاتر لە ٣٢٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٥ هەزار خۆپیشاندەریش برینداربوون.
لە نوێترین هەڵوێستدا کۆشکی سپی ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی دۆخی عێراق بڵاوكردەوە و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق دەکات و رایدەگەیەنێت، کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران خۆپیشاندەرانی عێراق سەرکوت دەکەن.
کۆشکی سپی نیگەرانی خۆشی لەبارەی هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر خۆپیشاندەران و چالاکوانان و ڕاگەیاندنەکانی عێراق دەربڕیوە و ئاماژە بۆ ئەوەدەکات کە سەرەڕای توندوتیژییەکان و پچڕانی ئینتەرنێت، بەڵام دەنگی عێراقییەکان بۆ ئەنجامدان و چاکسازی لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەبیسترێت.
ف.ق