ئه‌نجومه‌نی ژنانی سووریا تاوانه‌كانی توركیای له عه‌فرین ئاشكرا كرد
ئەنجومەنی ژنانی سووریا ئاشکرای كرد کە ١١٩ ژن لە عەفرین لە لایەن چەتەکانی سەر بە سوپای تورکیای داگیركه‌ره‌وه ڕفێندراون.
ئەنجومەنی ژنانی سووریا ئاشکرای كرد کە ١١٩ ژن لە عەفرین لە لایەن چەتەکانی سەر بە سوپای تورکیای داگیركه‌ره‌وه ڕفێندراون.
ئەمڕۆ ئه‌نجومه‌نی ژنانی سووریا كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانی لە هۆڵی پەیوەندییەدیپلۆماتییهكانی ته‌ڤگه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ی دیموكراتی - تەڤده‌م لە شاری قامیشلۆ-ی ڕۆژئاوای کوردستان ساز كرد. لینا بەرەکات، ڕێكخه‌ری گشتیی ئەنجومەنی ژنانی سووریا ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنەکەی ده‌رباره‌ی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا لە کانتۆنی عەفرین خوێندەوە.
لە ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه: سوپای تورکیا لە ٢٠ی كانوونی دووه‌می ئەمساڵ هێرشی ئاسمانی و زەمینی کردە سەر عەفرین و یەک ملیۆن هاوڵاتیی سووریای پەرێشان کرد، لەو هێرشەدا هاوڵاتیان و تەنانەت گۆڕی مردووەکانیشیان كرده ئامانج.
هه‌روه‌ها ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه ئاماژه‌ی بۆ هه‌وڵه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیای داگیركه‌ر كردووه بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای عه‌فرین.
«سوپای تورکیا بە ئاوارەکردنی خەڵکی عەفرین و جێگرکردنی خانەوادەی چەتەکانی سەربە تورکیا لە عەفرین، هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای هه‌رێمه‌كه دەدات، تا ئێستا نزیکه‌ی ٦ هەزار کەس لەوانەی لە غووتەی ڕۆژهەڵات هەڵهاتوون، لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە لە عەفرین جێگیرکراون، دەوڵەتی تورکیا بەنیازە عەفرین بکاتە ناوەندێک بۆ چەتەکان و تیرۆریستان. بۆ ئەو مه‌به‌سته‌ش هاوڵاتیانی عەفرین لە شوێنی ژیانیان ئاوارە دەکات.»
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ژمارەیەک لە تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین خراونه‌ته‌ڕوو، کە هەندێکیان بریتین له زۆرداریی ئه‌تنیکی، کۆمەڵکوژی، دەستدرێژی بۆ سەر مافەکانی ژنان، دادگایی‌کردن له دەرەوەی یاسا، بێڕێزیكردن بە تەرمی شەهیدان، تاڵانکردن و دەست بەسەرداگرتن، ڕووخاندن و تەقاندنەوەی پەرستگەکان، ڕفاندنی منداڵان، بەکارهێنانی چەکی قەدەغەكراو، تۆپبارانکردنی کاروانی هاوڵاتیان و چه‌ندین تاوانی دیكه.
هەروەها باس لە پێشێلکارییەکانی چەتەکانی سەر بە تورکیا لە دژی ژنان کراوە و تیایدا هاتووە: لە هێرشی سەر عەفرین-دا ژماره‌یه‌كی زۆری ژنان بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ زیانیان بەرکەوتووە. دەکرێت ئاماژە بە کوشتن، دەستدرێژیكردن و بازرگانیكردن بە ژنان بدرێت.
ئه‌نجومه‌نی ژنانی سووریا ڕاشیگه‌یاند، لە سەرەتای داگیرکردنی عەفرینەوە تا ئێستا ١١٩ ژن له لایه‌ن هێزه‌كانی داگیركه‌ره‌وه ڕفێندراون.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوهکەدا داوا له کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی کراوە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ مامه‌ڵه بكه‌ن و لە به‌رانبه‌ر ئەو دۆخەی تورکیا بەسەر عەفریندا سەپاندوویەتی، هه‌ڵوێستیان هه‌بێت.
s.m