ئاسوری و سریانی لە ژێرهەڕەشەی تورکیادان

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە)، ئەنجومەنی سەربازی سریانی و هێزەکانی پاراستنی بەیت نەهرێن ڕایانگەیاند کە ژیانی ئاسوری و سریانییەکانی تەل تەمەر لەژێر هەڕەشە دان.

وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، کینۆ گابریەل، وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی ئاسوری ئەبژەر یەعقوب و وتەبێژی هێزەکانی پاراستنی ژنانی بەیت نەهرێنی سریانیان نیشا گەوری، کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیان لە بینای ئەنجومەنی سەربازی سریانی ناوچەی تەل تەمر بەڕێوە برد.

کینۆ گابریەل بە زمانی سریانی هێرشی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی داعش و نوسرە لەدژی ناوچەکانی باکوری سوریا، هاوپەیمانییەتی لەنێوان ڕوسیا و ئەمریکا و ڕووسیا و تورکیا تاوتوێ کرد.

هەروەها وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی سریانی ئەبژەر یەعقوب-یش قسەی کرد و وتی: "دوای ئەوەی دەوڵەتی تورک هێرشی کردە سەر ناوچەکانی باکوری سوریا کارەساتی زۆر گەورە ڕوویان دا، بە سەدان هاوڵاتی سڤیل کرانە ئامانج، شەهید و برینداریان کردن. لە هەمان کاتدا زیانێکی زۆریان بە ژێرخانی ناوچەکە گەیاندووە. وێرای ڕێککەوتن و هاوپەیمانی نێوان تورکیا- ڕوسیا و تورکیا- ئەمریکا، قەسەدە بەندەکانی ڕێککەوتنەکەی پێکهێنا و بەگوێرەی ئاگربەستەکە جولایەوە، بەڵام تا ئێستا دەوڵەتی تورک ئاگربەست پێشێل دەکات".

ئەبژەر یەعقووب لە درێژەدا وتیشی: "گەلی ئاشوری و سریانی لە گوندەکانی خابور لە تەل تەمر دەژین و ژیانیان لە مەترسی دایە و سەدان کەسیان لە ٢٠١٥ لە ئەنجامی هێرشەکانی داعش ئاوارە کران و بەشێکیشیان قەتلوعام کران. هێرشەکەی دەوڵەتی تورک لە ئێستادا قڕکردنی ئاشوری و سریانی دەکەنە ئامانج. داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، ڕووسیا و ئەمریکا دەکەین ئەو هێرشە بوەستێنن و بەرپرسیارییەتی دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان".

وتەبێژی هێزەکانی پاراستنی ژنانی بێت نەهرێن-ی ئاسورییەکان نیشا گەوری-یش وتی: "لە دژی گەل و ژنانی سریانی و ئاشوری سیاسەتی قڕکردن لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەڕێوە دەبرێت. کۆمەڵکوژییەکانی سیفۆ کە لە ١٩١٥ لە لایەن عوسمانییەکانەوە بەڕێوەچوو لەبیر نەکەین و لە ئەنجامی ئەوەدا زیاتر لە ملیۆن و نیوێک ئەرمەنی جینۆساید کران".

نیشا گەوری باسی لەوەش کرد کە هێرشی دەوڵەتی تورک ئەمڕۆکەش دەیەوێت هەمان کۆمەڵکوژی و جینۆساید بەڕێوە ببات و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "دوژمن بەردەوام ژنانی کردوەتە ئامانج و کوشتویانن، لە شوباتی ٢٠١٥ دیسان داعش گوندەکانی خابووری کردە ئامانج و ژنێکیان بەناوی ویداد داود و پێش چەند ڕۆژێکیش هەڤرین خەلەفیان بە شێوەیەکی دڕندانە کوشت. ئێمە وەکو هێزەکان پاراستنی بێت نەهرێن-ی سریان لە سەنگەرەکانی پێشەوەی شەڕدا دەبین بۆ ئەوەی هێرشەکانی تورک تێکبشکێنین و مەترسی سەر گەلەکەمان نەهێڵین".